Smiley face
Smiley face
Smiley face

کاریگه‌رییه‌کانى قه‌یرانی دارایی زیاتر ده‌رده‌که‌وێت

2018-01-14 10:04:36



ڕۆژنیوز ـ هاوکار مسته‌فا


به‌شێک له‌ دوکانداران و کاسبکارانی شاره‌دێی وارماوا-ی سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ی شاره‌زوور باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، تادێت قه‌یرانی دارایی به‌سه‌ر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی کاڵاکانیان زیاتر ده‌رده‌که‌وێت و به‌ ته‌واوی بازاڕیان ئیفلیج بووه‌.


چه‌ند ساڵێکه‌ هه‌رێمى کوردستان توشى قه‌یرانى دارایى بووه‌ و تا دێت قه‌یرانه‌که‌ قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى سیاسه‌تى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمه‌وه‌.


عه‌لی محه‌مه‌د، دووکاندارێکی فرۆشتنی جلوبه‌رگی پیاوان و منداڵانه‌ له‌ بازاڕی وارماوا له‌ شاره‌زوور بۆ ڕۆژنیوز وتی:" گومانی تێدا نیه‌ به‌ به‌راورد به‌ پێش قه‌یرانی دارایی مامه‌ڵه‌ی کڕین و فرۆشتنمان له‌ ٨٠% زیاتر که‌می کردووه‌ و ڕۆژ به‌ڕۆژیش زیاتر بازاڕمان کز ده‌بێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی ئه‌م به‌رپرسانه‌ی ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵاتدا هیچ هیوایه‌ک نابینم بۆ باشبوونی دۆخه‌که‌، چونکه‌ هه‌ر سیاسه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وتی هه‌ڵه‌ی ئه‌مانه‌ بوو دۆخه‌که‌ی گه‌یانده‌ ئه‌م ئاسته‌".

 


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: به‌رپرسانی حکومی و حزبیی ئێستای باشوری کوردستان که‌سانێک نین که‌ بیانه‌وێت خزمه‌تی خه‌ڵک بکه‌ن و دۆخه‌که‌ باش بکه‌ن، به‌ڵکو ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان هه‌وڵده‌ده‌ن، بۆیه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م دۆخه‌ ده‌بێت خوودی هاوڵاتیان خۆیان ڕێگاچاره‌ بدۆزنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ لادانی ئه‌م به‌رپرسانه‌ و ڕێگه‌دان به‌ که‌سانی دڵسۆز بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م هه‌رێمه‌.


هه‌روه‌ها هونه‌ر عه‌زه‌م، که‌ پیشه‌ی به‌رگدرووه‌ له‌ بازاڕی وارماوه‌، به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند: حاڵی ئێمه‌ی به‌رگدرووه‌کانیش باشتر نییه‌ له‌ حاڵی دووکاندار و پیشه‌وه‌ره‌کانی تری ناوچه‌که‌، چونکه‌ بازاڕمان هێنده‌ کز بووه‌ که‌ هه‌ندێک ڕۆژ دێین و به‌ به‌تاڵی ده‌ڕۆینه‌وه‌ و هیچ کارێک نییه‌ بیکه‌ین، له‌کاتێکدا پێش قه‌یرانی دارایی بازڕ جمه‌ی ده‌هات و ڕۆژێک نه‌بووه‌ بێکار بین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نرخی دورینی جلووبه‌رگمان به‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر دابه‌زاندووه‌.

 


ئه‌وه‌شی وت: سیاسه‌تی شکستخواردووی حکومه‌تی هه‌رێم بوو که‌ به‌ناوی ئابووری سه‌ربه‌خۆوه‌ ده‌ستیکرد به‌ فرۆشتنی نه‌وت و په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا تێکدا، به‌ڵام دوجار هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران باجی هه‌ڵه‌که‌یاندا و ئێستاش وایان له‌ فه‌رمانبه‌ران کردووه‌ به‌ته‌مای به‌غدا بن موچه‌ بنێرێت، بۆیه‌ ده‌بێت هاوڵاتیان له‌کاتی ده‌نگداندا ئه‌م هه‌ڵانه‌یان له‌بیر نه‌چێت و تۆڵه‌ له‌م به‌رپرسه‌ شکستخواردوانه‌ بکه‌نه‌وه‌.


نه‌وشیروان جه‌عفه‌ر، که‌ دووکانی زه‌ڕه‌نگه‌ریی هه‌یه‌ له‌ بازاڕی وارماوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ى دوکاندارانى تر باسى خراپى بازاڕى کرد و وتى: بابه‌تی نه‌بوونی پاره‌ و قه‌یرانی دارایی کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌ ئیش و کاری ئێمه‌ کردووه‌، چونکه‌ به‌ ئه‌سته‌م هاوڵاتییه‌ک ده‌بینیت که‌ بێت زێڕ بکرێت، مه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تی هاوسه‌رگیریدا بتوانین بڕێکی که‌م زێڕ بفرۆشین و هه‌ندێک جاریش به‌قه‌رز ده‌یده‌ینه‌ هاوڵاتیان.

 


وتیشى: هاوڵاتیان متمانه‌یان به‌م دۆخه‌ نه‌ماوه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی نه‌بوونی متمانه‌ به‌م سه‌رکردانه‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستان سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌کی که‌میش له‌ هاوڵاتیان پاره‌یان پێبێت له‌به‌ر نه‌بوونی متمانه‌ و هه‌روه‌ها ترسیان له‌ ناجێگیری دۆخه‌که‌، ناتوانن کۆمه‌ڵێک بابه‌ت و که‌ره‌سته‌ هه‌ن بیانکڕن، به‌ڵکو ته‌نها پێداویستییه‌ سه‌ره‌کییه‌کان ده‌کڕن.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin