Smiley face
Smiley face
Smiley face

زیاتر لە چوار مانگە پەیکەرەکانی هەڵەبجە بە شکاوی ماونەتەوە

2018-01-08 10:35:35



ڕۆژنیوز- هاوکار مستەفا


دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر شکاندنی چەند پەیکەرێک لە شاری هەڵەبجە لەلایەن کەسێکەوە، بەڵام هێشتا ئەو پەیکەرانە بە شکاوی ماونەتەوە، سەرۆکی شارەوانیش ڕایدەگەیەنێت، کە بوودجەی پێویست لە بەردەستدا نیە بۆ دووبارە دروستکردنەوەیان.


لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ١١ پەیکەر بۆ کەسایەتییەکانی هەڵەبجە دروستکراون، بەڵام چوار مانگ پێش ئێستا لەلایەن هاوڵاتییەکەوە هەردوو پەیکەری شەهید (ئەنوەر عەبدولڕەحمان) کە یەکێک بوو لە ئەندامانی ڕێکخستنە نهێنییەکانی یەکێتی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و لەگەڵ پەیکەری (مامۆستای نەناسراو) کە ئەویش هێمایە بۆ ئەو مامۆستایانەی لە کیمیارانی هەڵەبجە شەهیدکران، شکێندران، هەتا ئێستاش نۆژەن نەکراونەتەوە.


نوسەیبە میرزا، چالاکوانی مەدەنی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: جێگەی داخە کە ماوەیەکی زۆر تێدەپەڕێت بەسەر شکاندنی دوو پەیکەری گرنگی ناو شاری هەڵەبجە، کە دەبوو بە ماوەیەکی زۆر کەم نۆژەن بکرانایەنەتەوە، بەڵام دوای چوار مانگ هێشتا هەر بە شکاوی ماونەتەوە.

 


ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بوو کە دەبوو هەرزوو خەمی پەیکەرەکانی ناو شاری بخواردایە و ئەو پەیکەرانەی کە زۆربەیان ماوەیەکی زۆرە دروستکراون سیمای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستداوە نۆژەن بکرانایەتەوە، هەروەها ئەو دوو پەیکەرە شکاوەش چاکبکارانایەتەوە و ژمارەیەک پەیکەری دیکەش لە هەندێک شوێنی هەڵەبجەدا دروستبکرێن کە گوزارشتبن لە مێژووی ئەم شارە.


ئەو چالاکوانەی شاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشدا: شکاندنی پەیکەرەکانی هەڵەبجە بە واتای شکاندنی مێژووی شاری هەڵەبجە دێت، بۆیە دەبێت بەهەموو لایەک ڕێگری بکەین لە دووبارەنەبوونەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە.


لای خۆیەوە کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەو کەسەی بەو کارە هەستا دوای نزیکەی مانگێک بەندکردنی لە ئێستادا بە کەفالەت ئازادکراوە، بەڵام هێشتا دۆسیەکەی دانەخراوە و ئێمەش چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگا دەکەین، هەروەها لەلایەن بنەماڵی شەهید ئەنوەر-ەوە پێمان ڕاگەیەنراوە کە جارێکی تر پەیکەرەکە دروستکراوەتەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا و لە مەراسیمێکدا دووبارە پەیکەرەکە دادەنێینەوە.

 


سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە وتیشی: وەک شارەوانی هیچ بڕە بوودجەیەکمان لەبەردەستدا نییە بۆ دروستکردنی پەیکەری نوێ و نۆژەنکردنەوەی پەیکەری مامۆستای نەناسراو، بەڵام بەو پێیەی کە هەر لە سەرەتاوە ئەو پەیکەرە لەسەر ئەرکی (مەلابەختیار) دروستکراوە هەر بە تەمای ئەویشین دووبارە نۆژەنی بکاتەوە، بۆیە لە ئێستادا پەردەیەکمان بەسەر پەیکەرە شکاوەکەدا داوە تا ئەوکاتەی نۆژەندەکرێتەوە.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin