ڕۆژنیوز- ڕۆزە محەمەد
پەرلەمانتارانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنن کە ھەوڵێک ھەیە بۆ گۆڕینی داواکاری گشتی سلێمانی و ئاماژەش بەوە دەدەن لە پای ئەو ھەڵوێستانەی ھەیبوە لە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندێک لە پەرلەمانتارانی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەختیار عەلی سەرۆکی داواکاری گشتی سلێمانی-یان کرد، بەمەبەستی ئیدانەکردنی ئەو ھەوڵەی کە ھەیە بۆ گۆڕینی داواکاری گشتی سلێمانی.
شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندام پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ داواکاری گشتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: ڕۆڵی داواکاری گشتی ڕۆڵێکی دیارە، لەسەر ھەڵوێستەکانی بۆ گەندەڵی و لە کەیسەکانی مەسەلەی داخستنی پەرلەمان و بەھەدەردانی موڵک و ماڵی گشتی و ئەو نایاساییەی کە لە سلێمانیدا ھەیە، وە ھەوڵی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی دەدرێت، ھەربۆیە لە ھەرێمی کوردستان ڕێگری جدی ھەیە بۆ ئەو دامەزراوانەی کە دەیانەوێت ڕووبەڕووی گەندەڵی و ناھەقی ببنەوە.
سۆران عومەر، ئەندام پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە کۆنگرەکەدا وتی: زانیومانە ھەوڵێک ھەیە بۆ لابردنی سەرۆکی داواکاری گشتی، ھەر ھەوڵێک لەم جۆرە لەبەرامبەر ئەو ھەڵوێستانایە کە ئەنجامی داوە لەسەر پێشێلکاری و ڕوبەڕووبونەوەی گەندەڵی بووە، ئەگەر نا ھیچ بەھانەیەک نییە بۆ لابردنی.
د.خ