Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەمڕۆ یادی کۆچی دوایی محەمەدی ماملێ-یە

2018-01-23 11:53:39



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

ئەمڕۆ، ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد محەمەدی ماملێ-یە.

 

ھونەرمەندی گۆرانیبێژ و مەقامبێژی کورد، ماملێ ناوی محەمەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە، لە ساڵی ١٩٢٥زاینی لە گەڕەکی خڕێ-ی شاری مهاباد-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگای پەهلەوی و سەعادەت لە مهاباد تەواو کردووە و لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ بەهۆی نەخۆشی ئالزایمێز لە مهاباد کۆچی دوایی کرد.

 

نازناوی ماملێ لە چیەوە هاتووە؟

 

نازناوی ماملێ لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە، وەک خۆی باسی دکردووە، باوکی نەخوێندەوار بووە و کاتێک سەرژمێری گشتی هاتووە بۆ نووسینی لێی پرسیوە ناوی خۆت و باوکت چییە ئەویش ووتویەتی سەعید مام عەلی، ئەوانیش نووسیویانە سەعید ماملی، چونکە زمانی فارسی پیتی (ع) لە قسەکردندا بەکار ناهێنن ئیتر خەڵک لەوە بەولاوە هەر دەڵێن ماملێ.

 

بنەماڵەی ماملێ سەرجەمیان هونەردۆست و دەنگخۆش-ن

 

بنەماڵەی ماملێ دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان هەیە، هەر ئەم بۆمانەوەشە هانی ماملێ-ی داوە هەر لە منداڵییەوە هونەر بکاتە هاوڕێی خۆی و ببێت بە یەکێک لە شۆڕەسوارانی هونەری کوردیی.

 

ڕەحمان-ی مامی محەمەد ماملێ ئەوەندە دەنگی خۆش بووە، زۆر جار لە سوێنی دوورەوە هەوادارانی چوونەتە ماڵەکەی و بەدەم گویگرتن لە ئاواز و گۆرانییەکانی ڕەحمان، ڕۆژیان کردووەتەوە، هەروەها سەعید ماملێ-ی باوکیشی بەهەمان شێوە دەنگی خۆش بووە.

 

یەکەم گۆرانی ماملێ "ڕۆیی بە جێی هێشتم" بوو

 

دەوترێت، کە محەمەد ماملێ یەکەم گۆرانی لە ساڵی ١٩٣٨ی زایینی یەکەم گۆرانی بەناوی "ڕۆیی بە جێی هێشتم" تۆمارکردووە.

 

هونەرمەندێکی نیشتمان پەروەر و نەتەوەیی بوو

 

زۆر سیاسەتمەدار و کەسی ناسراو و خۆشەویستی نەتەوەی کورد لەسەر ماملێ بۆچوونیان دەربڕیوە، کۆی هەموو دیمانەکان و نووسینەکان ئەوە، پشتڕاست دەکەنەوە کە ماملێ کەسێکی نەتەوەیی بووە و هیچکات خۆی لە نەتەوەکەی و ئازارەکانیان دوور نەخستوووەتەوە، لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی-شدا چەند جارێک بەند و دەست بەسەر کراوە و دوور خراوەتەوە.

 

لەبەر بڵاوکردنەوەی گۆرانییەک دەستگیرکرا

 

ماملێی نیشتمانپەروەر چەندین جاران لە لایەن حکومەتی ڕەزا شاوە بە دەستگیرکراوە، زۆرینەی سەرچاوەکان تەنیا باسی زیندانی ورمێ دەکەن، بەڵام ئەو لە شاری مەهاباد-یش زیندانی دیبوو، لە بەرواری ٢٩ی ٢ی ١٩٤٧ لەسەر ئەوە دەستگیکرابوو، کە شیعری بەناوبانگی لایە لایەی مامۆستا هەژاری موکریانی کردبووە گۆرانی.

 

ماملێ خاوەنی زیاتر لە ٧٠٠ گۆرانییە

 

ماملێ لە ساڵی ١٩٦٣ چووەتە شارۆچکەی قەڵادزێ-ی باشوری کوردستان و چەند ئاهەنگێکی گێڕاوە و پاشان چووە بۆ شاری سلێمانی و لەوێش چەند ئاهەنگێکی گێڕاوە، ماملێ زۆر ئاشنای خەلیلی سەدیقی و ڕەفیق چالاک بووە وە گۆرانییەکانی تایەر تۆفیق و عەلی مەردان و سەیدعەلی ئەسغەر کوردستانی و محەممەد عارف و تەحسین تەهای زۆر بە دڵ بوون، لە هەڵبەستیشدا هەڵبەستەکانی (وەفایی و سلێمانی شاوەلە و مارف ئاغا و گۆران و هەژار و هێمن)ی لا پەسەند بووە و لە زۆر گۆرانیدا بەکاری هێناون، بەگشتی-ش ماملێ خاوەنی زیاتر لە ٧٠٠ گۆرانییە.

 

ماملێ شێوازی جیاوازی گۆرانی وتنی لە کات و بۆنەکاندا هەبوو

 

ماملێ ھەر لە سەردەمی لاوییەوە وەک ھونەرمەندێکی ئازادیخوازدەرکەوتووە و بە پێی ئەرکی کۆمەڵایەتی و کوردایەتی خۆی پێگەیاندووە، لەگەڵ ھیچ دارودەستە و تاقمێکی سەرەڕۆ و زۆردار دانووی نەکوڵاوە، ماملێ لە ڕۆژانی خۆشیدا بە بەستە و گۆرانی بەزم و کۆڕی ھاوقەتارانی ڕازاندووەتەوە و لە ڕۆژانی تەنگانەشدا بە قەتار و لایلایە خەڵکی لاواندووەتەوە.

 

ساڵانە لە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان یادی ماملێ دەکرێتەوە و خەڵاتی مامڵی دەدرێتە کەسایەتییە دیارەکانی بوارە جیاوازەکان.

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin