Smiley face
Smiley face
Smiley face

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری شاره‌زوور گیرۆده‌ی چه‌ندین کێشه‌ بووه‌

2018-01-05 12:57:43



ڕۆژنیوز - هاوکار مسته‌فا


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری شاره‌زوور به‌ده‌ست چه‌ندین کێشه‌ و گرفته‌وه‌ گیرۆده‌ بووه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌ش ده‌ڵێت" له‌ ڕێگه‌ی هه‌ندێک به‌رپرسی نه‌شاره‌زاوه‌ کار بۆ ئیفلیجکردنی کار و چالاکییه‌کانمان ده‌کرێت".


به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆشنبیری و هونه‌ری شاره‌زوور ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات سه‌ره‌ڕای دابینکردی بڕێکی زۆر پاره‌ بۆ ئه‌نجامدانی چالاکییه‌ هونه‌رییه‌کان له‌ شار و شارۆچکه‌کانی سنووری سلێمانی، "به‌ڵام له‌ دابینکردنی ئه‌و بودجه‌یه‌دا جیاوازییه‌کی زۆر ده‌کرێت و شاره‌زوور بێبه‌ش کراوه‌".


مه‌ریوان تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆشنبیری و هونه‌ری شارۆچکه‌ی شاره‌زوور به‌ ڕۆژنیوزی وت: به‌ بیانووی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشبیری ئاماده‌ نییه‌ هیچ بڕه‌ بودجه‌یه‌ک بۆ ئه‌نجامدانی چالاکییه‌ هونه‌ری و ڕۆشنبیرییه‌کانی سنوره‌که‌ ته‌رخان بکات، ئه‌وه‌شی کردومانه‌ له‌سه‌ر ئه‌رکی چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی هونه‌ردۆست ئه‌نجام دراوه‌، له‌کاتێکدا ته‌نها له‌ساڵی ڕابردوودا زیاد له‌ ٣٠ چالاکی و ڤیستیڤاڵ و کاری هونه‌ریمان ئه‌نجامداوه‌، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی فه‌رامۆش کراوین هیچ فه‌رمانبه‌رێکی پسپۆڕ بۆ به‌شه‌ جیاوازه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌مان دانه‌مه‌زراوه‌.

 


ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: حکومه‌ت له‌بری ئه‌وه‌ی بیر له‌ فراونترکردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کان بکاته‌وه‌ و چالاکتریان بکات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی چه‌ند به‌رپرسێکی نه‌شاره‌زاوه‌ هه‌وڵده‌درێت کاروچالاکییه‌کان به‌ره‌و ئیفلیج بوون ببرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جیاوازییه‌کی زۆر ده‌کرێت له‌ خه‌رجکردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ بۆ پایته‌ختی ڕۆشنبیری ته‌رخانکراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی کاروچالاکییه‌کان، به‌ جۆرێک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری هه‌یه‌ ته‌نها بۆ یه‌ک چالاکی بڕی ٢٠ ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانکراوه‌ به‌ڵام ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌رکی خێرخوازان و ڕۆشنبیران کاره‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ین.


له‌لایه‌کى تر په‌یام حازم، یه‌کێک له‌ چالاکانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ شارۆچکه‌ی شاره‌زوور به‌ ڕۆژنیوزی وت: جێگه‌ی داخه‌ که‌ له‌ سنوورێکی به‌رفراواندا ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کی ڕۆشنبیری هه‌یه‌، که‌ گه‌نجان و چالاکوانان سودی لێوه‌ربگرن، به‌ڵام له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ فه‌رامۆشکراوه‌ و وه‌ک پێویست ئاوڕی لێنادرێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ ئه‌و کار و چالاکیانه‌ی که‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری شاره‌زوور پێی هه‌ڵده‌ستێت له‌ ئاست پێویستدا نه‌بن.

 


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: جیگه‌ی خۆیه‌تی که‌ حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری زیاتر ئاوڕ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری شاره‌زوور بده‌نه‌وه‌، چونکه‌ له‌م سنووره‌دا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ گه‌نجان به‌ کوڕو کچه‌وه‌ ئاره‌زووی کاری هونه‌ری و ڕۆشنبیری ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر لایه‌نێک نه‌بێت ده‌ستیان بگرێت ناتوانن کاره‌که‌یان وه‌ک پێویست ئه‌نجام بده‌ن.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin