Smiley face
Smiley face
Smiley face

مامۆستایانى هه‌ڵه‌بجه‌ داواى خه‌رجکردنى قه‌ره‌بووى مووچه‌که‌یان ده‌که‌ن

2018-01-02 13:38:14



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى

 

به‌شێک له‌مامۆستایانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گردبونه‌وه‌یه‌کدا داواى خه‌رجکردنى قه‌ره‌بووى مووچه‌ى ساڵى ٢٠٠٥-٢٠٠٦ ده‌که‌ن و نوێنه‌رى ئه‌و مامۆستایانه‌ ڕاشیدەگەیەنن: له‌په‌روه‌رده‌کانى تر ئه‌و قه‌ره‌بوه‌یه‌یان بۆ مامۆستایان خه‌رجکردووه‌ جگه‌ له‌په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌.

 

ئه‌مڕۆ، له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌، ژماره‌یه‌ک له‌مامۆستایانى هه‌ڵه‌بجه‌ گردبونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا و داوایان له‌به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ کرد ئه‌و قه‌ره‌بووه‌یه‌یان له‌گه‌ڵ مووچه‌کانیان پاشه‌که‌وت نه‌که‌ن و به‌ته‌واوى پێیان بدرێت.

 

هێمن محه‌مه‌د، به‌ناوى مامۆستایانى ئاماده‌بوو له‌کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌نوسیدا، ڕایگه‌یاند:"گردبووینەوە بۆ داواکارى مافى شه‌رعى خۆمان، وه‌کو ١٨٠ مامۆستاى دامه‌زراوه‌ له‌ساڵى ٢٠٠٥ - ٢٠٠٦ که‌ به‌مووچه‌یه‌کى که‌م و به‌سیستمێکى جیاواز و له‌سه‌رده‌مى دوو ئیداره‌یى دامه‌زراین و له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایی که‌ کۆمه‌ڵێک مامۆستا دامه‌زران به‌مووچه‌ى زیاتر له‌ئێمە دامه‌زران، بۆیه‌ به‌بڕیارێکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕه‌ پاره‌یه‌ک وه‌ک قه‌ره‌بووى ئه‌و مامۆستایانه‌ دانرا و له‌ساڵى ڕابردوودا ده‌ست به‌ دابه‌شکردنى کرا له‌ په‌روه‌رده‌کانى سلێمانى و سه‌یدسادق و شوێنه‌کانى تر، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائێستا په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و قه‌ره‌بووه‌یه‌ى بۆ خه‌رج نه‌کردووین".

 

هێمن، وتیشی:"وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و یه‌کێتى مامۆستایان و خودى په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌م کێشه‌یه‌ ئاگادارن، به‌ڵام په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و بڕه‌ قه‌ره‌بوویه‌مان بۆ به‌ستراوه‌ و له‌گه‌ڵ مانگى ١٠ پێمان ده‌درێت به‌پاشه‌که‌وته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش داواده‌که‌ین که‌ ڕازین مووچه‌کانى مانگى ١٠ و ١١‌ و ١٢ به‌پاشه‌که‌وت پێمان بدرێت، به‌ڵام ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ مافى شه‌رعى ئێمه‌یه‌ و ڕازى نابین بۆمان پاشکه‌وت بکرێت".

 

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: داواکارى خۆمان ده‌به‌ینه‌ لاى به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ و داواى خه‌رجکردنى ئه‌و قه‌ره‌بوه‌ ده‌که‌ین له‌زووترین کاتدا و بکرێته‌ لیستێک و به‌و مامۆستایانه‌ بدرێت و چیتر ناهه‌قى به‌رامبه‌ر مامۆستایانى هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌کرێت.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin