Smiley face
Smiley face
Smiley face

هەڵەبجەییەکان بۆ یەکێتی کوردان داوای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەن

2018-01-14 09:35:17



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

بە شێک لە چین و توێژەکانی هەڵەبجە، بۆ ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان داوای بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەن و بە تەنها هۆکاری چارەسەریی دۆخەکەی دەزانن، بۆ ئەوەش داواکارن لایەنەکان بە هەموو توانایانەوە بەبێ بەرژەوەندی حزبی بەشداری لە کۆنگرەی نەتەوەییدا بکەن.

 

بڕیارە ٢٧ و ٢٨ی ئەم مانگە، دووەمین ڕاوێژی نەتەوەیی لە باشوری كوردستان بەڕێوەبچێت، لەو بارەیەوە مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت، یەكێتی نەتەوەیی تەنها ڕێگا چارەیە بۆ چارەسەریی و دووربوون لە دەستی وڵاتانی دەرەكی، چالاكوانێكیش ئاماژە بەوە دەکات، کە كورد هیچ ئاسۆیەكی نەماوە جگە لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و پێكهێنانی یەكێتی بۆ یەكسختنی تەواوی پارچەكانی كوردستان.

 

ئوسامە ئەشرەف، مامۆستای بەشی زانستە كۆمەڵایەتییەكانی زانكۆی هەڵەبجە، دەڵێت، کە لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە بەگشتی بەرەو گۆڕانكاری دەڕۆن، كوردستانیش بێبەش نییە لەو گۆڕانكاریانە، بۆیە پێویستە كوردیش خۆی بگونجێنێت و گەورەترین دەستكەوت بەدەست بهێنێت لەو گۆڕانكاریانە، بۆ چارەسەرییش دەڵێت:"بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان تەنها ڕێگای چارەسەرییە بۆ یەكخستنی هێزە كوردییەكان و یەك دەنگ بونیان بۆ سود وەرگرتن لەو گۆڕانكاریانە بە قازانجی گەلەكەمان".

 

 

وتیشی:"بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئێستای كوردستان گرنگی زۆری هەیە، دەبێت ئەو هێزانەی كە بونیان هەیە بەشداریبكەن و بەرژەوەندییە حزبی و شەخسیەكانیان وەلاوە بنێن بۆ سەرخستنی ئەو كۆنگرەیە، تاوەكو گەلەكەمان ڕزگاری ببێت لەم قەیران و گرفتە ناوخۆیی و دەرەكیانە".

 

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، کە یەکێتی نەتەوەیی دەبێتە هۆی بەهێزبونی ئینتیمای نیشتیمانی لە نێوان هێزو لایەن و كەمە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان و دەشڵێت:"ئەم هەنگاوەی یەكێتی نەتەوەیی تەنها ڕێگایە بۆ چوار پارچەی كوردستان كە بەدوور بن لەهەر كێشە و گرفتێكی ناوخۆیی و پەلامارێكی دەرەكی وڵاتان".


 
هەروەها یاسین نادر، چالاکوانێکی شاری هەڵەبجەیە و دەڵێت، گەلی كورد بە تایبەت لە باشوری كوردستان لەوپەڕی شكستی سیاسی دایە و لایەنەكان لەسەر ئاستی پارچەكان و تەواوی كوردستانیش كۆك نین، بۆیە هەوڵەكان بۆ بەستنی یەكێتی نەتەوەیی كە چەند ساڵێكە دەدرێت، هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوس سازەكانی كورد".

 

 

یاسین نیگەران بوو لەو لایەنانەی پێشتر ئامادەی کۆنفرانس و ڕاوێژەکانی یەکێتی نەتەوەییان نەکردووەو دەربارەی هۆکارەکەی وتی:"بەهۆی بەرژەوەندی تایبەتی ئابوری و سیاسی خۆیان و وابەستەبونیان لەگەڵ وڵاتانی دوژمن، بووە، بۆیە تا دەستی دەرەكی و ئەو بەرژەوەندیانە بمێنێت ئەوا كورد بەئامانج ناگات و ئەو لایەنانە ناتوانن بەشداری كۆنگرەو یەكێتی نەتەوەیی بكەن".


 
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا:"كورد هیچ ئاسۆیەكی چارەسەریی نەماوە جگە لەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و پێكهێنانی یەكێتی نەتەوەیی بۆ یەكسختنی تەواوی پارچەكانی كوردستان لەسەرجەم بابەتە چارەنوسساز و پرسە نیشتیمانییەكان، كە خزمەت بەگەلەكەمان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە هەمو حزبەكان ئەو بەربەستانە تێكبشكێنن و بەشداری كاریگەریان هەبێت".


س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin