Smiley face
Smiley face
Smiley face

یەکگرتووی ئیسلامی هێشتا چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتە

2018-01-14 09:50:18



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد

 

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هێشتا چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتە بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان، بۆ ئەوەی مانەوە یاخود کشانەوەی خۆیان لەو حکومەتە ڕابگەیەنن.

 

یەکگرتووی ئیسلامی، وەکو لایەنێکی بەشداری حکومەت، لە ٢٤/١٢/٢٠١٧، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کۆمەڵێک داواکارییان خستە بەردەم حکومەت، تاوەکو بڕیاربدەن لەسەر مانەوەیان یاخود کشانەوەیان لە حکومەت، بۆ ئەو مەبەستە یەکگرتووی ئیسلامی لیژنەیەکی پێکهێنا.

 

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی یەکگرتوو و ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتوو کە هاوکات ئەندامی ئەو لیژنەیەیە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە چاوەڕوانی وەڵامی فەرمی حکومەتین، چونکە داوامان لێکردوون کە بە فەرمی وەڵاممان بدەنەوە بە نووسراو، بۆ ئەو داواکارییانەی کە کردوومانە.

 

 

شێرکۆ جەودەت وتیشی: لە کۆتایشدا بڕیار بۆ سەرکردایەتی یەکگرتوو دەگەڕێتەوە.

 

مەرجەکانی یەکگرتووی ئیسلامی بریتیبوو لە: پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی ڕوداوەکانی ١٨/١٢ و ڕۆژانی دوایی خۆپیشاندانەکانی بەشێک لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان، کاربکرێت بۆ ئازادکردنی خۆپیشاندەرە بێتاوانەکان، حکومەت وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە، حاڵەتی بە سەربازگەکردنی شارەکان نەمێنێت.

 

جێگای ئاماژەیە، بەپێی ڕاپرسییەک، کە یەکگرتوو لەناو ئەندامانیدا کردوویەتی، ٨٠% ئەندامەکانیان داوای کشانەوەی حزبەکەیان لە حکومەت کردووە.

 

ئەگەرچی بەشێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی یەکگرتوو باسی ئەوەیان دەکرد، کە هیچ هۆکارێک نەماوە بۆ مانەوەی یەکگرتوو لە حکومەت، بەڵام یەکگرتوو بە پێچەوانەی داواکاریی ئەندامەکانی خۆی، بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت نەدا.

 

کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە حکومەتی بنکە فراوان ناسێندراوە، نزیکەی چوارساڵ لەمەوبەر لەلایەن هەرپێنج لایەنی سیاسی (پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو) پێکهێندرا.

 

هەرچەندە دوای نزیکەی دوو ساڵ لە پێکهێنانی حکومەت، وەزیرەکانی گۆڕان بە بڕیارێکی تاکلایەنەی پارتی دیموکراتی کوردستان وەزیرەکانی نێردرابوونەوە ماڵەوە، بەڵام لە جومگەکانی دیکەی حکومەت و حکومەتی خۆجێیدا مانەوە.

 

دوای خۆپیشاندانەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان و شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەت و لایەنە ئەمنییەکان، هەریەکە لە کۆمەڵ و گۆڕان لە ٢٠/١٢/٢٠١٧ کشانەوەی خۆیان لە کابینەی وەزاریی حکومەت ڕاگەیاند، وابڕیارە یەکگرتووی ئیسلامیش، دوای ١٥/١/٢٠١٨، دوابڕیاری خۆی بدات لەبارەی مانەوە یان کشانەوە لە حکومەت.

 

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە گۆڕان و کۆمەڵ تا ئێستا لە جومگەکانی دیکەی حکومەت نەکشاونەتەوە و لە پۆستەکانیاندا ماون.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin