Smiley face
Smiley face
Smiley face

دەزگای ئاسایش: ئەو چەكدارانەی لە بەمۆ بینراون گومان دەکرێت داعش-بن

2018-01-23 13:08:20



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

دەزگای ئاسایش ڕایدەگەیەنێت، کە ئەو چەکدارانەی لە بەمۆ بینراون گومان دەکرێت کە چەتەی داعش بن، ئاشکراشی دەکات دوای خۆدزینەوەیان ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بونەتەوە و شەڕوپێكدادان ڕوویداوە و هەڵهاتوون.

 

شەوی ڕابردوو هێزەكانی ئاسایشی شارەدیی بەمۆ لەگەڵ هێزێكی چەكدار ڕووبەڕووبونەوە، ئەمڕۆ ئاسایشی هەرێم ڕوونكردەوەی لە بارەی ئەو هێزە چەكدارەوە بڵاوكردەوە.

 

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشی هەرێمدا هاتووە: پاش لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەر، بە فەرمانی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئێوارەی ڕۆژی 22 / 1 /2018 ئاسایشی گەرمیان، بنكەكانی ئاسایشی بەمۆ و مەیدان و دەربەندیخان ئۆپراسیۆنی كیوماڵكردنی ناوچەكەیان دەسپێكرد و توانیان شوێن و حەشارگەی چەكدارە نەناسراوەكان ئاشكرا بكەن، ڕووبەڕووی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو بوونەوە، دوای ئەوەی داوایان لێكرا ناسنامەیان ئاشكرا بكەن و خۆیان ڕادەستی هێزەكانمان بكەن، بەڵام دوای خۆدزینەوەیان ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بونەوە و شەڕوپێكدادان ڕوویدا و هەڵهاتن.

 

ئەوەش هاتووە کە: بەهۆی سەختی ناوچەكە هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان بەردەوام بوون و پلانی خۆیان گۆڕی، سەرەتا شاخی بەمۆ كۆنتڕۆڵكراو پاشان توانرا حەشارگەكەیان ئاشكرابكرێت و دەسبگیردرێت بەسەر چەكێکی (بیكەیسی )و (دوو كڵاشینكۆف)و یەك فەردە (تیئێنتی) و 17 گولەی (ئارپیجی) و چەندین سندوقی فیشەك و مەوادی خۆراكی.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیانراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: بەپێی زانیارییەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، چەكدارەكان گومانی تیرۆرستانی داعشیان لێدەكرێت و پێشتر زانیاری ورد هەبووە لەسەر جموجۆڵەكانیان لە ناوچەی حەمرین و لە ئێستاشدا هێزەكانی بەرێوبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، بەهاوكاری پۆلیسی گەرمیان و هێزێكی بەرگری و فریاكەوتنی دەربەندیخان بەردەوامن لە كیوماڵكردنی ناوچەكە و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكە، كۆمەڵانی خەڵكیش دڵنیا دەكەینەوە كە شەونوخوون دەبین و بە گیانمان خاكی هەرێم دەپارێزین.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin