Smiley face
Smiley face
Smiley face

پەنابەرانی ڕۆژئاوا ئیدانەی هێرشەکانی سەرعەفرین دەکەن

2018-01-19 10:55:47



ڕۆژنیوز- سەمیرا شەهابی

 

پەنابەرانی ڕۆژئاوا لە کەمپی باریکەی سەر بە شاری سلێمانی، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین شەرمەزار دەکەن.

 

پەنابەرانی ڕۆژئاوا لە کەمپی باریکەی شارەدێی عەربەت کە سەر بە پارێزگای سلێمانییە، ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەکەن داواش دەکەن کە دەسەڵاتدارانی باشور و نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەم هێرشانەدا.

 

محەمەد موسا کە خەڵکی قامیشلۆیە، خوازیارە ڕەوشی ڕۆژئاوا ئارام ببێت و ئەوانیش بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و وتی: "عەفرین بێت یان شارەکانی دیکە جیاوازی نییە، چونکە هەر کوردستانە و خاکی کوردانە، ئەوە ماوەی چەند ساڵێکە هەموو جۆرە هێرشێک دەکرێتە سەر ڕۆژئاوا و دەوڵەتانیش بەرژەوەندی خۆیان لە بەرچاو دەگرن".

 

 

محەمەد وتیشی: دەبێت خاوەن هەڵوێست بین، چونکە پەیوەندی بە هەموو کوردەوە هەیە، داواکارین کە شەڕ بە کۆتایی بێت، هەموو دونیا و نەتەوەیەکگرتووەکان بێنە دەنگ تاوەکوو ڕەوش ئارام ببێتەوە و ئێمەش وەک پەنابەرانی ڕۆژئاوا بگەڕێینەوە زێدی خۆمان.

 

عەبدول لەتیف عەبدولرەحمان، یەکێکی تر لەو پەنابەرانەیە و خەڵکی دێرەکە، بە ڕۆژنیوزی وت:"عەفرین هەرێمێکی کوردستانە، گەل بە بەرخۆدان پێویستە لە بەرامبەر دوژمن هەڵوێست نیشان بدات، ئێمە قبوڵی ناکەین کە ئەردۆغان و ڕژێمی فاشیستی هێرش و داگیرکاریی لەسەر خاک و گەلی کورد بەڕێوە ببات، نەک تەنیا مافی ئەردۆغان، بەڵکو هیچ دەوڵەتێکی دیکە ئەو مافەی نییە کە هێرش بکاتە سەر کوردستان".

 

 

عەبدول لەتیف ڕاشیگەیاند:"دەبێت بە چالاکی و چوونە بەردەم کۆنسۆلخانەی تورکیا ئیدانەی ئەو هێرشانە بکەین، چونکە دەوڵەتی ئەردۆغان کێشەی تەنیا عەفرین نییە، ئەو کەرکووک، شەنگال، ڕۆژئاوا و بەگشتی کورد قبوڵ ناکات و دان بە بوونیاندا نانێت، ئەگەر ئەمڕۆ لە عەفرین بێت سبەی لە شارەکان و هەرێمەکانی تریش ڕوودەدات".

 

ناوبراو وتیشی:"دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبن، داواکارین لە هەموو کەسایەتییەکانی دونیا و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، بەتایبەت لە سەر بوونی ڕوسیا ودەوڵەتی ئەردۆغان لەو هەرێمانە بێنە دەنگ".

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin