Smiley face
Smiley face
Smiley face

هەڤاڵ ئەبوبەكر: دەسەڵاتم بەسەر هێزە ئەمنییەكاندا هەیە

2018-01-14 11:20:19



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز، وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەداتەوە كە ئاڕاستەی كراون لە بەرامبەر بێدەنگ بوونیدا لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا، دەڵێت: من بێدەنگ نیم، بەڵام ئەو كاتە قسەدەكەم كە پێویستە بیكەم، دەشڵێت: دەسەڵاتم بەسەر هێزەئەمنییەكاندا هەیە.

 

لە سەرەتای مانگی 12ی ساڵی ڕابردوودا هەڤاڵ ئەبوبەكر، وەك پارێزگاری سلێمانی دەستبەكار بوو، بەهۆی ئەوەی پێشتر وەك مامۆستایەكی زانكۆ و ڕەخنەگرێك لە حكومڕانی ئەم وڵاتە دەركەوتووە، هەرچەند ماوەی پارێزگاریەكەی دوومانگی پڕ نەكردووەتەوە بەڵام ئەو ڕەخنانەی لێیدەگیرێت زیاترە لەو ماوەیەیەی دەستبەكار بووە تێیدا.

 

هەڤاڵ ئەبوبەكر، لەبارەی ئەو ڕەخنانەی لە بارەی بێدەنگبوونی لە سەروبەندی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژانی 18و19ی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوودا لێی دەگیرا، بە ڕۆژنیوزی وت:"من بڕوام بە دووبەركی لەناو كۆمەڵگاكەمدا نییە، كۆمەڵگا یەك بەرەیە، لەناو ئەم بەرەیەدا من متمانەی هاوڵاتیانم بەدەستهێناوە بۆ ئەوەی ئاشتی كۆمەڵایەتی بپارێزم، خزمەتگوزارییەكان باش بكەین، دۆخی ئابوری و ئیشوكاری هاوڵاتیان باش بەكەین".

 

وتیشی: "بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە حكومەت و لایەنەكان پێویستە بەشداربن، ئەمەش كارێكی وردی ئەوێت سەرەتاكەیمان داڕشتووە بەڵام بەرهەمەكەی هێشتا دەرنەكەوتووە، من بێدەنگ نیم، بەڵام پێموایە دەبێت لەو كاتەدا قسە بكەین كە دەبێت قسە بكەین، نەك لەوكاتەی كەسێك دەیەوێت قسە بكەین".

 

وتیشی:"ئێمە بە وردی كارمان كردووە، ئێمە چیرۆك ناگێڕینەوە، كاری میدیا ئەوەیە بەدوای كارەكانماندا بڕوات و بزانێت چیمان كردووە، من پارێزگاری ئاسایش و پۆلیس و خەڵكیشم، كاری من پاراستنی سیستمە، بۆ ئەوەی داوای ڕەوای خەڵك سەربگرێت، خۆشبەختانە ئەمجارە هیچ كەسێك لە سلێمانی نەكوژراوە و بریندار نەبووە، خۆپیشاندەران بەبەردەم بارەگای لایەنەكاندا ئازادانە ڕۆشتوون، ئەمانە نابێت بەكەم بگرین، بەڵام من دژی توندوتیژم دژی ئەوەم لە كۆمەڵگادا دوو بەرە دروست بكەیت و ئەو دووبەرەیە بدەیت بەگژی یەكدا".

 

لەبارەی ئەوەی ئایا دەسەڵاتی بەسەر هێزە ئەمنییەكاندا هەیە، بەتایبەت هێزەكانی ئاسایش، ناوبراو وتی:"بەڵی بەڵێ‌ دەسەڵاتم هەیە، هێزە ئەمنییەكانیش زۆر بە ئامانەتەوە كاریان كردووە، ئەو كەسانەی كە لە بارودۆخێكی نەخوازراودا دەستگیر كراون خۆیان شایەتی ئەوە دەدەن كە مامەڵەیەكی مرۆڤانەیان لەگەڵدا كراوە، بۆ ئێمەش ئەوە گۆڕانكارییەكی جۆرییە، سوپاسی خۆپیشاندەران و هێزەئەمنییەكان و چالاكییە مەدەنیەكان دەكەم كە توانیویانە بە شێوەیەكی مەدەنی مامەڵە بكەن، چونكە هەموویان قوربانی سیستمی حكومڕانی و حزبڕانی ئەم هەرێمەن".

 

هەڤاڵ ئەبوبەكر، ئاماژەی بەو ڕەخنانەش كرد كە لەكاتی گەڕانەوەی كۆسرەت ڕەسوڵ و پێشوازیكردن لە هەندێك كەسایەتی حزبیدا لێی دەگیرێت، و وتی:"ئەوانە شتی ئاساین ئەوانە ڕەخنە نین، ئەوانە ڕا-ن، من ڕێز لەڕای هەموو كەسێك دەگرم، بەڵام بەرنامەی كاركردنی خۆمم هەیە، بۆمن هەموو كەس هاوڵاتی ئەم وڵاتەیە، بەوانەشەوە كە لەزیندانی گەورانی سلێمانی حكوم دراون، بۆیە من دەمەوێت پەرەپێدان هەبێت، ئاشتی كۆمەڵایەتی هەبێت، بۆیە بەرنامەی كاری خۆمم هەیە".

 

لەبارەی ئەوەی ئایا داهاتی سلێمانی بەشی سلێمانی دەكات ئەگەر بۆ سلێمانی خەرج بكرێتەوە، ناوبراو وتی:"بەهیچ شێوەیەك داهاتی سلێمانی بەشی مووچەی سلێمانی خۆی ناكات، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بێتە بەردەستمان داهاتی سلێمانی بەشی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و ئەو پڕۆژانە دەكات كە وەزارەتەكان بۆ سلێمانیان دیاری كردووە."

 

هاوکات وتیشی:"نە لەیاسای پارێزگا و نە لەیاسای وەزارەتی داراییدا ئەركی پێدانی مووچە نەخراوەتە سەر حكومەتە خۆجێیەكان، تا ئێستا ئەو دەسەڵاتەی كە بۆ پارێزگار دیاری كراوە منیش هەمە، وە بۆ داهاتووش دەبێت بەپێی ئەو دەسەڵاتانە ڕێكی بخەین بۆ ئەوەی پەرەپێدانی پێبكەین".

 

هەڤاڵ ئەبوبەكر، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2017دا لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان كاندید بوو بۆ پارێزگاری سلێمانی، توانی نزیكەی 270 هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان توانی 11ی كورسی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدەست بهێنێت، گۆڕان توانی 12 كورسی ئەنجومەنی  پارێزگای سلێمانی بەدەست بهێنێت، بە بیانوی نزیكی دەنگەكانیان، یەكێتی ئامادە نەبوو پۆستی پارێزگاری سلێمانی بداتە هەڤاڵ ئەبوبەكر.

 

پاشان لە ئەنجامی چەندین دانوستانی نێوان یەكێتی و گۆڕان لەسەر ئەوە ڕیككەوتن کە دووساڵی یەكەم ئاسۆ فەریدون، ببێتە پارێزگاری سلێمانی لەسەر پشكی یەكێتی، دوو ساڵی دووهەم هەڤاڵ ئەبوبەكر، لەسەر پشكی گۆڕان ببێتە پارێزگار.

 

دەبووایە لەساڵی 2015 دا هەڤاڵ ئەبوبەكر، ببێتە پارێزگاری سلێمانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبوو مەسعود بارزانی، واژۆی بوون بەپارێزگاری هەڤاڵ ئەبوبەكر، بكات، بەهۆی بەسەرچوونی وادەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمدا، بۆیە تا هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ناوبراو ئەو پۆستەی وەرنەگرت.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin