ڕۆژنیوز - سەمیرا شەهابی
ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بە ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی بە مەشغەڵ لە شاری سلێمانی، کۆمەڵکوژییەکەی پاریس-یان شەرمەزارکرد، کە تیایدا سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهیدکران.
کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، گردبوونەوەیەکیان لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) ئەنجامدا، تیایدا تیرۆری سێ ژنە شۆڕشگێری کورد ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزیان شەرمەزارکرد.
لە گردبوونەوەکەدا، ڤینۆس پێنجوێنی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بەیاننامەی ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو:"شەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی سێ ژنە شۆڕشگێڕ لە پاریس شەرمەزار دەكەین، ئاشکرایە کە ئامانجی دوژمنان لە تیرۆر كردنی ئەو سێ ژنە نیشتمان پەروەرە، تیرۆركردنی هەموو ژنانی ئازادیخواز بووە.
ئەوەش هاتبوو:"تیرۆرکردنی پێشەنگی ژنانی ئازاد شەهید ساکینە، بەردەوامی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان بوو و ئامانجی سەرەکییان لە ناوبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بوو، چونکە شەهید ساکینە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پەکەکە.
لە بەشێكی دیکەی بەیاننامەکەدا، هاتبوو: سەرۆك ئاپۆ تێكۆشانی ساكینە جانسز-ی به تێكۆشانی ژن ناوبردووه، دژی دەسەڵاتداری، تێكۆشانی كۆمەڵگەی ئازادە، بۆ ئەوەش ئەو هەڤاڵانە بوونە ئامانجی هێرشی دەسەڵاتداری داگیركەر.
لە کۆتاییی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر-دا، هاتبوو: هەریەک لە کەسایەتییەکان ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان پێشەنگی ژنانن و ئێمەش وەك ژنانی گەنجی تێكۆشە بە ڕێبازی شەهید ساکینە، تێكۆشانی خۆمان فراوان دەكەین و تا كۆتا هەناسە بۆ تۆڵەكردنەوەی شەهیدانی پاریس لەناو كار و چالاكیدا دەبین.
ب.ل