Smiley face
Smiley face
Smiley face

كارەكانی لیژنەی باڵای وردبینی مووچە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستیپێكرد

2018-02-01 12:43:45



ڕۆژنیوز ـ ناوەندی هەواڵەكان

 

بە ئامانجی وردبینیكردن لە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، لیژنەی باڵای وردبینی مووچە، كەلەلایەن حكومەتی عێراقەوە پێكهاتووە، كارەكانیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستپێكرد.

 

ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی عێراقی بە سەرۆكایەتی د. محەمەد عەبد عەتیە سەراج بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقی سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی-یان كرد و لەگەڵ یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا كۆبوونەوە.

 

د. محەمەد عەبد عەتیە سەراج سەرۆكی لێژنەی باڵای وردبینی حكومەتی عێراقی، كە لەهەمان كاتدا بریكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، باسی لە كارنامەی لێژنەكەیان كرد و ڕایگەیاند: لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند كۆبوونەوەیەكی سەركەوتوومان لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەنجامداوە لەسەر وردبینی مووچە.

 

لەبەرامبەریشدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئامادەیی تەواوەتی وەزارەتەكەی بۆ سەرخستنی كارەكانی لیژنەی وردبینی مووچە دەربڕیوە، بۆ وردبینیكردن لە موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان.

 

ئەوەشی وتووە: ئەم كارانە سەرەتایەكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە گرنگە كە لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانەوە كارەكانتان دەستپێكردووە، شانبەشانی چارەسەركردنی ئەو كێشانە هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان دەنێین.

 

دوابەدوای دیدارەكەیان لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لێژنەكەی عێراق لە هۆڵی كۆبونەوەكانی دیوانی وەزارەت دەستیان بە كارەكانیان كرد، كە بریتییە لە وردبینیكردن لە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان.

 

ك.ك



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin