Smiley face
Smiley face
Smiley face

دیرۆک: ژنۆلۆژی ژنانی هەموو جیهان لەئامێز دەگرێت

2018-01-18 12:20:23



ڕۆژنیوز - سەمیرا شەهابی

 

ئەندامێکی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ڕایدەگەیەنێت، کە ژنۆلۆژی تەنیا لە کوردستاندا سنووردار نەماوەتەوە، بەڵکو ژنانی هەموو جیهانی لەئامێزگرتووە، دەشڵێت: لەڕێگای ئەو زانستەوە تێکۆشانی خۆمان فراوان دەکەین.

 

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، لە هۆڵی دەرسگوتاری ناوەندی دیجلە بۆ ڕۆشنبیریی و هونەری دیموکراتی، لە شاری دێرک-ی سەربە کانتۆنی جزیرە، لەژێر دروشمی (ژنۆلۆژی کۆمەڵگا بە سروشتی ژن ڕووناک دەکاتەوە)، یەکەمین کۆنفرانسی ژنۆلۆژیی بەڕێوەچوو، ئەوەی زۆر جێگای سەرنج بوو بەشداریی ژنان بوو لە چەندنین نەتەوە و پێکهاتەی جیاواز و لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە.

 

 

سەبارەت بەو فرەڕەنگییە، دیرۆک قەهرەمان، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:کۆنفرانسەکە بە بەشداریی ژنانی عەرەب، ئەرمەنی، سوریانی، تورکمان، ئاشوری و موسڵمان، ئێزیدی، عەلەوی بە ڕەنگێکی دەوڵەمەند و واتای نەتەوەیەکی دیموکرات پێکهات، هەروەها لە فەرەنسا، ئیتالیا، ئینگلیز، ئەڵمانیا، ئیسپانیا/کەتەلۆنیا و ئەندەنۆسیاوە ژنان بەشدارییان کرد.

 

 

دیرۆک، وتیشی:"پرۆژەی عەبدوڵا ئۆجالان لە کوردستاندا بە سنورداریی نەماوەتەوە، بەڵکو ژنان و هەموو دونیای لە ئامێز گرتووە و ڕەنگی خەباتێکی نوێ بە ژیانی تەواوی ژنان دەبەخشێت".

 

دیرۆک قەهرەمان، وتیشی:"لە ڕێگەی ژنۆلۆژییەوە شۆڕش و تێکۆشانی خۆمان فراوان دەکەین و پەیامی خۆمان بڵاودەکەینەوە و حەقیقەتی کۆمەڵگا لە چاوی ژنانەوە دەگوازینەوە".

 

هەروەها، وتی:"لە کۆنفرانسەکەدا ژنان بە ئامادەبوون و بەشدارییان ژنۆلۆژییان بۆ خۆیان و تەواوی ژنان و نەتەوەکانی دیکە، بە گرنگ زانی".

 

دیرۆک قەهرەمان، سەبارەت بە پلانی داهاتوویان ڕایگەیاند:"پڕۆژەی داهاتوومان جەختکردنەوە و خستنە بواری پراکتیکی دامەزراندنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە، بەتایبەت بۆ خۆگەیاندن بەو چینانەی کە ڕزگار کراون لە تەبقا و ڕەقە.

 

جێگای باسە لە کتێبی "سۆسیۆلۆژی ئازادیی" لە ساڵی ٢٠٠٨ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)،  پڕۆژەی ژنۆلۆژیی وەک زانستی ژن و هاوژیانی ئازاد پێشکەش کرد، لە دوای هەڵسەنگاندێکی فراوان ژنۆلۆژیی وەک زانستێکی نوێ پێش ٣ ساڵ چووە قۆناغی پراکتیکییەوە و لە ڕۆژئاوا و باکوری سوریا، هەروەها کۆلێژی ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاوادا هەیە.

 

 

ش.ف

 

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin