Smiley face
Smiley face
Smiley face

قادر عەزیز: ئەرکی هەمووانە پشتیوانی گەلەکەمان بکەین لە ڕۆژئاوا

2018-01-23 08:31:25



 ڕۆژنیوز - شاڵاو حەسەن

 

قادر عەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێیتی، ڕایدەگەیەنێت کە ئەرکی هەمووانە پشتیوانی گەلەکەمان بکەین لە ڕۆژئاوا.

 

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، قادر عەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئیدانەی هێرشەکانی سەر عەفرین و ڕۆژئاوا دەکات.

 

قادر عەزیز وتی:"هەڵوێستمان هەڵوێستێکی نەتەوەییە و ئەمڕۆ ئەرکی هەموومانە کە پشتیوانی لە گەلەکەمان و شەرڤانان بکەین لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمە گەلەکۆمەیەکی دڕندانەیە کە تورکیا و نۆکەرەکانی بەڕێوەی دەبەن".

 

وتیشی:"سڵاو دەنێرین بۆ خۆڕاگری شەڕڤانان و قارەمانییەتی گەلەکەمان و پێمانوایە چەندە شەڕەکە نابەرامبەر و دڕندانە بێت، بەڵام هاوکات ئیرادەیەکی گەورەمان هەیە کە خۆڕاگری گەلەکەمانە، من و گەلی ئێمەش دڵنیاین کە ئەو خۆڕاگرییەی ڕۆژئاوا چۆن هەڵوێستی نێودەوڵەتی گۆڕی بە هەمان شێوە بۆ عەفرینش دووبارە دەبێتەوە لە سایەی قارەمانێیتی شەڕڤانان".

 

قادر عەزیز بانگی پشتیوانی کرد و ڕایگەیاند:"لێرەوە داوا لە گەلی کوردستان و هەموو ڕێکخراوە نەتەوەیی و حزبەکان دەکەم کە درێغی نەکەن لە پشتیوانیکردنی گەلی ڕۆژئاوا، بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دیبلۆماسی دەنگیان هەڵبڕن، چۆن گەلەکۆمەی دوای ڕیفراندۆم تەواو نەبووە لە باشووردا کە تورکیا دەستی تێدا بوو، ئێستاش گواستراوەتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان".

 

ناوبراو ڕاشیگەیاند:"ئەردۆغان شەڕی هەموو نەتەوەی کورد دەکات، دەبێت بۆ چارەسەری ئەم پرسە یەکێتی نەتەوەیی نیشان بدەین تاوەکو هێرش و پەلامارەکان تێک بشکێنین، چونکە ئەمە شەڕی هەمووی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازانە، بە تایبەت ئەوانەی شەڕ بۆ مافە ڕەواکانی مرۆڤ دەکەن".

 

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەدا:"ئەو هێرشانە ڕیسوا دەکەین و هەروەها دڵنیاین ئەم هێرشانە و دارودەستەکانی دەوڵەتی تورکیا تێکدەشکێن، وەکچۆن گەلەکەمان لە کۆبانێ نیشانی دونیای دا کە خاوەن ئیرادەن و ئەو دەسکەوتانەی کە بە دەستهاتووە بۆ هەمیشە دەپارێزرێن".

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin