Smiley face
Smiley face
Smiley face

سەنتەری میترۆ: پێشێلکارییەکان لەدژی ڕۆژنامەنووسان زیادی کردووە

2018-01-13 13:09:14



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد

 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای دەکات کە لە ساڵی ڕابردوودا پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان زیادیان کردووە، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، لایەنی جێبەجێکار بە یاسای کۆن مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەکات و دەیانترسێنێت.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە ھۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی، ئاماری ساڵی ٢٠١٧ی پێشێلکارییەکانی دژی ڕۆژنامەنووسانی خستەڕوو.

 

لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، دیاری حاجی محەمەد، وەک ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بە میدیاکان ناسێندرا، پاشان وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: لە کاتێکدا ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسیی لە ھەرێمی کوردستاندا ڕادەگەیەنین، هێشتا ھەرێمەکەمان ژینگەیەکی لەبارە بۆ دەربازبوونی بکوژان لەو تاوانانەی بەرامبەر بە میدیا و میدیاکاران ئەنجامی دەدەن، بکوژانی ڕۆژنامەنووسان دەربازیان دەبێت لە سزا، یان ناسراون و دەسەڵاتی یاسا لە بەردەمیان لاوازە.

 

 

دیاری حاجی محەمەد، لە وتارەکەیدا باسی لە پێشێلکارییەکانەش کرد کە بەرامبەر بە کەناڵەکان و ئاژانسی ڕۆژنیووز بە تایبەتی کراوە، وتی: بەداخەوە پێشێلکاریی بەرامبەر بە پەیامنێران کراوە لە ڕووماڵکردنی چالاکییەکاندا، هاوکات دەزگا ڕاگەیاندنەکان سوتێندراون، مایەی نیگەرانییە کە ئەمساڵیش تابلۆیەکی گەشاوەمان نییە بیکێشین، ژمارە پێشێلکارییەکان لە ساڵانی ڕابردوو زیاترن و ژینگە و کلتوری توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاکاران وەک خۆیانن.

 

ئاشنا ڕەئووف، ئەندامی سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان خستەڕوو کە بریتی بوون، ٤ ڕۆژنامەنووس کوژراون، ٢ ڕۆژنامەنووس تیرۆر کراون، ١٠ ڕۆژنامەنووس  دەستگیرکراون، ١٤ ڕۆژنامەنووس بریندارکراون لە کاتی ئاساییدا، ١٠ ڕۆژنامەنووس برینداربوون لە ڕوماڵی جەنگدا، ڕێگری لە ٢٠٦ ڕۆژنامەنووس کراوە، ١٢ حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی هەبووە، ٢٥ حاڵەتی دەستبەسەرکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی هەبووە، ٣٣ حاڵەتی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوان بە بێ بڕیاری دادگا ڕوویداوە، ٥٨ حاڵەت ھێرش و لێدان، ١٨ حاڵەتی ھەڕەشە، ٢ حاڵەتی تەقەلێکردن، ٢ حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامە، ٨ حاڵەتی سوتانی ئۆفیس هەبووە، ٧ ڕاگرتنی پەخش، داخستنی نووسینگەی دەزگای ڕاگەیاندن ٥ حاڵەت، ھێرشی ئەلیکترۆنی ٣ حاڵەت.

 

 

ئارام شێخ محەمەد، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکێک بوو لە بەشدرانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە، لە کۆنگرەکەدا وتی: ئامارەکانی ئەمڕۆ و پێرێ پێمان دەڵێت، ئەو یاسانەی کە دەرکراون، لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە جێبەجێی ناکرێن، بە یاسای کۆن مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەکەن دەیانترسێنن.

 

 

ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئەویش یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆنرگە ڕۆژنامەوانییەکە، وتی: سلێمانی پارێزراوترین شوێنە لە عێراقدا بۆ ڕۆژنامەنووسان.

 

 

د.خ

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin