Smiley face
Smiley face
Smiley face

به‌هۆی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌وه‌ زیاتر له‌ ٥٠٠ ملیۆن دینار زیان به‌ ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌یشتوه‌

2018-01-05 08:46:12



ڕۆژنیوز ـ جیهاد هه‌ورامی


به‌پێی ئاماره‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، به‌هۆی ڕوداوه‌کانی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌وه‌ له‌ ساڵى ٢٠١٧دا زیانی زیاتر له‌ ٥٠٠ ملیۆن دینار به‌ سروشت و ژینگه‌ی ناوچه‌که‌ گه‌یشتوه‌ و حاڵه‌ته‌کانی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ش له‌ چاو ساڵی ٢٠١٦ زیادیان کردوه‌.


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماری ساڵی ڕابردووی بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرا کرد و داوای دابینکردنی کارمه‌ند و چه‌ند پێداویستییه‌کی تایبه‌ت به‌ چالاکیه‌کانی کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌کانی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ى کرد.


نه‌قیب زانیار عومه‌ر، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ڕۆژنیوزی وت:" ئه‌و ڕووداوانه‌ی که‌ له‌ ساڵی ٢٠١٧ له‌سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمارمان کردوه‌ ٥٥٩ حاڵه‌تی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ بوه‌، که‌ ١٠٩ حاڵه‌تیان تایبه‌ت بوه‌ به‌ دوکان و خانوی ماڵان بوه‌، ٤١٠ ڕوداویش تایبه‌ت بوه‌ به‌ ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ له‌ دارستان و پوش و پاوان و باخه‌کانی سنوره‌که‌، دوو حاڵه‌تیش ئاگری ئۆتۆمبیل بوه‌، شه‌ش ڕوداوی لاوفاو و پێنج حاڵه‌تی بومه‌له‌رزه‌ش تۆمار کراوه‌، ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش له‌چاو ساڵی ٢٠١٦ زیادی کردوه‌ که‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌و ساڵه‌ ٢٩٥ ڕووداوی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ بوون".

 


وتیشی:"به‌هۆی ئه‌و ڕووداوانه‌وه‌ بڕی ٥٠١ ملیۆن و ٥٣ هه‌زار دینار زیان به‌ ژینگه‌ و سروشت و شوێنه‌ گشتییه‌کانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌یشتوه‌".


ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: له‌ ساڵی ٢٠١٧دا ٤٧٥ پشکنینمان بۆ شوێنی بازرگانی و بینای دوکانه‌کان کردوه‌ به‌ مه‌به‌ستی پێدانی مۆڵه‌تی کارکردن و هه‌بونی مه‌رجی به‌رگری شارستانی، که‌ له‌ چاو ساڵی ٢٠١٦ زۆر زیادی کردوه‌، چونکه‌ له‌و ساڵه‌دا ١٧٢ پشکنینمان ئه‌نجام داوه‌.


وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، باسی له‌وه‌ش کرد: ماوه‌ی ساڵێک ده‌بێت که‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگری شارستانی سلێمانی دابڕاوین و هیچ په‌یوه‌ندیه‌کمان پێیانه‌وه‌ نه‌ماوه‌ و بوینه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام هێشتا له‌ ڕووی کارمه‌نده‌وه‌ پێویستمان به‌ دامه‌زراندنی کارمه‌ندی نوێ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دابینکردنی چه‌ند ئامێرێکی پێویست به‌ چالاکیه‌کانمان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ڕووداوه‌کانی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین جاریش داوامان کردوه‌ به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی تائێستا بۆمان جێبه‌جێ نه‌کراوه‌.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin