Smiley face
Smiley face
Smiley face

جەژنی پیرشالیار لە هەوراماندا.. بەوێنە

2018-02-01 09:17:10



ڕۆژنیوز ـ جیهاد هەورامی

 

بە هاتنی یەكەمین چوارشەمەی چلەی زستان، خەڵكی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕوودەكەنە هەورامانی تەخت بۆ ئەنجامدانی جەژنی هەزار ساڵەی پیرشالیار و بە دابەشكردنی مێوژ و لێدانی دەف و مەراسیمی عاریفانەی دەروێشان، ئەو جەژنە شكۆدارتر دەكەن.

 

نزیكەی هەزار ساڵە خەڵكی هەورامان یادی پیرشالیار دەكەنەوە، كە یەكێكە لە ٩٩ پیرە بەناوبانگەكانی هەورامان لە سەردەمی ئایینی زەردەشتدا، خەڵك بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە ئەنجامدانی چەندین مەراسیم و چالاكی، جەژنی پیرشالیار بەڕێوەدەبەن.

 

ئەمساڵیش خەڵكی هەورامان بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە لە دوێنێوە دەستیان بە ئەنجامدانی ئەو مەراسیمە كردوە و لە دەستپێكی یەكەم ڕۆژیشدا هەستان بە ئامادەكردنی خواردن لە بەردەم مەزارگەی پیرشالیار، كە بەشێكی ئەو خواردنە بۆ خێر لەناو هەورامانی تەخت دابەشی دەكەن و بەشێكی دیكەشی بۆ لێنانی چێشت بۆ میوانان ئامادە دەكرێت.

 

دوا نیوەڕۆی یەكەمی جەژنی پیرشالیار، كە دوێنێ‌ دوانیوەڕۆ بوو، تایبەتە بە مەراسیمی عیرفانی دەفژەنین و زیكر و حاڵی دەروێشان، كە پێكەوە دەست لەناو دەستی یەك لەگەڵ گەنجان و پیاوان هاوتا لەگەڵ ژەنینی دەفەكان دەستپێدەكەن تا ئێوارەی ئەو ڕۆژە.

 

فەهمی مورادی چالاكوانێكی كۆمەڵگەی مەدەنی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر مێژوو و چۆنیەتی بەڕێوەچونی ئەم جەژنە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت:"ئەم جەژنە كە تایبەتە بە پیرشالیار، یەكێكە لەو ٩٩ پیرە پیرۆزەی ئایینی زەردەشت كە پێش هاتنی ئیسلام هەورامییەكان پەیڕەویان دەكرد، لەو سەردەمەوە تاوەكو ئێستاش ساڵانە جەژنی پیرشالیار پیرۆز دەکرێت.

 

 

وتیشی:"پێش دەستپێكی ئەم جەژنە، بۆ ئامادەكاری تەواو خەڵكی هەورامانی تەخت هەڵدەستن بە دابەشكردنی گوێز لەناو كاسەیەك بەسەر ماڵاندا، كە واباوە ئەو ماڵانەی كە گوێزەكە وەردەگرن كاسەكە پڕ دەكەن لەنۆك و گەنم چەند خواردنێكی دیكەی سەردەمانی پێشوو، بۆ ئەوەی لەماوەی ئەو سێ ڕۆژە بكرێت بە خواردن بۆ میوانەكان و ئاگاداربونی هاوڵاتیانیش لە نزیكبونەوەی جەژنی پیرشالیار".

 

ئەو چالاكوانە باسی لەوەش كرد: خۆشبەختانە ئەم جەژنە لای ئێمەی هەورامی ساڵ دوای ساڵ زیاتر گرنگی پێ دەدرێت و وەكو كلتورێكی كۆنی خۆمان پارساتومانە و هەر لەلایەن خودی هاوڵاتیانی ناوچەكە سەرپەرشتی دەكرێت و بەڕێوەدەچێت، ئێستاش جگە لە میوانانی ناوەوەی هەورامان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، چەندین میوانی بیانیش تایبەت دێن بۆ لە نزیكەوە بینینی ئەم جەژنە.

 

 

فەهمی مورادی زیاتر باسی لەو جەژنە کردو وتی: بە درێژایی بەڕێوەچونی ئەو سێ ڕۆژەی جەژنی پیرشالیار بە كۆمەڵێك چالاكی و مەراسیمی تایبەت یادی جەژنەكە دەكەینەوە، لە كۆتایی شەوی جەژنەكەش هەمووان لە شوێنێك كۆدەبنەوە وەك شەوچەرەیەك بەدیار باسكردنی جەژنەكە و كەسایەتی پیری زەردەشت و پیرشالیار و خواردنی چەرەساتی وەك مێووژ و كاكڵە گوێز و توە وشك و چەند شتێكی دیكە.

 

ئایینی زەردەشتی ئاینێكە لەسەر بنەمای بیروبۆچوونەكان و بڕواكانی زەردەشت پێكھاتووە، كە پەیامبەرێکی كورد بووە، ئەم ئایینە جیھان وەكو دووبەرەكییەكی بەردەوام دەبینێت لەنێوان ھێزی چاكە و ھێزی خراپەدا.

 

خوداوەندی ئاھورامەزدا لە ئاینی زەدەشتدا خودای چاكە و حیكمەتە، دانەر و پێكھێنەری ئەم جیھانەیە، ئەھریمەن-یش خودای شەڕ و خراپەكارییە، مرۆڤیش بوونەوەرێكی ئازادە، هەروەها بنەما سەرەكییەكانی ئاینی زەردەشت بریتین لە بیری چاك، وتەی چاك، كرداری چاك.

 

ئایینی زەردەشت بە شێوەیەكی گشتی لەناو كوردەكان و پاشان فارسەكان بڵاوبووەوە و لە سەدەی شەشەمی پێش زایین بوو بە ئایینێكی سەرەكی لە ناوچەكەدا و ئایینێكی گرنگ بوو و بڕواداری زۆری بوو.

 

 

ك.ك



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin