Smiley face
Smiley face
Smiley face

​پڕۆژەیەكی گەشتیاریی لە شوێنەوارێکی مێژوویی هەورامان دروست دەكرێت

2018-01-10 10:49:03



ڕۆژنیوز - جیهاد هەورامی

 

پڕۆژەیەكی گەشتیاری بۆ ناساندن و ئاشناکردنی بە گەشتیاران، لە شوێنەوارێکی مێژوویی ناوچەی هەورامان دروست دەكرێت، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجەش دەڵێت: لەقۆناغی یەكەمدا بەدروستكردنی قادرمە (پلیکان) گەشتیاران دەتوانن بگەنە شوێنەکە، هاوکات بۆ حەسانەوە و پشودانیش، بە درێژایی قادرمەكان چەندین خزمەتگوزاریی وەك كۆشك دروست دەكرێن.

 

قەڵای خان ئەحمەدخان، بەشێكە لەقەڵای دێرینی زەڵم، دەكەوێتە نێوان هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و سەرچاوەی ئاوی زەڵم، لە شارەدێی خورماڵی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی سەختی شوێنەكە و بەرزیی قەڵاكە، گەشتیاران وەك پێویست نەیانتوانیوە سەردانی ئەو شوێنە بکەن و لە نزیکەوە شوێنەوارەکە بیبینن.

 

 

لە کتێبی مێژوویی شەرەفنامەدا هاتووە، بنەماڵەی ئەردەڵان لە سەرەتادا لە دەشتی شارەزوور جێگیر بوون، قەڵای زەڵمیش لەسەر دەستی بابا ئەردەڵانەوە بونیات نراوە لە ساڵی ٦٥٤ی کۆچی - ١١٥٨ی زاینی، لەو کاتەدا وەکو بنکەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئەردەڵانییەکان بووە کە لە لایەن ناسرەدین شا لە سالی ١٢٨٤ کۆتایی بە حوکمدارییەکەیان هێنراوە.

 

شوێنەواری ئەو قەڵایە ئێستا بەشێکی ماوە کە بریتییە لە شوورایەكی درێژ و پان کە تایبەت بووە بە شورەی چواردەوری قەڵاکە و تا ئێستاش ئاسەواری چەند بەشێكی ئەو شورەیە ماوە، هەروەها بەدووریی چەند سەد مەترێك لەسەر ئاستی ڕێڕەوی ئاوی زەڵم، چەند ژوورێك لەناو جەرگەی چیاكەدا هەیە و هەڵكوڵدراوە، دەوترێت کە ئەو شوێنە شوێنی مانەوەی خان ئەحمەدخان خۆی بووە.

 

 

بەهۆی ئەوەی کە شوێنی قەڵاکە لەسەرئاستی زەویشەوە چەند مەترێك بەرزرە، كەس نەیتوانیوە بەئاسانی بگاتە ئەو شوێنە، تەنها لەڕێگەی پلیكانە یاخود خۆ شۆرکردنەوە بە پەت خۆیان گەیاندۆتە ناو ژوورەکان.

 

لەبەردەم قەڵاكە، حەوزێكی ئاو هەیە، تائێستاش ئاوی لێ‌ هەڵدەقوڵێت، لەو سەردەمە بۆ خواردنەوە و پێداویستی تر بەكارهاتوە، لەبەشەكانی سەرەوە و خوارەوەی قەڵاكەش، ئاسەواری چەند سەكۆیەك ماوە كە شوێنەواری قوڵاغی پاسەوان و چاودێریی بووە لە دەوروبەری قەڵاکە، كە زۆر بەئاسانی چاودێریی چواردەوری قەڵاکە و ناوچەكە کراوە، ئەمەش دیارە بۆ ئاگاداربوون بووە لە مەترسیی هێرش و پەلاماری دوژمنانیان، بۆ ئەوەی پێش گەیشتنی سوپای دوژمن، سوپای خان ئەحمەدخان ئامادەكاریی بكات.

 

 

ئیبراهیم حاجی زەڵمی، ماستەر لەكۆمەڵناسی و مامۆستایەكی بەشی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی هەڵەبجەباس لە گرنگی ئەم قەڵایە دەكات كەپایتەخت و شوێنی گەورەترین میرنشینی كوردی بووە كە دەسەڵاتێكی بەرفراوانی هەبووە هەر لە موسڵەوە تا سنە و سەقز و بانە، بەواتای حوكمڕانی زۆرێك لەناوچەكانی باشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی کردووە، لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت:"دووبارە ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بەشێوەی ئەكادیمی و زانستیانەی ئەو سەردەمەی خۆی، گەڕانەوەیەكی مێژووییە بۆ ئەو سەردەمە و چۆنیەتی سیاسەت و فەرمانڕەوایەتی ئەو سەردەمەی كورد، بۆیە نابێت دروستكردنی پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئەم قەڵایە لەسەر بنەمای ئابوریی و بابەتێكی سەرمایەداری بێت، دواجار زیان بەو ئاسەوار و قەڵا و مێژووە دێرینەی ناوچەكەمان بگات".

 

 

لە بەرگی دووەمی کتێبی ئینسکلۆپیدیای شار و شوێنەوارەکانی عێراقدا، هاتووە"لە ساڵی ١١٣٧ی زاینیش، سوڵتان سلێمانی قانونی، حاکمی ئامێدی نارد بۆ ئەوەی شارەزوور داگیر بکات، بەڵام ئەردەڵانییەکان لە قەڵاکەیانەوە لە خورماڵ کە ئەو کاتە پێی دەوترا (گولعەنبەر)، هێرشەکەیان تێکشکاند، پاشان شاعەباسی سەفەوی ئەو قەڵایەی وێران کرد، دواتر لە سەردەمی هەڵمەتی خەسرەو پاشای ئەردەڵان بۆ سەر فارسەکان، جارێکی دیکە ئەو قەڵایە نۆژەن کرایەوە لە ساڵی ١٦٣٠ زاینی.

 

لەلایەكی تریشەوە سامان كەریم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لەبارەی دروستكردنی پڕۆژەكە، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"بەمەبەستی گرنگیدان بە لایەنی گەشتوگوزاری ناوچەكە، بەهاوكاری وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار و دەستەی گشتی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی، پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای خان ئەحمەد خان بخەینە بواری جێبەجێ‌ كردن، لەسەر داهاتی لە 20%ی گەشتیاری كە نزیكەی 100 ملیۆن دینار دەبێت و ماوەیەكە دەستمان بە پڕۆژەكە كردوە و هەوڵ دەدەین لەزووترین كاتدا كۆتایی پێ‌ بهێنین".

 

 

سامان، وتیشی:"قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكەمان بریتییە لە دروستكردنی ڕێگایەك لەپلیكان بۆ گەیشتن بەقەڵاكە بۆ ئەوەی گەشتیار بەئاسانی سەردانی قەڵاكە بكات كەپێشتر ئەو دەرفەتە نەڕەخسابوو، لەگەڵ دروستكردنی چەندین بەشی خزمەتگوزاری و كۆشك بۆ حەوانەوە و پشودانی گەشتیاران كاتێك دەچنە سەرەوە".

 

هەروەها وتیشی:"لەقۆناغی داهاتوودا هەوڵ دەدەین چەند خزمەتگوزارییەكی تری بۆ زیاد بكەین، بەتایبەت سەوزكردن و دروستكردنی چەند پەیكەرێك لەكەسایەتیە مێژووییەكانی ناوچەكە و پەیوەندیدار بە مێژووی قەڵاكە، لەگەڵ دروستكردنی گوندێكی گەشتیاریی".

 

 

ئەوەشی ڕوونكردەوە:"بۆ ئەوەی بتوانین وەك پێویست و بەدروستی هەمان نەخشە و شێوازی كۆنی قەڵاكە دروست بكەینەوە، داوای هاوکاریمان لە بەشی شوێنەوار و چەندین مامۆستای زانكۆی پسپۆڕ لەبواری مێژوو و شوێنەوارمان کردووە و بانگهێشتمان كردون بۆ ناو پڕۆژەكە، بۆئەوەی زانیاریان لێ‌ وەربگرین لەكاتی جێبەجێ‌ كردنی پڕۆژەكەدا، ئەمەش دەبێتە زیاتر ڕاكێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەكە، بەتایبەت لە پڕۆژە گەشتیاریی و مێژووییەكان كە ساڵانە چەندەها گەشتیاری لەوڵاتە جیاوازەكانی جیهان ڕووی تێدەكەن".

 

بەپێی پەیماننامەی زەهاو لە ساڵی ١٦٣٩ی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی، دەسەڵاتی ئەو میرنشینە کۆتایی پێهێندراو خان ئەحمەدخان و سوپاكەی و دارودەستەكەی دوردەخرێنەوە بۆ ناوچەكانی موسڵ و دەوروبەری و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ کران، لەو کاتەوە کەوتە ژێر قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان، لەو کاتەوە ئیدی بووە بەشێک لە عێراق و کەوتە ژێر حوکمداریی حەسەن پاشای والی بەغدا، دواتر کەوتە ژێر کۆنترۆڵی میرنشینی بابانەکان.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin