Smiley face
Smiley face
Smiley face

کۆمه‌ڵه‌یه‌ک هه‌وڵده‌دات خوێنه‌ر به‌ کتێب ئاشنا بکات

2018-01-12 16:01:19



ڕۆژنیوز ـ هاوار ستار


کۆمه‌ڵه‌یه‌ک به‌ ناوى کۆمه‌ڵه‌ى دۆستانى کتێب له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک گه‌نجه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ "ئامانجى ئاشناکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌ کتێب و خوێندنه‌وه‌".


ئه‌مڕۆ له‌ به‌شێک له‌ شار و شارۆچکه‌کانی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ شاری که‌رکوکیشه‌وه‌ (کۆمه‌ڵه‌ی دۆستانی کتێب) بە سەرپەرشتی ناوەندی ئەندێشە ڕاگه‌یه‌ندرا، ئامانج له‌ دروستکردنی کۆمه‌ڵه‌که‌ ئاشناکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌ به‌ کتێب و تاوتوێکردنی کتێبه‌کان له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا.


ڕێباز سه‌باح نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی دۆستانی کتێب بۆ ڕۆژنیوز وتی: "ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ ٣٥ شار و شارۆچکه‌ی هه‌رێم دروستکراوه‌ و نزیکه‌ی ١٠٠٠ خوێنه‌ر له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز کۆده‌کاته‌وه‌، له‌ شاری که‌رکوکیش کۆمه‌ڵێک گه‌نجی خۆبه‌خش ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ له‌ یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ که‌ له‌ بینای که‌رکوک سه‌نترۆم ئه‌نجامدرا، ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌که‌ به‌شداربوون و ڕێکاره‌کانیان بۆ ڕوونکرایه‌وه‌".

 


وتیشی: "ئامانجی سه‌ره‌کی ئێمه‌ له‌ دروستکردنی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی وا بۆ ئه‌وه‌یه‌ چۆن بتوانین په‌ره‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ بده‌ین و خوێندنه‌وه‌ به‌ کلتور بکه‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین زۆرترین که‌س بهێنینه‌ نێو ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌وه‌ تا خه‌ڵک به‌رده‌وام بێت له‌ خوێندنه‌وه‌ و له‌ شتی لابه‌لا دوورکه‌وێته‌وه‌".


نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی دۆستانی کتێب له‌ که‌رکوک رونیکرده‌وه‌: "دوو هه‌فته‌ جارێک له‌ ناوه‌نده‌وه‌ کتێبێکمان بۆ ده‌ستنیشان ده‌کرێ که‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى کۆمه‌ڵه‌که‌ى لێیه‌ ده‌یخوێنینه‌وه‌ له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ و دواتر به‌ نوسین له‌سه‌ر ئه‌و کتێبه‌ ده‌نوسین و له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی بڵاویده‌که‌ینه‌وه‌ تا بیروڕای سه‌رجه‌م خوێنه‌ره‌کانمان له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ وه‌ربگیرێت".


باسی له‌وه‌ش کرد: "ساڵانه‌ که‌ کۆرسی یه‌که‌می خوێندنه‌وه‌ ته‌واو ده‌بێت ١٠٠ نوسین له‌ باشترین نوسینه‌کانی خوێنه‌ره‌کانمان کۆده‌که‌ینه‌وه‌ و ده‌یکه‌ین به‌ کتێبێک و به‌ تیراژی ١٠٠٠٠ دانه‌ له‌سه‌ر ئه‌رکی ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ئه‌ندێشه‌ چاپده‌کرێت و به‌ خۆڕاییش ده‌درێته‌وه‌ به‌و که‌سانه‌ی له‌ کۆمه‌ڵه‌که‌ نوسینیان هه‌یه‌ و به‌شداربوون".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin