Smiley face
Smiley face
Smiley face

شاندی هەرێم لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبووەنەوەیان لە بەغدا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

2018-01-13 19:10:58



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆبوونەوە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکراکرد.

 

به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ،‌ شاندێكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كه‌ریم سنجاری،‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم، گه‌یشته‌ به‌غدای‌ پایته‌ختی‌ عێراق و کەمێک پێش ئێستاش  ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

 

لەسەرەتای ڕاگەیەدنراوەکەدا، باس لەوە کراوە"به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئەنجومەنی وه‌زیران ژماره‌(137) ساڵی 2017، كه‌ سه‌رۆكی ئەنجومەنی وه‌زیران دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی لێژنه‌یه‌كی باڵای به‌و فه‌رمانه‌ دروستكرد، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هونه‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، تایبه‌ت به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و‌ به‌ڕێوه‌بردنی به‌نداوه‌كان، سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێككه‌وتی 13/01/2018، شاندێك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی كه‌ریم سنجاری، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدای كرد".

 

ئەوەش هاتووە:"وه‌زیری ناوخۆی عێراق قاسم ئه‌عره‌جی له‌كه‌شێكی دۆستانه‌دا سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگی كرد له‌نێوان شاندی هه‌رێم و لێژنه‌ی باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مینداری گشتی ئەنجومەنی وه‌زیران، له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری ناوخۆ ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی به‌ستنی ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌، له‌گه‌ڵ دووباره‌كردنه‌وه‌ی گرنگی تاوتوێكردنی ئه‌و كێشانه‌ كه‌ له‌بواری ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و گومرگ و فڕۆكه‌خانه‌كان، به‌ڕێوه‌بردنی به‌نداوه‌كاندا له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و یاسا فیدراڵییه‌كان".

 

 هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە:"له‌میانه‌ی گفتوگۆكاندا نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی شارستانی، ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌نداوه‌كان، ده‌زگای هه‌واڵگری، ته‌واوی تێبینیه‌ سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌ رێكخستنی په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستانیان خسته‌ڕوو، گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌ل و راشكاوانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامدا سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی باڵای خستیانه‌ڕوو".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەدنراوەکەدا، هاتووە:"له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر رێكخستنی كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتن له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئاماژه‌ بۆكراودا له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ 15/01/2018 له‌ هه‌ولێر، تا پێكه‌وه‌ كۆنووسێكی گشتگیر ئاماده‌بكرێت به‌و چاره‌سه‌رانه‌ی كه‌ رێككه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌كرێت، وه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ پێویستی به‌ بڕیاری ئەنجومەنی وه‌زیرانی حكومه‌تی فیدڕاڵی هه‌یه‌ و پێویستن بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و چالاكیانه‌ی كه‌ له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و به‌نداوه‌كاندا ئه‌نجام ده‌درێت".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin