Smiley face
Smiley face
Smiley face

"دەبێت بەرخۆدانی عەفرین بکەینە بناغەی سوپایەکی هاوبەش"

2018-02-01 10:15:53



ڕۆژنیوز ـ جیهاد هەورامی

 

بەشێك لە چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەڵەبجە باس لەوە دەكەن، دەبێت بەرخۆدانی عەفرین بكەینە بناغەی بنیاتنانی سوپایەكی هاوبەش لەهەر چوار پارچەی كوردستان.

 

ئەمڕۆ ١٣ ڕۆژە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر عەفرین بەردەوامە، دەوڵەتی تورك بە هەموو توانایەوە لە زەمینی و ئاسمانەوە هێرش دەكات، بەڵام بەهۆی بەرخۆدانی شەڕڤانانەوە تا ئێستا نەیتوانیوە عەفرین داگیربكات، لەو بارەیەوە بەشێك لە چالاكوانانی هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

 

هاوسەر هەورامی چالاكوانێكی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەڵەبجە دەڵێت: بۆ ڕێگریكردن لەهەر جۆرە هێرشێكی وڵاتانی داگیركەر و پاراستنی خاكی چوار پارچەی كوردستان پێویستمان بە دامەزراندنی سوپایەكی هاوبەش هەیە.

 

 

دەشڵێت:"دەبێت بەرخۆدانی عەفرین بكەینە بناغەی بنیاتنانی سوپایەكی هاوبەش لە هەر چوار پارچەی كوردستان بۆ ئەوەی چیتر دوژمنانی گەلەكەمان نەوێرن هێرش بكەنە سەرمان و بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیش بۆ سەر عەفرین، لەئێستادا باشترین هەلە بۆ دامەزراندنی ئەو سوپایە".

 

ئەو چالاكوانە نمونەی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە-ی هێنایەوە كە لەهەر شوێنێك مەترسی لەسەر كوردستان بێت لەوێ ئامادەن، ئەوەشی وت:"تەنها هێزێكی نیشتیمانی كە بتوانێت بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە-ن، بۆیە پێویستە تەواوی هێزەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ئەم هێزە بكەنە سەرمەشق و دەروازەی دامەزراندنی ئەو سوپا هاوبەشە، كە بەدوور بێت لە هەموو جۆرە ئینتیمایەكی حزبیی و ئایینی و نەتەوەیی دیاریكراو".

 

هەروەها بەختیار كاكەیی چالاكوانێكی دیكەی هەڵەبجەیە، باس لەوە دەكات:"دەوڵەتی فاشیستی تورك لە یادی ٧١ ساڵەی دامەزراندنی كۆماری كوردستان بە ٧٢ فڕۆكە هێرشی كردە سەر عەفرین بە ئامانجی لە ناوبردنی كورد، بۆیە دەخوازین كە هەموو لایەك لە چوار پارچەی كوردستان بۆ بەرگری لە عەفرین سوپایەكی هاوبەش دروست بكەن بۆ بەگژداچوونەوەی هێرشی دوژمنانی گەلەكەمان".

 

 

ئەو چالاكوانە باس لەوەش دەكات: تەنها ئومێدی ئێمەی كورد لەم قۆناغەدا بە هێزەكانی شەڕڤانان و هەپەگە و یەپەژەیە، كە دەتوانن پارێزگاری لە خاكی كوردستان بكەن لە هەر شوێنێك كە دوژمن بیەوێ هێرش بكات ئەوان ئامادەی خەباتن، وەك چۆن لە كۆبانی چەتەكانی داعشیان تێكشكاند و ئێستاش لە بەرخۆدانێكی مەزندان لە دژی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك.

 

ك.ك



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin