ڕۆژنیوز - هاوڕێ کرێکار
ئۆتۆمبیلێک لە منداڵێکی چوار ساڵان و دایکی دا و بەهۆیەوە منداڵەکە گیانی لەدەستدا و دایکەکەشی برینداربوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئۆتۆمبێلێک لە دایک و منداڵێکی دا.
ڕائید عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە گەڕەکی گازینۆ-ی شارۆچکەی کەلار، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری فۆرت، لە منداڵێکی چوار ساڵ و دایکیدا، منداڵەکە تا گەیەنرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و دایکی منداڵەکەش بەسەختی برینداربوو و چارەسەری پێویستی بۆ کراوە.
وتیشی:"منداڵەکە ناوی محەمەد غەفار محەمەد-ە و لە دایکبووی ساڵی ٢٠١٣ یە"
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، وتیشی: بە بڕیاری دادوەری لێکوڵینەوە و بە پێی ماددەی ٢٤ ی یاسای تایبەت بە هاتووچۆ، شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە بەندکراوە.
بەپێی ئامارێک کە ڕۆژنیوز لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، دوو کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ-وە گیانیان لەدەستداوە.
ب.ل