Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەشێک لە كاسبكارانی هەڵەبجە: بازاڕ بەتەواوی ڕووی لەكزبوون كردووە

2018-01-15 08:28:44



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

بەشێك لەكاسبكارانی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنن، كە جموجۆڵی بازرگانی ڕووی لەكەمی كردووە و ڕەوشی بازاڕیش بەتەواوی كزبووە، خاوەنی سۆپەرمارکێتێکیش دەڵێت:"دوكاندار و فرۆشیارەکان تەنیا بۆ مانەوە لە ئیشەکە بەردەوامە لەكاركردن، ئەگەرنا چاوەڕێی قازانجێكی ئەوتۆ ناكەن".

 

نزیکەی چوار ساڵە، قەیرانی دارایی بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان گرتووە، بەشێک لە هاوڵاتیانی شاری هەڵەبجەش، باس لە کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی لەسەر بازاڕ دەکەن.

 

كۆسار نادر، خاوەنی سۆپەرماركێت، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەورەوە تا بچوك بەتەواوی داڕماوە و جموجۆڵی بازاڕیش بەتەواوی وەستاوە، ئەوەشی كە دوكاندار و فرۆشیارە تەنیا بۆ مانەوە لەئیشەکە بەردەوامە لەكاركردن، ئەگەرنا چاوەڕێی قازانجێكی ئەوتۆ ناكەن، بەتایبەت لەهەڵەبجە كەشوێنێكی داخراوە كاریگەری قەیرانەكە زیاتر لێرە دەردەكەوێت".

 

 

وتیشی:"زۆربەی دانیشتوانی هەڵەبجە مامۆستا و مووچەخۆرن و پاشەكەوت و دواكەوتنی مووچەش هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی وەك جاران ڕوو لە كڕینی شتومەك نەكەن، ئەوەشی كە دەیكڕن زۆر جار بەقەرز دەیبەن و گوێ‌ نادەنە كوالێتی كاڵاكە و كامەیان زۆر هەرزانتر بێت دەیكڕن".

 

كۆسار نادر، بێ‌ ئومێدی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەچارەسەركردنی ئەم قەیرانە و بارودۆخە ناهەموارە، دەشڵێت:"بەداخەوە كۆمەڵێك بەرپرسی مافیا لەناو دەسەڵاتدا دەستیان بەسەر بازرگانی ئەم وڵاتەدا گرتووە و بارودۆخی هاوڵاتیانیان بەم ئاستە گەیاندووە و ناتوانرێت بەئاسانی دوور بخرێنەوە".

 

نێچیر فەریق، خاوەنی فرۆشگایەکی هەرزان بازاڕ، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"بازاڕ وای لێهاتووە تەنها لەكاتی پێدانی مووچە تۆزێک‌ جموجوڵی تێدەكەوێت، سەرباری هەرزانكردنی نرخی شتومەكانیشمان، بەڵام هیچ سودێكی نەبووە و هاوڵاتی بەشوێن هەرزانترین نرخ دەگەڕێت".

 

 

ئەو خاوەن هەرزان بازاڕە، هۆكاری ئەم قەیران و بێ‌ بازاڕییەی، بۆ شكستهێنانی حكومەتی هەرێم لەبەڕێوەبەردنی وڵاتدا گەڕاندەوە، دەشڵێت: پێویستە بەرپرسانی هەرێم یان خۆیان بارودۆخەكە چارەسەر بكەن بەلابردنی پاشەكەوتی مووچە و پێدانی لەكاتی خۆی، یان ڕێكبكەون لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی ناوەند بۆ دابینكردنی مووچە لە لایەن بەغداوە.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin