Smiley face
Smiley face
Smiley face

زۆرترین و كەمترین مووچە لە بەدواداچوونێكی ڕۆژنیوزدا

2018-01-11 10:35:05



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

خۆشگوزەرانی بەرپرسانی ئەم هەرێمە وای كردووە، ئەو پرسیارە لای هاوڵاتیان دروست ببێت كە مووچەی بەرپرسان دەبێت چەندبێت؟، هەرچەند خۆش گوزەرانی بەرپرسەكان پەیوەندی بە بڕی مووچەكانیانەوە نییە، بەڵام لەم بەدواداچووندا زۆرترین مووچەو كەمترین مووچە لە هەرێمدا دیاری دەکەین.

 

كارێكی ئاسان نییە بە دروستی بزانیت مووچەی بەرپرسانی پلە باڵای هەرێمی كوردستان چەندە، لەبەر دوو هۆكار، یەكەم لەبەر نەبوونی زانیاری و داتای دروست لەبەردەستی خەڵكی كوردستان و ڕۆژنامەنووساندا، دووەم لەبەرئەوەی ئەو ژیانەی بەرپرسان دەیگوزەرێنن بەرامبەر نییە لەگەڵ ئەو مووچەیەی كە وەری دەگرن، بۆیە هەمیشە بڕی مووچەكانیان نا ڕۆشنن.

 

ڕۆژنیوز بۆ ئامادەكردنی ئەم بەدواداچوونە پەیوەندی كرد بە سەرۆك و جێگرەکەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و دارایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، جگە لە وەزارەتی دارایی، هەموو سەرچاوەكانی تر وەڵامی پەیوەندیەكانیان داینەوە، ئەوەی بەدەستمان هێنا بەم شێوەیە بوو.

 

بەرزترین مووچە لە هەرێمی كوردستاندا مووچەی سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەرییە، كە مووچەكانیان بریتییە لە ١٠ ملیۆن دیناری عێراقی.

 

لە دوای ئەوان مووچەی وەزیر و ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دێت، كە بریتین لە هەشت ملیۆن دیناری عێراقی.

 

دواتر مووچەی جێگری وەزیر و پارێزگارەكان دێت، كە بریتییە لە مووچەی چوار بۆ پێنج ملیۆن دینار مانگانە.

 

لە دوای ئەوان مووچەی بەڕێوبەری گشتی و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان دێت، كە مووچەكەیان بریتییە لە دوو ملیۆن و 700 هەزار دیناری مانگانە.

 

مووچەی خانەنشینی پلە تایبەتەكان كە وەزیر و پەرلەمانتار و بەڕێوبەری گشتی و پلە بەرزە سەربازیەكان دەگرێتەوە، لە 940 هەزاری مانگانەوە دەست پێدەكات بۆ شەش ملیوۆن دیناری مانگانە.

 

لەخوار هەموو مووچە خۆرانەوە، مووچەی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت دێت، كە بریتییە لە 150 هەزار دیناری مانگانە، ئەمەو موچەی ئەوانەی لە ژێر چاودیری کۆمەڵایەتیدا مووچە وەردەگرن ٦٠ هەزار دیناری مانگانەیە.

 

لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی، كە نایەكسانی مووچە لە هەرێمی كوردستاندا بە شێوەیەكە، کە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ٦٧ جار مووچەكەی لە كەمئەندام و خاوەن پێداویستیەكی تاییبەت زیاترە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin