Smiley face
Smiley face
Smiley face

داوای سانسۆرکردنی درامای تورکیی دەکرێت

2018-02-01 11:38:57



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

پەخشکردنی دراما تورکیەکان لە میدیای کوردیدا ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە و ڕۆژنامەنووسێک نیگەرانە لەوەی کلتوری کۆمەڵگا تێکدەدات و ڕێکخەری سەنتەری میترۆش دەڵێت: ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو درامایانە بکات و سنوورداریان بکات.

 

دەوڵەتی تورک نەک هەر بە هێرشە سەربازییەکانی هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات، بەڵکو لەڕێگەی دراماکانیشەوە سوکایەتیی بە کورد دەکات و دەیەوێت کلتوری کۆمەڵگەی کوردیی لەناوببات، ئەو درامایانەش لەلایەن کۆمپانیا و تەلەفیزیۆنە کوردییەکانەوە دۆبلاژ دەکرێن و ئێواران لەسەر ڕێگای شاشەکانیانەوە دەیبەنە ناو ماڵان.

 

هاوژین غەریب، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بە خراپییەکانی دۆبلاژکردنی ئەو درامایانە کرد و بە ڕۆژنیوزی وت: بەوهۆیەوە پارەیەکی زۆر بەفیڕۆ دەچێت، هەروەها پەند و ئامۆژگاری لە دراما تورکییەکاندا زۆر کەمترە، تەنانەت ئاست نزمترین درامای کوردی دەتوانێت کوالێتی لەو دراما تورکیانە بەرزتر بێت.

 

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە، وتیشی:"لە ڕووی ڕەوشتی کۆمەڵگاشەوە کاریگەریی نەرێنیان هەیە و ڕەوشتی تاکەکانیان تێکداوە، منداڵانیشمان وتە نەشیاوەکانی ئەو درامایانە دەڵێنەوە، بۆیە ئەرکی تەواوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە کە ڕووبەڕووی ئەم لێشاوەی دراما تورکیەکان ببنەوە کە زۆر بە بەرنامە داڕێژراوە".

 

هەروەها، دیاری محەمەد، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان بە ڕۆژنیوزی وت:"کەناڵە کوردییەکان پەخشێکی زۆریان تەرخان کردووە بۆ دراما تورکیەکان، ئەم پەخشکردنە بە شێوەیەکی بەربڵاو بە کارێکی باشی نازانین".

 

 

دیاری، وتیشی:"بە ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەزانین، کە هەڵسێت بە سنوردارکردنی ئەو دراما تورکیانە و  پەرە بە درامای کوردیی، چەندەها بەم ڕێگەیە هەم کلتوری خۆمان دەپارێزین و هەمیش ڕێگە دەگیرێت لەوەی درامای بیانی هێرش بکاتە سەر کۆمەڵگەی کوردیی''.

 

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، ڕاشیگەیاند:"ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیریە کە لیژنەیەک دروست بکات تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ دراماکان بکات و بزانێت تا چەند لەگەڵ کلتوری کۆمەڵگای کوردیی دەگونجێت و چ کارگەرییەک بەجێدەهێڵێت، ئەوسا مۆڵەتی بڵاوکردنەوەیان پێبدرێت".

 

دیاری، وتیشی:"وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئەوەندەی مەرامی سیاسیی و دەستی حزبی زاڵە تێیدا، ئەوەندە ناتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەڵکو یاسا شکێنی دەکات".

 

 

ک.ک



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin