Smiley face
Smiley face
Smiley face

قه‌یرانى دارایى و سیاسیی بەهۆکاری‌ بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تاوان دەزاندرێن

2018-01-25 10:31:06



ڕۆژنیوز- دانا عومه‌ر

 

لە ساڵی ڕابردوو ئامار‌ى ڕووداوه‌کانى هاتووچۆ و کوشتن و خۆکوشتن و تاوان به‌ڕێژه‌یه‌کى به‌رچاو به‌رزبوونەوە، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندییداره‌کان و ده‌رونناسان-یش هۆکاره‌که‌ى بۆ قه‌یرانى دارایى و سیاسیى ده‌گێڕننه‌وه‌.

 

هه‌موو کۆتایى ساڵێک به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم، ئامارى کار و چالاکیى و ڕووداوه‌کانى ئه‌و ساڵه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو، به‌ پێى ئامارى ساڵى 2017 ڕێژه‌ى ڕووداوه‌کانى هاتووچۆ و جیابوونه‌وه‌ وه‌ قۆڵبڕین زیادى کردووه‌ له‌چاو ساڵى 2016دا، به‌پێى ئامارێکى ڕۆژنیوزیش تاوه‌کو له‌ماوه‌ى 24 ڕۆژى سه‌ره‌تاى ساڵى 2018دا 27 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن له‌ باشوری کوردستان ڕوویانداوە.

 

بە وتەی سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى، له‌ساڵى 2018  دا لە سنووری شاری سلێمانی حاڵه‌تى کوشتن نییه‌، به‌ڵام چوار حاڵه‌تى خۆکوشتن تۆمارکراوە، هەروەها، هه‌ندێک حاڵه‌تى دزییکردن هەبوون و چه‌ند باندێکى دزییکردنیان ده‌ستگیرکردووه‌.

 

 

لەبارەی هۆکاری زۆربوونی تاوانەکانەوە، سەرکەوت ئەحمەد بە ڕۆژنیوزی وت:"قه‌یرانى دارایى و نه‌بوونى مووچه‌ و بێ پاره‌ییه‌".

 

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاماری ڕووداوەکانی هاتووچۆ-ش، کاروان محه‌مه‌د، وته‌بێژى پۆلیسى هاتووچۆى سلێمانى، به‌ ڕۆژنیوزى وت:"هۆکارى سه‌ره‌کیى تیژڕه‌ویى بووه‌، به‌ڵام خراپى ڕێگه‌وبانه‌کان و نه‌بوونى ترافیک و هێڵ و هێماى پێویستیش هۆکارى ترى ڕووداوه‌کانى هاتووچۆن".

 

 

‌کاروان، وتیشی:"بوونى ڕێگاى زۆرى یەک ساید و دروستنه‌کردنى ڕێگاى نوێ هۆکارێکى ترى ڕووداوه‌کانى هاتووچۆن، که‌ ئه‌وانیش به‌هۆى نه‌بوونى بودجه‌ى پێویسته‌وه‌یه‌".

 

کاروان محه‌مه‌د، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد، که‌ زیادکردنى سزاکانى هاتووچۆ نه‌یتوانیوه‌ ڕه‌وشى هاتووچۆ باشتربکات و وتى:"ئێمه‌ له‌کاتى خۆیدا سه‌رنجى خۆمان له‌سه‌ر زیادکردنى ڕسووماتى هاتووچۆ و پێبژاردنه‌کانى هاتووچۆ ده‌ربڕى، پێمان وابوو که‌ ئه‌وه‌ پلانێک بوو بۆ زیادکردنى داهات و که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجى، بەڵام پلانێکى جدى نه‌بوو بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ڕووداوه‌کانى هاتووچۆ".

 

هەر سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئەو ئامارانە، ته‌ها حسێن، ڕاوێژکارى ده‌رونیى، به‌ ڕۆژنیوزى وت:"هۆکارى سه‌ره‌کى ئه‌و بارودۆخه‌ گشتییه‌یه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستانى گرتووه‌ته‌وه‌، بەتایبەت قه‌یرانى درایى و سیاسیى".

 

 

تەها، ڕوونییکردەوە،"بارودۆخى دارایى وایکردووه‌، که‌ گه‌نج بێهیوا بێت له‌ دابینکردنى ئاینده‌ بۆ خۆی و ئه‌و خێزانه‌ى که‌ پێکیه‌وه‌ ناوه،‌ بۆیه‌ زۆرجار ئه‌و بێهیواییه‌ى به‌ جیابوونه‌وه‌ى خێزان کۆتایى دێت".

 

وتیشى:"تاکه‌کان به‌هۆى بارودۆخه‌ گشتییه‌که‌وه‌ که‌وتوونه‌ته‌ ژێر فشارێکى ده‌رونییه‌وه‌، ئه‌م فشاره‌ ده‌رونییه‌ش کاریگه‌ریى ده‌کاته‌ سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتى تاکه‌کان له‌گه‌ڵ ژینگه‌ى ده‌ورووبه‌رى، بۆنمونه‌ هه‌ڵسوکه‌وتى له‌گه‌ڵ هاوڕێ و ئه‌ندامانى خێزانه‌که‌یدا و هه‌ڵسوکه‌وتى له‌کاتى ئۆتۆمبێل  لێخوڕیندا هه‌تا ده‌گاته‌ کاره‌نى ترى ڕۆژانه‌ى".

 

ئه‌و ده‌رونناسه‌، تیشکى خسته‌ سه‌ر مه‌ترسى ئه‌و فشاره‌ ده‌رونییه‌ى، که‌ تاکه‌کان ڕووبه‌ڕووى بوونه‌ته‌وه‌ و وتى:"هه‌موو ئه‌و گرژییه‌ ده‌رونیانه‌ ڕووداوى خۆکوشتن و ڕووداوى دیکه‌ى لێده‌که‌وێته‌وه‌، که‌سێک بیر ده‌کاته‌وه‌ که‌ ناتوانێت بژێوى ژیانى دابین بکات کرێى خانوو بدات، بۆیه‌ له‌ژێر فشارێکى ده‌رونیى قورسدا په‌نا ده‌بات بۆ خۆکوشتن یان ئازاردانى خۆى و که‌سانى ده‌روبه‌رى".

 

بە وتەی تەها حسێن، "ئه‌و فشاره‌ ده‌رونییه‌ى سه‌ر تاکه‌کان زۆر به‌ ئاسانى ناڕه‌وێته‌وه‌، چونکە تاک متمانه‌ى به‌ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌".

 

سەبارەت بە چارەسەرییەکان-یش، ئەو دەرونناسە، وتی:"دەبێت‌ چاره‌سه‌رى قه‌یرانى داریى و سیاسیى بکرێت، چاره‌سه‌رێکى تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ تاکه‌کان بگونجێن له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌که‌دا، که‌ به‌بڕواى من ئه‌وه‌ى دووه‌میان ئاسته‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌ت نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تاکه‌کان خۆیان له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌که‌دا بگونجێنن، بۆیه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌رى دۆخه‌ گشتییه‌که‌ بکرێت که‌ قه‌یرانى دارایى و سیاسییه‌".

 

ش.ف-س



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin