Smiley face
Smiley face
Smiley face

حکومەتی عێراق بڕیاری داخستنی مەرزە لاوەکییەکانی هەرێمی دەرکرد

2018-02-02 19:49:17



ڕۆژنیوز- هاوكار مستەفا

 

بە بیانووی تۆمارنەكردنی مەرزە لاوەكییەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە لە سبەینێوە سەرجەم مەرزە لاوەكییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران دابخرێن.

 

بە بڕیاری حكومەتی عێراق، لە سبەینێوە مەرزی شۆشمێ، لەسنوری شارەدێی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە و مەرزەکانی هەڵاڵاوا و توتمان، لە سنوری شارۆچکەی پێنجوێن و مەرزی پشتە لە سنوری شارەدێی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، تا كاتێكی نادیار دادەخرێن.

 

حەمید بارام، بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە-ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە هێزەكانی پاسەوانی سنوری ناوچەكە ئاگاداركرانەوە، كە دەبێت سەرجەم مەرزە لاوەكییەكان لەگەڵ ئێران دابخەن، هێزەكانی پاسەوانی سنوریش ئێمەیان ئاگادار كردەوە كە لەسبەینێوە ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ دەكەن و مەرزی بازرگانی شۆشمێ‌ لە سنوری شارەدێی بیارە دادەخەن.

 

حەمید بارام

 

هەروەها، ڕائید دلێر فەرەج، سەرپەرشتیاری مەرزی سەیران بەن لە سنوری شارۆچكەی پێنجوێن، بە ڕۆژنیوزی وت: ئەو بڕیارەی حكومەتی عێراق مەرزەكانی سنوری ئێمەش دەگرێتەوە جگە لە مەرزی باشماخ و سەیرانبەن، بۆیە لە سبەینێوە مەرزەكانی هەڵاڵاوا و توتمان لە سنووری شارەدێی گەرمك دادەخرێن و كاریان تێدا ناكرێت.

 

ڕائید دلێر فەرەج

 

هەر لەوبارەیەوە، عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری شارەدێی بەمۆ-ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز ئەوەی وت: بڕیاری داخستنی مەرزە لاوەكییەكان گەیشتوەتە دەست هێزەكانی پاسەوانی سنور و بەهۆیشەوە مەرزی پشە لەسنوری شارەدێی بەمۆ دادەخرێت.

 

عادل مەلا ساڵح

 

لەبارەی هۆكاری داخستنی ئەو مەرزانە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە، عادل مەلا ساڵح وتی: سەرجەم ئەو مەرزە لاوەكیانەی دەكەونە سنوری نێوان عێراق و ئێران لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق تۆمارنەكراون و داهاتەكەیان ناگەرێتەوە بۆ ئەو وەزارەتە، بۆیە تا ئەوكاتەی لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە بڕیارێك لەبارەی ئەو مەرزانەوە دەدرێت بەداخراویی دەمێننەوە.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin