Smiley face
Smiley face
Smiley face

زوحاکی ماربەشانی ئێران ئەمجارە داوای مێشکی سارۆی کرد

2018-01-14 10:30:05



ڕۆژنیوز - ئاوات پووری

 

هەواڵی کوژرانی سارۆ قارەمانی لەژێر ئەشکەنجەدا لە کاتێک بڵاودەبێتەوە، کە سبەینێ ١٠یەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی هەواڵی کوشتنی ئیبراهیم لوتفوڵاهییە لە ژێر ئەشکەنجەی لێکۆڵەرەکانی لقی سنەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، سارۆ قارەمانی ڕێک لە سەر ئەو کورسییە ئەشکەنجەدرا و کوژرا، کە ئیبراهیم لوتفوڵاهی ١٠ ساڵ پێش ئێستا لە سەری ئەشکەنجە درا و کوژرا.

 

لە بیرەوەری هەمووماندا ماوە کە چۆن زوحاک بۆ دابینکردنی خواردنی مارەکانی سەر شانی، هەموو ڕۆژێک سەری گەنجێک دەبڕێت و مێشکی دەداتە مارەکان، ئەمڕۆ خەڵکی کورد دەڵێن، مارەکانی سەر شانی زوحاکی ئێران هەر چەند ساڵ جارێک داوای مێشکی گەنجی کورد دەکەن، مێشکی ئیبراهیم، مێشکی سارۆ، مێشکی چەندانی تریش بوونەتە خۆراکی مارەکانی سەر شانی زوحاکی ئێران.

 

شەوی ڕابردوو، لقی شاری سنەی وەزراەت ئیتلاعاتی ئێران، هەواڵی کوژرانی سارۆ قارەمانیی دایە دایکی و تەرمەکەیان ڕادەستی خانەوادەکەی کردەوە، دایکی سارۆ دەڵێت، هەموو جەستەی کوڕەکەی شین بوەتەوە و شوێنەواری ئەشکەنجە و لێدان بە جەستەیەوە دیار بووە.

 

ڕۆژی ١٥ مانگی ١ی ساڵی ٢٠٠٨، ڕێک دە ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژێکی وەک سبەینێدا، هەواڵی کوژرانی ئیبراهیم لوتفوڵاهی، خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە لەلایەن لقی سنەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە درایە خانەوادەکەی و لەجیاتی تەرمەکەی، گۆڕێکی کۆنکرێت کراویان نیشانی بنەماڵەکەی دا.

 

 

سەرەڕای هەموو بەدواداچوونە یاساییەکانی خانەوادەی ئیبراهیم لوتفوڵاهی، هەرگیز ڕێگەیان پێنەدرا کە گۆڕەکە هەڵبدەنەوە و تەرمی ڕۆڵەکەیان ڕادەستی پزیشکی دادوەریی بکەن بۆ بەدواداچوونی یاسایی و چۆنیەتی کوژرانی کوڕەکەیان.

 

ئیبراهیم لوتفوڵاهی، خوێندکاری دواقۆناغی بەشی یاسای زانکۆی پەیام نووری سنە بوو، چەند ڕۆژێک پێش کوژرانەکەی، لەبەردەم زانکۆکەی قۆلبەست کرا و برایە لقی سنەی وەزارەتی ئیتلاعات.

 

بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی لە سەر بسەلمێندرێت، یان دادگایی بکرێت، لەژێر ئەشکەنجەی لێکۆڵەرەکاندا کوژرا، ئیتلاعاتی سنە بە خانەوادەی ئیبراهیمیان وت، کوڕەکەیان لە زینداندا خۆی کوشتووە.

 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا سارۆ قارەمانی، گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کرا، شەوی ڕابردوو تەرمی سارۆ ڕادەستی خانەوادەکەی کرایەوە، سارۆ لە ژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی لێکۆڵەورەکانی ئیتلاعاتی سنەدا کوژرا.

 

 

هەرچەندە بەڕێوەبەرانی ئیتلاعاتی سنە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی سارۆ کردووە کە لەبارەی کوژرانی کوڕەکەیان لەگەڵ هیچ ڕاگەیەندنێکدا قسە نەکەن، هاوکات نەشیانتوانیوە کە بڵێن کە سارۆ خۆی کوشتووە.

 

زوحاکی مار بە شانی ئێران، هەر چەند ساڵ جارێک داوای مێشکی گەنجی کورد دەکات بۆ خۆراکی مارەکانی، سارۆ و ئیبراهیم تەنیا دوو نموونەی سەدان گەنجی دیکەن کە دەبنە قوربانیی خوێنخۆرەکانی حکومەتی ئێران.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin