Smiley face
Smiley face
Smiley face

هاوسه‌رۆکى که‌نه‌که‌: لە ئەمساڵدا کۆنگرەی نەتەوەیی ساز دەکەین

2018-01-02 10:57:08



ڕۆژنیوز - ستۆکۆڵهم

 

ڕێبوار ڕه‌شید، هاوسه‌رۆکى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان ڕایده‌گه‌نێت، که‌ له‌ساڵى 2017 دا کارى زۆریان ئه‌نجام داوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یانتوانى کارى زیاتر بکه‌ن، ده‌شڵێت: دەمانەوێت له‌ ئەمساڵدا کۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یى سه‌رتاسه‌ریى کوردستان و دواتر کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستین.

 

ڕێبوار ڕه‌شید، هاوسه‌رۆکى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان (کەنەکە)، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ڕۆژنیوزدا، تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر کار و چالاکیه‌کانیان له‌ ساڵى 2017دا و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى که‌ بۆ نزیکردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان داویانه‌، هاوکات باسى هه‌وڵه‌کانیان ده‌کات بۆ ئه‌نجامدانى کۆنگره‌ى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى و پلانه‌کانیان بۆ ساڵى 2018.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت بزانم پلانى کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان چییه‌ بۆ ساڵى 2018؟

 

"ساڵانه‌ پلانى گشتى داده‌نێین"

 

ڕێبوار ڕه‌شید: کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان ساڵانه‌ که‌ به‌رنامه‌ی خۆی داده‌نێت، هه‌موو پلانه‌کانی گشتین تایبه‌تی نین، هه‌ر جارێک که‌ کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کۆ ده‌بنه‌وه‌ چاو به‌و پلانانه‌ ده‌خشێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن تا چه‌ن به‌ره‌و پێش چووه‌، یاخود که‌م و کورتیه‌کانی چین و چۆن پێش بخرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی کوردستان و ناوچه‌که‌ زوو گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت، وه‌ پاشان له‌ کۆبونه‌وه‌ی کۆنسه‌ی به‌ڕێوبه‌ریدا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌موو پلانه‌کان ده‌کرێت.

 

-که‌واته‌ ئه‌و کارانه‌ى که‌ له‌ساڵى ڕابردوودا ئه‌نجامتان داون چین؟

 

"ده‌مانتوانى کارى باشتر بکه‌ین و ئه‌نجامى زیاتر به‌ده‌ست بهێنین"

 

ڕێبوار ڕه‌شید: ساڵی ٢٠١٧ کاره‌کانمان جۆراو جۆر بوون ئێوه‌ ده‌زانن ئامانجی که‌نه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌لی کورد به‌ هه‌موو پێکهاته‌ و مه‌زهه‌بێکه‌وه‌ له‌ هه‌ر جێیه‌ک بن یه‌کگرتوو و یه‌کهه‌ڵوێست بن، کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کراوه‌ که‌ حیزبه‌کانیش بێنه‌ لای یه‌ک، وه‌ پێویسته‌ ژنیش به‌شدارییه‌کی به‌رچاوی هه‌بێت و ئیتر لێدان و دورخستنه‌وه‌ نه‌بێته‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رامبه‌ر به‌شداری ژنان له‌ سیاسه‌ت و کار و خه‌باتدا، بەشگشتیی کاری باش کرا، بەڵام پێویستی به‌ ڕه‌خنه‌ داینه‌ که‌ نه‌مانتوانی کاری باشتر بکه‌ین، چونکە دەمانتوانی کاری باشتر بکەین و ئەنجامی زیاتر بەدەستبهێنین.

 

-دەتوانن چەند نمونەیەک لەو کارانە باس بکەن، کە کردووتانە؟

 

"کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەییمان ئەنجامدا"

 

له‌ مانگی ٧ چه‌ند کۆنفرانسێکی ڕاوێژمان ئه‌نجام دا له‌ باشوور که‌ گرنگیه‌کی زۆری هه‌بوو، بۆ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا و ئه‌وروپا هه‌مان کۆنفرانس به‌سترا، هه‌رچه‌نه‌ کۆنفرانسی ڕاوێژی باکور له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخی جیاوازه‌ جودا له‌وانی دیکه‌ ئه‌نجام درا، هەروەها  ژنانی که‌نه‌که‌ چه‌ندین کۆنفرانسیان گرتوه‌ وه‌ له‌ زۆربه‌ی کار و چالاکیه‌کانی ژناندا به‌شدار بوون، له‌ چوارچێوه‌ی خه‌باتی دیبلۆماسیدا چه‌ند جارێک سه‌ردانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا ژاپۆن کراوه‌، ئەمانە تەنیا نمونەیەکن.

 

-له‌ کاره‌کانتاندا زیاتر گرنگى به‌ چ چالاکییه‌ک ده‌ده‌ن؟

 

"ده‌بێت بزانین چ کار و چالاکیه‌ک پێویسته‌ بۆ کورد به‌ گشتی"

 

ڕێبوار ڕه‌شید: هه‌ڵبژاردنی جۆری چالاکیه‌کان کارێکی گرانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی بێ خزمه‌ته‌ و ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی هه‌بوون نه‌خراونه‌ته‌ خزمه‌تی گه‌له‌وه‌، خه‌باتی ڕزگارییخوازی گه‌لی کورد تا ئه‌م قۆناغه‌ تێرکه‌ر نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕووی سه‌ربازی و په‌روه‌رده‌وه‌ به‌ره‌و پێشچوونی باش هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووەته‌ ئاستێک که‌ بتوانێت به‌ هه‌زاران که‌س په‌روه‌رده‌ بکات، بۆیه‌ ده‌بێت بزانین چ کار و چالاکیه‌ک پێویسته‌ بۆ کورد به‌ گشتی، بۆ نموونه‌ کاتێک که‌ کۆنفڕنسێک بۆ کوردانی ئێزدی یان یارسان پێویسته‌ ده‌بێت به‌ زووترین کات ئه‌و کاره‌ ئه‌نجام بدرێت، له‌ کۆمه‌ڵکوژیی سه‌ر کوردانی ئیزدی له‌ مانگی ٨/٢٠١٤ که‌ ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش هێرشی کرده‌ سه‌ریان زۆر گرنگ بوو بایه‌خێکی تایبه‌تیان پێ بدرێت، چونکه‌ که‌وتبوونه‌ ژێر کۆمه‌ڵکوژیه‌کی گه‌وره‌وه‌، له‌ هه‌مان کاتتدا کوردانی فه‌یلی-ش له‌و چوارچێوه‌یا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌، ڕاسته‌ ئه‌وان له‌ ژێر کۆمه‌ڵکوژیدا نین، به‌ڵام سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ له‌سه‌ریان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت که‌ به‌ره‌ به‌ره‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت، بەو شێوەیە بەپێی کات چالاکییەکان دەگۆڕێت.

 

-تا چەند هەوڵتان بۆ نزیککردنەوەی پێکهاتەکان لە یەکتر داوە؟

 

"نزیککردنه‌وه‌ی پێکهاته‌کان کارێکی زۆر گرنگه"

 

-نزیککردنه‌وه‌ی پێکهاته‌کان کارێکی زۆر گرنگه،‌ چونکه‌ ده‌وڵه‌تانی خۆسه‌پێن و داگیرکه‌ر ساڵانێکی زۆره‌ له‌ کوردستان و ناوچه‌که‌ کارێکی وایان کردووه‌، که‌ شه‌ڕێکی مه‌زهه‌بی به‌رده‌وام بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌وڵمان دا له‌ ساڵی ٢٠١٧ دا کۆمه‌ڵێک سمینار ڕێکبخه‌ین، که‌ له‌ ڕووی په‌روه‌رده‌وه‌ باش بوو، هه‌ندێک کۆنفرانسمان به‌ست، بۆ نمونه‌ کۆنفرانسی هه‌ورامان ناسیی، هەروەها کۆنفرانسی فه‌یلیه‌کان-مان به‌ست له‌ په‌رله‌مانی یه‌کێتی ئه‌وروپا، پاشان کۆنفرانسمان له‌سه‌ر ئێزدی و کلتووری کوردیی به‌ گشتی کردووه‌، کۆنفرانسی دیکه‌ هه‌بوون له‌سه‌ر باکوری کوردستان و تورکیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پیشخستنی چاره‌سه‌ری دیموکراتیک.

 

-دیاره‌ له‌ ساڵى ڕابردوودا کار و چالاکى زۆرتان ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام هه‌ندێک له‌ کاره‌کانتان به‌ ته‌واو نه‌کراوى ماونه‌ته‌وه‌، ده‌مه‌وێت بزانم ئه‌و کارانه‌ چین، که‌ گرنگى پێده‌ده‌ن له‌ ساڵى ٢٠١٨دا؟

 

"ئێمه‌ بۆ ساڵی ٢٠١٨ لیستێکمان له‌ پلانی جۆراوجۆر ئاماده‌ کردووه‌"

 

ڕێبوار ڕه‌شید: ئێمه‌ بۆ ساڵی ٢٠١٨ لیستێکمان له‌ پلانی جۆراوجۆر ئاماده‌ کردووه‌، که‌ بریتین له‌ چه‌ندین کۆنفرانسی ڕاوێژ و سیمینار له‌ ناو یه‌کێتی ئه‌وروپا و کوردستان به‌ گشتی، به‌داخه‌وه‌ که‌ له‌ کوردستان بارو دۆخی سیاسی خێرا ده‌گۆڕێن له‌وانه‌یه‌ ناچار بین که‌ هه‌ندێک گۆڕانکاریی له‌و پلانانه‌ بکه‌ین، به‌ڵام پلانه‌کان به‌ گشتی ئه‌وه‌ن که‌ ئێمه‌ ئاماده‌کاریی بۆ کۆنفرانسێکی ڕاوێژی تایبه‌ت به‌ باشوری کوردستان بکه‌ین، کە  ٢٧،٢٨ ی مانگی ١ی ئەمساڵ ئه‌نجامى ده‌ده‌ین، زۆر به‌ گرنگی ده‌زانین که‌ چاره‌سه‌رێک بۆ باشوور بدۆزینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئاسته‌نگیش دێته‌ ڕێمان به‌ڵام هیوادارین که‌ له‌ کاتی خۆیدا کۆنفرانسه‌که‌ ئه‌نجام بدرێت.

 

-کەی کۆنفرانسی سه‌رتاسه‌ریى ڕاوێژی یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یه‌ى ده‌به‌ستن؟

 

"به‌ بۆنه‌ی دۆخی باشورى کوردستانه‌وه‌ کاته‌که‌ی نادیاره‌"

 

ڕێبوار ڕه‌شید: لە پلانی کاری ٢٠١٨ مان دایە و بە دڵنیاییەوە دەیبەستین، به‌ بۆنه‌ی دۆخی باشورى کوردستانه‌وه‌ کاته‌که‌ی نادیاره‌، هه‌روه‌ها به‌ته‌مای به‌ستنی کۆنگره‌یه‌کی کوردستانین که‌ ئامانجی به‌هێزکردنی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌، له‌م کاته‌دا هزری یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ نێوان هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستاندا دروست بووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌و ئاسته‌ ڕازی نین، کوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ر جیاوازیه‌کی ئایدۆلۆژی یا مه‌زهه‌بی جیاواز یان ناسنامه‌ی جیاواز پێویسته‌ یه‌ک دڵ و یه‌ک ده‌نگ بن و گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ ناسنامه‌یه‌کی گشتی کوردستانیدا بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌کانی تر وون بکه‌ین کۆ ببینه‌وه‌، جه‌خت له‌سه‌ر کوردستانێکی دیموکرات بکه‌ینه‌وه‌ که‌ پێکهاته‌کان خاوه‌نی ئۆتۆنۆمی سیاسی و ئابوریی و ئیداریی بن، یان وه‌ک کانتۆنی سه‌ربه‌خۆ یان وه‌ک یه‌که‌ی کۆنفیدراڵی سه‌ربه‌خۆ بتوانن کار بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌م شێوازه‌ تاکه‌ ڕێگه‌یه‌ که‌ بتوانێت سه‌رانسه‌ری کوردستان پێکه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌.

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin