Smiley face
Smiley face
Smiley face

دوای دوو هەفتە لە کوشتنی ژنێک تەرمەکەی بە سوتێندراوی دۆزرایەوە

2018-01-23 12:58:26



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

دوای دوو هەفتە لە کوشتنی ژنێک بەناوی (ش. ڕەحیمی)، تەرمەکەی بە سوتێندراوی لە ڕێگەی نێوان سنە و دیواندەرە لە رۆژهەلاتی کوردستان دۆزرایەوە، هەروەها ژنێکی دیکە لە پیرانشار کە دەوترا خۆی کوشتووە، دەرکەوت لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە.

 

ماڵپەڕی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بڵاویکردەوە کە لە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگەوە ژنێکی گەنج ون بووە و دوای دو هەفتەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، هەروەها ئەوەش ئاشکرا کراوە کە ژنێک پێشتر وترابوو خۆی کشتووە، بەڵام دەرکەوت لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە تاوە کوژراوە.

 

لە هەواڵێکەدا هاتووە: ژنێکی گەنج بەناوی (ش. ڕەحیمی) خەڵکی سەروابادی هەورامانی سەر بە پارێزگای سنە، لە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری ئیداری دەچێتە دەرەوەی ماڵەکەی، دواتر ون دەبێت و دوای دوو هەفتە تەرمەکەی بە سوتێندراوی لە ڕێگای نێوان سنە و دیواندەرەدا دەدۆزرێتەوە.

 

هەر بە پێی ئەو هەواڵە باس لەوەش کراوە، کە بکوژ لە دوای کوشتنی ش.ڕەحیمی، تەرمەکەی دەسوتێنێت و لە ژێر خاکیشدا دەیشارێتەوە.

 

هەروەها ڕۆژی سێ شەممەی هەفتەی ڕابردوو، ڕووناک ڕەسووڵی تەمەن ٢٢ساڵ خەڵکی گوندی سەروکانی سەر بە شاری پیرانشار لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە.

 

ئەم هەواڵەش لە کاتێکدابووە، کە بە پێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان ڕاگەیەندراوە و دڵنیا کراونەتەوە کە ڕووناک خۆی خوی کووشتووە، بەڵام لە دوای پێداچوونەوە دەرکەوتووە کە ڕووناک لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بە تاوە لە سەری دراوە و بەهۆیەوە تووشیی خوێن بەربوونی مێشک بووە و دواتریش گیانی لە دەستداوە.

 

جێگەی باسە کە ئەمە یەکەمین جار نییە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کوشتنی ژنان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە بنەماڵەکانیانەوە بە شاراوەی دەمێنێتەوە، یان کوشتن بە خۆکوشتن ناودەبرێت، ئەمەش دیارە بەمەبەستی پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان ئەنجام دەدرێت.

 

ڕۆژانە بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو دەبێتەوە لە ئێران و ڕۆژهەڵات، ژنان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە و دەستدرێژی دەکرێتە سەریان، دەکوژرێن، دەسوتێندرێن و دەیان کردەوەی نەشیاو و پێشێلکاریی بەرامبەریان دەکرێت، بەڵام یاسایەک نییە کە سزای تاوانباران بدات و تا بێت ئەم تاوانانە پەرە دەستێنێت.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin