Smiley face
Smiley face
Smiley face

حکومه‌ت پێنج ساڵه‌ به‌ڵێنی دروستکردنی ماڵی حوسێن حوزنی موکریانی جێبه‌جێ نه‌کردووه‌ 

2018-01-04 12:14:35



ڕۆژنیوز ـ زاهیر ئیبراهیم   


پێنج ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر به‌ڵێنی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ دروستکردنی ماڵی حوسێن حوزنی موکریانی له‌ شارۆچکه‌ی ڕواندزی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر، که‌ بڕیار وابوو له‌سه‌ر هه‌مان خانووی پێشووی که‌ ده‌زگای چاپی لێدانابوو خانووه‌که‌ی بۆ نۆژه‌ن بکرێته‌وه‌ و بکرێت به‌ ناوه‌ندێکی ڕۆشنبیری، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ نه‌کراوه‌.


له‌ ساڵی ١٩٢٦ حوسێن حوزنی موکریانی مێژوونووسی کورد له‌ شاری حه‌له‌ب ده‌زگای چاپی هێناو له‌و خانووه‌دا، که‌ ده‌که‌وێته‌ سنورى شارۆچکه‌ی ڕواندز داینا و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی تێدا چاپ ده‌کرد، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئایاری ٢٠١٣ له‌لایه‌ن نوێنه‌ری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی، به‌ردی بناغه‌ی دروستکردنی ماڵی حوزنی بۆ ڕۆشنبیران دانرا، به‌ڵام پرۆژه‌که‌ به‌ پاساوی قه‌یرانی دارایی تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌.

 


ئیبراهیم بابان چالاکوانێکی دانیشتووی شارۆچکه‌ی ڕواندز بۆ ڕۆژنیوز  وتی: " هیوادارم جارێکی تر ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بیری به‌رپرسان بێته‌وه‌، چونکه‌ حوزنی موکریانی مێژوویه‌کی گه‌وره‌ی بۆ شاره‌که‌ نووسیه‌وه‌ به‌ هێنانی ده‌زگای چاپ و ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌ و گۆڤار، بۆیه‌ وه‌ستانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک جێی نیگه‌رانی ئێمه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ بڕیار دراوه‌ بۆ دروستکردنى ماڵى حوزنى، به‌ڵام تا ئێستا ماڵه‌که‌ دروست نه‌کراوه‌ و خانووه‌که‌ش خه‌ریکه‌ به‌ ته‌واوی ده‌روخێت".

 


  ئیبراهیم بابان وتیشی:" بوونی ماڵی حوزنی پاداشتێکی بچوکه‌ بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی حوزنی پێشکه‌شی شاره‌که‌ی کردووه‌ له‌ بواری ڕۆشنبیری و ڕۆژنامه‌وانی و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌ شاری ڕواندز  بایه‌خی خۆی هه‌یه‌، چونکه‌ ده‌بێته‌ ناوه‌ندێکی ڕۆشنبیری و هونه‌ری بۆ شارۆچکه‌ی ڕواندز که‌ گه‌نجان و ڕۆشنبیران ده‌توانن سودی لێوه‌رگرن بۆ ئه‌نجامدانی چالاکیه‌کانیان".


 له‌باره‌ی په‌راوێزخستنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، کوێستان ئه‌حمه‌د قائیمقامی شارۆچکه‌ی ڕواندز  بۆ ڕۆژنیووز وتی: "وه‌ک ده‌زانن ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌ر له‌ ده‌ستبه‌کاربوونی من  له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، نه‌ک ئه‌و پرۆه‌ژیه‌، به‌ڵکو زۆر پرۆژه‌ی تریش بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و که‌چی ڕاگیراوه‌ به‌هۆی قه‌یرانی دارایی".

 

 

کوێستان ئه‌حمه‌د وتیشی:" ئێمه‌ وه‌ک ئیداره‌ی شارۆچکه‌ى ڕواندز جارێکی تر داوا له‌ سه‌رووی خۆمان ده‌که‌ین بۆئه‌وه‌ی کار بۆ جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌که‌ بکه‌ن، که‌ پاڵپشتییه‌کی گرنگه‌ بۆ ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نووسانی ڕواندز".


حوسێن حوزنی موکریانی مێژوونوسى کورد، له‌ ساڵی ١٩٢٦ له‌ شاری حه‌له‌ب له‌ وڵاتی سوریاوه‌ ده‌زگای چاپخانه‌ی گه‌یانده‌ شارۆچکه‌ی ڕواندز و گۆڤاری (زاری کرمانجی) له‌و خانووه‌دا چاپ کرد، له‌سه‌ر داواکاریی ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆشنبیرانی شارۆچکه‌که‌ و که‌سوکاری حوسێن حوزنی موکریانی، ئه‌و خانووه‌ کۆنه‌ کڕرایه‌وه‌ و بڕیاردرا وه‌ک ماڵی حوزنی بۆ ڕۆژنامه‌نووسان به‌ دیزاینێکی مۆدێرن دروست بکرێت، به‌ڵام دوای پێنج ساڵ له‌ کڕینی خانووه‌که‌ که‌چی تا ئێستا کاری له‌سه‌ر نه‌کراوه‌ و به‌ڵێنه‌که‌ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin