Smiley face
Smiley face
Smiley face

​بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامیى به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق ناکات

2018-01-14 14:12:24



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى

 

بزوتنەوەی ئیسلامیی ڕایگەیاند، کە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناکات و هۆکارەکەشی بۆ پەرتەوازەیی کورد دەگەێنێتەوە.

 

ئه‌مڕۆ له‌ باره‌گاى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى و له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌نووسییدا، کامیل مەحمود، وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ هه‌ڵوێستى فه‌رمى حزبه‌که‌ى سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارى کردنى کورد له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و پێکهێنانى هاوپه‌یمانیی‌ حزبە‌ کوردییه‌کان بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ خسته‌ڕوو.

 

کامیل مه‌حمود، ڕایگه‌یاند:"دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر و گه‌له‌کۆمه‌ى بێ به‌زه‌ییانه‌ى ناوخۆیى و هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر کورد، به‌غدا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌م بارودۆخه‌ى قۆسته‌وه‌ بۆ لاوازکردنى پێگه‌ى کورد له‌ناو پڕۆسه‌ى سیاسى و عێراق و به‌هێزکردنى هه‌ژموونى خۆى، که‌ سه‌ده‌یه‌که‌ کورد ئه‌م ئه‌زمونه‌ تاڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانى عێراق هه‌یه‌".

 

کامیل مەحمود، وتیشى:"به‌داخه‌وه‌ حزبه‌کانى باشورى کوردستان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م سروشته‌ نه‌گۆڕه‌ى به‌غدا هه‌میشه‌ هه‌ڵه‌کانیان دووباره‌ کردووه‌ته‌وه‌ و به‌عه‌قڵیه‌تى خێڵ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌کتر و به‌غداش کردووه‌ نه‌ک به‌عه‌قڵه‌یتى سیاسه‌تمه‌دار و دانوستانکار".

 

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان-یش، وتەبێژی بزوتنەوە، ڕایگەیاند: بزووتنەوەى ئیسلامى بەشدارى ناکات لە هیچ یەکێک لەو هاوپەیمانیەتییە سیاسیانەى هەرێمی کوردستان و بەلیستى سەربەخۆیش ناچینە ناو گەمەیەکى عێراقیانەوە.

 

ناوبراو، هۆکاری بەشداریینەکردنیانی ڕوونکردەوە و وتی:"کورد بە پەرتەوازەیى دەچێتەوە بەغدا و هەر هێزە یان هەر چەند هێزێک بەجیا و لەپێناوى ئامانج و بەرژەوەندى خۆیدا مامەڵە لەگەڵ حکومەتى ناوەندییدا دەکات، سیاسەتى یەکگرتووى کوردیى و گوتار و هەڵوێستى کوردستانى و تەنانەت هەڵوێستێکى ڕوونى فەرمییى دەسەڵاتە کوردییەکەش لەئارادا نییە".

 

وتیشی:"ئێمە واى دەبینین تەنها بەهاوپەیمانیەتى هەموو هێزە کوردستانییەکان بەتایبەتى لەناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێم دەسەڵاتى ناوەندى ملکەچ دەبێت دەستبەردارى سیاسەتى هەژمونگەرانە و نادیدەگرتنى کورد ببێت".

 

کامیل مەحمود، هەروەها وتی: بزوتنەوەى ئیسلامى داواکاریى هەموو ئەو لایەنانەى رەت کردووەتەوە کە هەر یەکەیان بەجیا داوایان لێکردووە بۆ بەشدارى لەهەڵبژاردنەکانى عێراق لەهاوپەیمانییەتییەکەیاندا بەشداریى بکات، چونکە مەترسى و هەڕەشەکان لەسەر قەوارەى نەتەوەیى هەرێمى کوردستان بەم کۆمەڵە هاوپەیمانیەتییە پەرتەوازە پوچەڵ ناکرێنەوە.

 

 وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی، وتیشی: هەر یەکە لەو هاوپەیمانیەتییە سیاسییانەى کوردستان بۆ بەشداریى لەهەڵبژاردنەکانى عێراق کۆمەڵێک پۆست و کورسى و ئیمتیاز بۆ حزبە بەشدارەکانى ناو هاوپەیمانیەتییەکانیان مسۆگەر بکەن، بەڵام پێگەو قورسایى کورد ناگەڕێنێتەوە بۆ پێش ١٦ى ئۆکتۆبەر.

 

بڕیارە لە ١٢/ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و هەتا ئێستا بە فەرمیی یەک هاوپەیمانێتیی کورد ڕاگەیەندراوە، کە پێکهاتوون لە کۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریی و هەندێک لایەنی دیکەش بەجیا سەرقاڵی پێکهێنانی هاوپەیمانێتیین.

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin