Smiley face
Smiley face
Smiley face

زیاتر له‌ ٦٠٠ سه‌رپێچیکارى ژینگه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ ده‌ستگیرکراون

2018-01-19 08:59:17



ڕۆژنیوز - ئاشتى ئه‌حمه‌د


له‌ ساڵى ٢٠١٧ له‌ سنورى شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵ زیاتر له‌ ٦٠٠ سه‌رپێچیکارى ژینگه‌ به‌هۆى ڕاوکردنى جۆراوجۆره‌وه‌ ده‌ستگیرکراون و ڕووبه‌ڕووى دادگا کراونه‌ته‌وه‌.


له‌ هه‌رێمى کوردستان تا ئێستاش ڕاوکردنى ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ى کێوى و تێکدانى ژینگه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ژیانى کێوى له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت و مه‌ترسى گه‌وره‌ى له‌سه‌ره‌.


عه‌قید هێمن که‌مه‌رخان ئه‌فه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانی له‌باره‌ى پێشێلکاریى ژینگه‌ له‌ سنورى چه‌مچه‌ماڵ، دوێنێ ئێواره‌ بۆ ڕۆژنیوز وتى:" له‌ ساڵی ڕابردوودا ٦٢٧ سه‌رپێچیکار له‌سه‌ر ڕاوکردن و سه‌رپێچی جۆراوجۆر له‌ سنوری شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵ و ده‌وروبه‌رى ده‌ستگیرکراون، له‌و ڕێژه‌یه‌ش ١٤١ که‌سیان له‌سه‌ر ڕاوی باڵنده‌ و نۆ که‌س له‌سه‌ر ئاژه‌ڵی کێوی، ١٨١ که‌س له‌سه‌ر ڕاوه‌ ماسی له‌ وه‌رزی ڕێگه‌پێنه‌دراودا، هه‌روه‌هاش ١٢٣ که‌س له‌سه‌ر دروستکردنی خه‌ڵوز و داربڕین، له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرکردنى ٢٧ که‌س له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی ئاگر و ئه‌وانى دیکه‌ش له‌سه‌ر سه‌رپێچى دیکه‌ى ژینگه‌یى ده‌ستگیرکراون".

 


وتیشی: "هه‌ر له‌ ساڵى ڕابردوودا ٧٥ چه‌کی جۆراوجۆری وه‌ک کڵاشینکۆف، ده‌مانچه‌، ژێرسه‌ و تاپڕ و ئێنفۆڕ و ٧٠٠ فیشه‌کی ئه‌و چه‌کانه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌، له‌گه‌ڵ ٨١ باڵنده‌ی کێویدا که‌ ڕاوکرابوون".


عه‌قید هێمن که‌مه‌رخان باسى له‌وه‌شکرد: له‌ماوه‌ی ١٥ ڕۆژی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشدا له‌ سنوری شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵ ٢٧ سه‌رپێچیکار ده‌ستگیرکراون، که‌ ڕاوى جۆراوجۆریان کردووه‌ وه‌ک ڕاوکردنی ئاسک و باڵنده‌ و ئاژه‌ڵی کێوی و بڕینی دار.


ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌رله‌و ماوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرکردنى سه‌رپێچیکاره‌کان ده‌ستیشگیراوه‌ به‌سه‌ر سێ ئاسکی سه‌ربڕاو و ڕێوی و که‌روێشکی ڕاوکراودا، له‌گه‌ڵ لایتی ده‌ستی و تۆڕی ڕاوکردن و داری سروشتی بڕدراو، سه‌رجه‌م سه‌رپێچکاران و که‌لوپه‌له‌کانیان ڕووبه‌ڕووى دادگا کراونه‌ته‌وه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin