Smiley face
Smiley face
Smiley face

محه‌مه‌د عه‌بدوڵا به‌ سه‌رۆکى ته‌ڤگه‌رى ئازادیى هه‌ڵبژێردرا

2018-01-19 16:44:51



ڕۆژنیوز ـ سلێمانى

 

محه‌مه‌د عه‌بدوڵا به‌ سه‌رۆکى ته‌ڤگه‌رى ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان هه‌ڵبژێردرا.


که‌مێک پێش ئێستا هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک و ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ڤگه‌رى ئازادیى کۆتایى هات و تێیدا محه‌مه‌د عه‌بدوڵا به‌ سه‌رۆک هه‌ڵبژێدرا و 17 ئه‌ندامیش بۆ ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هه‌ڵبژێردران.


له‌و 17 ئه‌ندامه‌ى هه‌ڵبژێردراون، 10 ئه‌ندامیان ژنن و حه‌وتیشیان پیاون، کە بریتین لە: شیلان شاکر، ڕابیعه‌ عه‌باس، بێریڤان محه‌مه‌د، ڕووناک مه‌جید، که‌لسوم حسێن، ڕیحان حه‌مادى، په‌یمان ڕه‌حمان، ئازاد قادر، یوسرا ڕه‌جه‌ب، عه‌بدولوه‌هاب ئه‌حمه‌د، ناجى هاجى ئاشور، وه‌جیده‌ به‌یادى، حامید مه‌لا ئه‌حمه‌د، به‌ڕێز محه‌مه‌د، کۆمه‌ڵ سه‌رحه‌د، خالید ڕه‌شید و ئه‌مین تێلی ئه‌مین.


ئه‌گه‌رچى سیستمى به‌ڕێوه‌بردن له‌ ته‌ڤگه‌رى ئازادییدا هاوسه‌رۆکییه‌، به‌ڵام به‌پێى یاساکانى عێراق ناچارن ته‌نها یه‌ک که‌س بکه‌ن به‌ سه‌رۆک، به‌ڵام وه‌ک شیلان شاکر وتى، ئه‌وان له‌ کرداردا هه‌ر به‌ سیستمى هاوسه‌رۆکایه‌تى کار ده‌که‌ن و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن ئه‌وه‌ بکه‌نه‌ یاسا له‌ هه‌موو عێراق.


ئه‌مڕۆ له‌ شاری سلێمانی له‌ هۆڵی مۆنالیزا کۆنگره‌ی دامه‌زراندنی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ى که‌ به‌ فه‌رمی له‌لایه‌ن کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌تی پێدرا.


له‌ کۆنگره‌که‌دا زیاتر له‌ هه‌زار که‌س ئاماده‌ بوون، له‌و ڕێژه‌ش 700 ئه‌ندام و ئه‌وانی تر میوان بوون.


محه‌مه‌د عه‌بدوڵا سه‌رۆکى ته‌ڤگه‌رى ئازادیى وتارى کۆتایی کۆنگره‌ى پێشکه‌ش کرد و وتى: سه‌رکه‌وتنى کرنگره‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدان و هه‌موو ئه‌ندامان پیرۆز ده‌که‌ین، ئێمه‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ که‌شوهه‌وایه‌کى ئاوها ساردا، ته‌ڤگه‌رى ئازادیى کۆنگره‌یه‌کى ئاوها گه‌رمى به‌ست.


محه‌مه‌د عه‌بدوڵا وتى: له‌ خه‌بات و تێکۆشانى داهاتووماندا ده‌بێت ئه‌و ناهاوسه‌نگیه‌ ڕه‌گه‌زییه‌ کۆتایى پێبێنن، که‌ تا ئێستاش سیستمى هاوسه‌رۆکى په‌سه‌ند ناکات.


ئه‌وه‌شى وت: ئه‌و ڕه‌وشه‌ى ئێستاى باشورى کوردستان و گه‌نده‌ڵییه‌کانى ده‌سه‌ڵات وایکردوه‌، که‌ له‌م پارچه‌یه‌ ته‌نها کورد تێیدا حاکم نییه‌، به‌ڵکو داگیرکه‌رانى کوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن، ئه‌رکى ته‌ڤگه‌رى ئازادى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستانه‌ که‌ تێکۆشان بکات بۆ چاره‌سه‌رکردنى بارودۆخى ئاڵۆزى هه‌رێمى کوردستان.


باسى له‌وه‌ش کرد: هه‌ردوولایان حکومه‌تى ناوه‌ند و هه‌رێم ئه‌و ئه‌قڵه‌یه‌ته‌ى هه‌یانه‌ کێشه‌کانیان دروستکردوه‌، ئێمه‌ پێماوایه‌ وایه‌ ئه‌قڵییه‌تێکى دیموکراتى ده‌توانێت کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات.


ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: چاره‌سه‌رنه‌کردنى کێشه‌کان و ئه‌و سیاسه‌ته‌ى که‌ هه‌یه‌ ئه‌و دۆخه‌ى لێده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ له‌ دواى 16ى ئۆکتۆبه‌ر هاته‌ ئاراوه‌.


له‌ کۆتایى قسه‌کانیدا وتى: هیواى ئازادى بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌خوازین که‌ بۆ ئازادى گه‌له‌مان له‌ زیندانن، به‌ڵێن ده‌ده‌ین خه‌بات ده‌که‌ین بۆ دروستکردنى کوردستانێکى ئازاد و دیموکرات، ده‌بێت به‌م هه‌سته‌وه‌ تیکۆشان بکه‌ین و له‌ هه‌لًَبژاردنه‌کان سه‌رده‌که‌وین.


ته‌ڤگه‌ری ئازادیی له‌ 17/10/2014 دامه‌زراوه‌، به‌ڵام له‌ ڕۆژی 4/12/2017 له‌لایه‌ن کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق مۆڵه‌تی فه‌رمی پێدراوه‌. 


به‌پێى یاساى ژماره‌ 36ى ساڵى 2015ى عێراق، له‌لایه‌ن کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق مۆڵه‌تى به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردن دراوه‌ته‌ ته‌ڤگه‌رى ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان، هه‌ر به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ ته‌ڤگه‌رى ئازادیى ده‌توانێت له‌ سه‌رانسه‌رى عێراق بنکه‌ و باره‌گا بکاته‌وه‌.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin