Smiley face
Smiley face
Smiley face

"هۆکاری کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا نه‌بوونى ئه‌قڵییه‌تێکى دیموکراتییه‌"

2018-01-19 11:42:11



ڕۆژنیوز ـ سلێمانى


شیلان شاکر ئه‌ندامى ده‌سته‌ى ئاماده‌کارى کۆنگره‌ى دامه‌زراندنى ته‌ڤگه‌رى ئازادیی ڕایگه‌یاند: هۆکاری ئه‌و کێشانه‌ى له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى سیاسه‌ت و ئه‌قڵییه‌تێکى دیموکراتى.


له‌ ئێستادا کۆنگره‌ى دامه‌زراندنى ته‌ڤگه‌رى ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان له‌ شارى سلێمانى به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


شیلان شاکر ئه‌ندامى ده‌سته‌ى ئاماده‌کارى کۆنگره‌ له‌ سه‌ره‌تاى کۆنگره‌که‌دا قسه‌ى کرد و وتى: سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنى هه‌موو ئه‌ندامان و میوانان ده‌که‌ین، هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنى نوێنه‌رانى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ین.


شیلان شاکر وتى: دواى دامه‌زراندنى ته‌ڤگه‌رى ئازادى له‌ ساڵى 2014 ئێمه‌ به‌رده‌وام سه‌رلێدانمان کردوه‌ بۆ وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى فه‌رمى، به‌ڵام به‌ بیانوى جیاجیا مۆڵه‌تیان پێنه‌ده‌داین، سه‌رئه‌نجام له‌ مانگى 12ى ساڵى 2017 به‌ فه‌رمى مۆڵه‌ت به‌ ته‌ڤگه‌رى ئازادیى درا.


باسى له‌وه‌ش کرد: ئێمه‌ هه‌وڵدانمان کرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌م کۆنگره‌یه‌دا هاوسه‌رۆک هه‌ڵبژێرین، به‌ڵام دیاره‌ هێشتا تێکۆشان پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى سیستمى هاوسه‌رۆکى له‌ عێراق بچه‌سپێت، ئێمه‌ ئێستا پابه‌ند ده‌بین به‌ یاسایاکانى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراقه‌وه‌ و سه‌رۆک هه‌ڵده‌بژێرین، به‌ڵام له‌ پراکتیکدا سیستمى هاوسه‌رۆکى په‌یڕه‌و ده‌که‌ین و تێکۆشانیش ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ یاسا له‌ هه‌موو عێراق.


ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ى ناوچه‌که‌دا به‌ستى کۆنگره‌ى ته‌ڤگه‌رى ئازادیى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان مۆرى خۆى له‌م قۆناغه‌ دادات، له‌ ئێستادا گه‌لى کورد پێشه‌نگایه‌تى بۆ دیموکراتیزه‌کردنى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌کات.


شیلان شاکر باسى ڕه‌وشى پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستانى کرد و وتى: له‌ ئێستادا ده‌وڵه‌تى تورک هه‌ڕه‌شه‌ى هێرشکردنه‌ سه‌ر عه‌فرین ده‌کات، هه‌روه‌ها ڕژێمى ئێران هێز به‌کاردێنێت بۆ سه‌رکوتکردنى گه‌لانى ئێران، له‌ باکورى کوردستان و تورکیاش ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌ سه‌رکوتکردنى گه‌لى کورد.


وتیشى: هۆکارى سه‌ره‌کى ئه‌و دۆخه‌ى ئێستا باشورى کوردستان ڕووبه‌ڕووى بۆته‌وه‌، ئه‌نجامى سیاسه‌تى چه‌وتى ده‌سه‌ڵاتدارانه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌شێکى باشورى کوردستان تورکیا داگیرى کردوه‌ و به‌شێکیشى ئێران داگیرى کردوه‌ و حساب نه‌کردن بۆ ئیراده‌ى گه‌ل هۆکارى کێشه‌کانه‌.


باسى کێشه‌کانى نێوان هه‌لێر و به‌غداشى کرد و وتى: ئه‌و کێشانه‌ى له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى سیاسه‌ت و ئه‌قڵییه‌تێکى دیموکراتى، هه‌ربۆیه‌ ده‌سه‌ڵات ناچاره‌ خۆى بگۆڕێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وا گه‌ل ده‌یگۆڕێت، ئه‌وه‌ یه‌کلا بوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ سه‌رکوتکردن و په‌لاماردان و په‌رازێزخستن کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نابن.


ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: تاکه‌ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌ى سیسته‌مێکى دیموکراتیدا ته‌واوى گه‌لانى عێراق بێنه‌ لاى یه‌کتر، ئه‌وه‌شى که‌ ئێمه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه‌ پێکه‌وه‌ژیانى گه‌لانه‌، گه‌لان ئه‌مڕۆ درکیان به‌وه‌ کردوه‌.


له‌ کۆتایى قسه‌کانیشیدا شیلان شاکر وتى: وه‌کو ته‌ڤگه‌رى ئازادیى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان هه‌وڵ و تێکۆشانه‌کانى خۆمان له‌ بوارى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و هه‌موو بواره‌کانى ژیان به‌گوڕتر و به‌هێزتر ده‌که‌ین.


دواى وته‌کانى شیلان شاکر، په‌یڕه‌و و پرۆگرام و به‌رنامه‌ى سیاسى ته‌ڤگه‌رى ئازادیى له‌لایه‌ن ڕووناک مه‌جید و بێریڤان محه‌مه‌د خوێندرانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سه‌ند کران.


له‌ ئێستادا کاره‌کانى کۆنگره‌ى دامه‌زراندنى ته‌ڤگه‌رى ئازادیى به‌رده‌وامه‌.

 

 

ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin