Smiley face
Smiley face
Smiley face

توێژینەوەیەک: ڕێژەی ھێزی کاری خۆماڵی لە کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێم کەمە

2018-01-15 10:14:27



ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر

 

توێژینەوەیەک دەریدەخات، کە ڕێژەی ھێزی کاری خۆماڵی لە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان کەمترە لە کارمەندانی بیانی، بە جۆرێک کە پۆستە باڵاکان لەناو کۆمپانیاکاندا بە کارمەندانی بیانی دەدرێت و کارمەندانی خۆماڵیش لە ئاستی پلە دوو کاردەکەن.

 

ڕێبین فەتاح، ڕۆژنامەنووسی ئابووری، کە زیاتر لە دوو ساڵە سەرقاڵی توێژینەوەیەکە بەناونیشانی "ھێزی کاری نەوت لە عێراق و ھەرێمی کوردستان"، لەسەر ڕێژەی هێزی کاری خۆماڵی لە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

 

ڕێبین فەتاح، سەبارەت بە توێژینەوەکەی بە ڕۆژنیوزی وت: لە توێژینەوەکەدا تیشکم خستنەسەر کاری کۆمپانیا نیشتمانی و بیانییەکان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٥ – ٢٠١٥) لەعێراق و ھەرێمی کوردستان.

 

 

وتیشی: بەپێی یاسای نەوت و گاز لەعێراق و ھەرێمی کوردستان، ھەندێک بەرپرسیارێتی ھەیە دەبێت کۆمپانیاکان و حکومەت ھەڵیبگرن، یەکێک لەوانە پابەندبوونی کۆمپانیاکانە بەڕێژەی ٨٠% بۆ ٨٥% کە ھێزی کار دەبێت خۆماڵی بێت، واتە ئەوانەی کار لە کۆمپانیاکانی نەوت دەکەن، پێویستە خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێت.

 

باسی لەوەشکرد: تەنها لە عێراق بەبێ ھەرێمی کوردستان ١٤٤ ھەزار و ٣٢٠ کارمەند لەگەڵ کۆمپانیا نیشتمانییەکان کاردەکەن و زیاتر لە ٢٣ ھەزاری دیکەش کارمەندی بیانین، واتە لەعێراق ڕێژەی ھێزی کاری خۆماڵی زیاترە لە ٧٠% .

 

سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان، ڕێبین، وتی: بەداخەوە نەک ھەر رێژەکە کەمترە، بەڵکو ئەو بڕە پارەیەی لە کۆمپانیاکانی نەوت بەناوی بونیاتنانی تواناکان دەستدەکەوێت، زۆر کەمترە بەبەراورد لەگەڵ عێراق، چونکە بەغدا ساڵانە بڕی یەک ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیاکان وەردەگرێت بۆ بنیاتنانی تواناکان، واتە بۆ پەرەپێدانی توانای ھێزی کاری خۆماڵی، بەڵام لەھەرێمی کوردستان لەبەرزترین رێژەدا ساڵانە لە ٣٠٠ ھەزار دۆلار تێپەڕناکات.

 

ڕێبین فەتاح، توێژەر، ئاماژەی بەوەشدا: بەپێی توێژینەوەکە زۆرینەی ڕەھای ھێزی کاری خۆماڵی لەھەرێمی کوردستان لە پلەکانی ھەرە خوارەوەن واتە لەدوو پلەی خوارەوەن، واتە کرێکارانی حەمباڵی و کارگوزار و بەردەست و چایچی و کرێکاری کاتی لەخۆدەگرێت، ئەمەش رێژەیەکی مەترسیدارە لەھێزی کاری خۆماڵی، بەڵام پلە بەرزەکان دراوە بە کارمەندی بیانی.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin