Smiley face
Smiley face
Smiley face

نه‌مامه‌کان ده‌چێندرێن و دواتر له‌بیر ده‌کرێن

2018-01-18 09:21:26



ڕۆژنیوز ـ جیهاد هه‌ورامی


له‌ شارۆچکه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌مام ده‌چێندرێن و دواتر خزمه‌ت ناکرێن و ئاو نادرێن، به‌وه‌ش زۆربه‌یان وشک ده‌بن.


ساڵانه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی نه‌مامچاندن له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌کان و هاوڵاتیان و شوێنه‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام به‌هۆى خزمه‌ت نه‌کردنیانه‌وه‌ له‌ناوده‌چن.

 


هاوسه‌ر هه‌ورامی، چالاکوانی بواری ژینگه‌ بۆ ڕۆژنیوز وتی:" ساڵانه‌ له‌ چالاکییه‌ جۆراوجۆره‌کاندا هه‌ڵمه‌تی نه‌مامچاندن ئه‌نجام ده‌درێت له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌ جیاوازه‌کان، به‌ڵام له‌دوای هه‌ڵمه‌ته‌که‌ خزمه‌تکردنی له‌یاد ده‌که‌ن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی نه‌مامه‌کان وشک بوون یاخود شکاونه‌ته‌وه‌ و ئاژه‌ڵه‌کان لق و گه‌ڵای نه‌مامه‌کان ده‌شکێنن و ده‌یخۆن".

 


وتیشی:" زۆربه‌ی ئه‌و چالاکیانه‌ی بۆ نه‌مام چاندنه‌کان ده‌کرێت زیاتر بۆ خۆده‌رخستنی ڕێکخراوه‌کان و سه‌رپه‌رشتیارانی هه‌ڵمه‌ته‌کانی نه‌مام چاندنه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی چالاکیه‌کیان بۆ هه‌ژمار بکرێت ئه‌و کاره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئیتر گوێ به‌ پاراستن و خزمه‌تکردنی نه‌مامه‌کان ناده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌فه‌وتان بیانپارێزن".


ئه‌وه‌شى وت: لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی وه‌ک شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریش تاڕاده‌یه‌ک که‌مته‌رخه‌من له‌وه‌ی ئه‌رکی پاراستنه‌که‌ له‌ ئه‌ستۆ ناگرن به‌هه‌ر بیانویه‌ک بوبێت که‌ پێشتر یان ئاگادار نه‌کراونه‌ته‌وه‌ یاخود هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ ناکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌رکه‌یان پێ بسپێردرێت.

 


هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ کوێستان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆکی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ڕۆژنیوزی وت:" ساڵانی پێشوو که‌ هه‌ڵمه‌تی نه‌مام چاندن ئه‌نجام ده‌درا به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تمان نه‌بوو بۆ سه‌رپه‌رشتیکردن و هه‌نگاوه‌کانی دوای نه‌مام چاندنه‌که‌، به‌وه‌ی ته‌نها شوێنمان بۆ ده‌ستنیشان ده‌کردن و ئیتر بێ گوێ دانه‌ هیچ پره‌نسیپێک له‌ جۆری نه‌مامه‌که‌ یاخود ته‌مه‌ن و به‌رزی و نزمه‌ی نه‌مامه‌که‌ و گونجاوی له‌گه‌ڵ که‌شوهه‌وای ناوچه‌که‌، نه‌مامه‌کانیان ده‌چاند و دواتر وه‌ک پێویست خزمه‌ت نه‌ده‌کران و زۆربه‌یان له‌ناوده‌چوون و وشک ده‌بون".

 


وتیشی: "له‌ ئێستادا به‌رنامه‌یه‌کمان داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی ئه‌و نه‌مامانه‌ نه‌چێنرێن، که‌ زۆر جار ڕێکخراوه‌کان ته‌نیا ئه‌رکی چاندنه‌که‌یان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرت، به‌ڵکو پێشوه‌خته‌ کۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕێکخراوه‌کان و سه‌رپه‌رشتیارانی هه‌ڵمه‌ته‌کانی نه‌مام چاندن ده‌که‌ین و چه‌ندین مه‌رجیان بۆ داده‌نێین، به‌وه‌ی له‌بری ئه‌وه‌ی ٥٠ نه‌مام بچێنن، با ١٠ نه‌مام بچێنن، به‌ڵام له‌ڕووی ته‌مه‌ن و به‌رزی نه‌مامه‌که‌ش چه‌ند ساڵه‌ و به‌زرتر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی توانای پاراستنیان له‌ئه‌ستۆ بگرین".

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin