Smiley face
Smiley face
Smiley face

چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ژمارەیەک ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕوو

2018-01-16 12:09:28



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد

 

بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، ئاماری ساڵی ٢٠١٧ی خانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایتییەکەی خستەڕوو.

 

بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامارەکانی ساڵێ ٢٠١٧ی خانەکان و داھات و کار و چالاکییەکانی ساڵی ڕابردووی خستەڕوو.

 

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی و چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، لە کۆنگرەکەدا وتی: لە ماڵی ساوایاندا ٣٣ منداڵ سودمەندبوون کە ١٨ منداڵیان گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان یان چوونەتە ناو خێزانە جێگرەوەکان، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا ٢٤ منداڵ بووە، لە ماڵی کوڕانیشدا ٣٠ سودمەندبوون کە ١٢ منداڵیان گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان، ھەروەھا لە ماڵی کچانیش ٤٧ سودمەند ھەبوو کە ٣٨ منداڵیان گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانیان.

 

عومەر گوڵپی، وتیشی: ژمارەی بەساڵاچوان لە خانەکەدا ٧٤ بەساڵاچوو بووە، کە ١٤ بەساڵاچوویان خانەکەیان بە جێھێشتووە و ١٣ بەساڵاچووش کۆچی دوایی کردووە، ئێستاش ٤٧ بەساڵاچوو لە خانەکەدا دەژین، کە ١٩ بەساڵاچوویان پەکەوتەن و ٢٤ کاتژمێر خزمەت دەکرێن، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٦دا ژمارەی بەساڵاچووان ٦٩ بەساڵاچوو بووە.

 

لە بارەی ھێڵی گەرمی فریاکەوتنی منداڵان (ھێڵی ١١٦ی منداڵان) عومەر گوڵپی وتی: ٦٤,١٤٨ پەیوەندی کراوە بەو ھێڵەوە، بەڵام تەنھا ١٦,٤٦٨ پەیوەندی وەڵام دراوەتەوە چونکە لە کاتی دەوامدا پەیوەندیان کردووە کە لە کاتژمێر ٨:٣٠ بەیانی تاوەکو ٢ی پاشنیوەڕۆ ھێڵەکە بەردەستە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٦دا ٤,٥٠٥ وەڵام دراوەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەش دا: بڕی داھاتی بەڕێوەبەرایەتییەکە بریتی بووە لە ١٥٢ ملیۆن و ٤١ ھەزار دیناری عێراقی کە گەڕێنراونەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

 

ھەروەھا بڕی داھاتی سندوقی ھاوکاری کۆمەڵایەتی بریتیبووە لە ١٩ ملێۆن و ٥٥٨ ھەزار دیناری عێراقی، خەرجیش بریتی بووە لە ٩٨ ملیۆن و ٢٩٠ ھەزار دیناری عێراقی بووە کە لە نەشتەرگەری و خزمەتگوزارییەکانی خانەکانی پێ دابین دەکرێت.

 

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنیوز سەبارەت بەو منداڵانەی کە دوای کاتژمێر ٢ ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبینەوە و ھێڵەکەش تاوەکو کاتژمێر ٢ پەیوەندی وەردەگرێت، کە چارەنووسی ئەو منداڵانە چی دەبێت، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی وتی: کێشەی کارمەند و مووچەمان ھەیە کە تاوەکو ئێستا بۆمان چارەسەر نەکراوە، بۆیە ھێڵەکە کارکردنی بەو شێوەیەیە.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin