Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕیفراندۆم بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن-ی دواخستووە

2018-01-15 17:04:53



ڕۆژنیوز- هاوكار مستەفا

 

لێپرسراوی مەرزی سەیران بەن لە سنووری شارۆچكەی پێنجوێن ڕایدەگەیەنێت، کە هەرچەندە بڕیاربووە لەساڵی ڕابردوودا مەرزی سەیران بەن بكرێتە مەرزێكی نێودەوڵەتی، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە، ئەوەش دەخاتەڕوو:"لە ئێستاشدا دووبارە هەوڵەكان بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی سەیران بەن دەستیانپێكردووەتەوە".

 

ئەمڕۆ، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا، لێپرسراوی مەرزی سەیران بەن، دواین زانیاری لەبارەی بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزەكە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

 

لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا، ڕائید دلێر فەرەج، لێپرسراوی مەرزی نیمچە فەرمی سەیران بەن وتی: هەرچەندە بڕیار بوو لە ساڵی ڕابردوودا مەرزی سەیرانبەن هاوشێوەی مەرزی باشماخ بكرێتە مەرزی فەرمی، بۆ ئەومەبەستەش چەندین جار سەردانی بەغدامان كردووە و هەروەها لایەنی ئێرانیش تەواوی ئامادەكارییەكانیان بە كۆتاگەیاندبوو، بەڵام دواجار بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئەو بارودۆخەی هاتە ئاراوە، بڕیارەكە لە لایەن حكومەتی عێراقییەوە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

 

ئاماژەی بەوەشكرد: لەئێستادا لەبری مەرزی باشماخ، لە مەرزی سەیران بەن-ەوە سەوزە و میوە هاوردەی هەرێم دەكرێت، لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژانە ١٥٠ بۆ ٢٥٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەوزە و میوە هاتووچۆی دەكەن، هاوكات لە ئێستاشدا جارێكی تر لە لایەن پارێزگاری سلێمانییەوە بڕیاردراوە، كە ئەو لیژنەیەی ساڵی ڕابردوو پێكهێنرابوو بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزەکە، سەر لەنوێ‌ كارەكانیان دەستپێبكەنەوە، ئەوەش بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی و عێراقی.

 

لێپرسراوی مەرزی سەیران بەن، ئەوەشی وت: ئەگەر مەرزەکە بكرێتە فەرمی، ئەوا هەلی كاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانی سنوورەكە دەڕەخسێت و ئابووری هەرێمی كوردستانیش زیاتر دەبوژێتەوە، هەرچەندە لە ئێستاشدا زیاد لە ٢٥٠ كەس بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم مەرزەیە.

 

ڕائید دلێر فەرەج، لێپرسراوی مەرزی نیمچە فەرمی سەیران بەن، ئەوەشی خستەڕوو:"لایەنی عێراقیش بڕیاریداوە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا لیژنەیەك بنێرێتە مەرزەكە، بۆ پشكنین و چۆنیەتی كاركردنی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی بڕیارێكی كۆتایی لەبارەوە بدرێت".

 

مەرزی نیمچە فەرمی سەیران بەن، دەكەوێتە سنووری شارەدێی گەرمكی سەر بە شارۆچكەی پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٥ وە بەشێوەیەكی ڕێگەپێدار و دەستكراوە، ئاڵوگۆڕی شمەك و كاڵای خۆراكی و بازرگانیی تێدا دەکرێت.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin