Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنان لە باشورەوە پشتگیریی خۆیان بۆ بەرخۆدانی عەفرین دووپاتکردەوە

2018-02-03 14:09:39



ڕۆژنیوز ـ سەمیرا شەهابی

 

لە باشوری کوردستانەوە ژنان بە چالاکییەک پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرخۆدانی ژنان و گەلی عەفرین دووپاتکردەوە.

 

ئەمڕۆ لە لە پارکی دایک-ی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و کۆنگرەی ستار، یەکێتی ژنان، ژنانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، حزبە ئیسلامییەکان و نوێنەری ژمارەیەکی دیکە لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان و ژانانی ئاوارەی ڕۆژئاوا، بە دروشمی "عەفرین هاواری هەموو ژنانی ئازادییخوازە"، گردبوونەوەیەکیان بۆ پشتیوانیی بەرخۆدانی عەفرین ئەنجامدا.

 

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و پاشان وتاری پشتیوانی عەفرین لە لایەن نوێنەری هەریەک لە حزبانەوە خوێندرایەوە.

 

سەرەتا، سازان عەبدوڵا، هەڵسوڕاوی گۆڕان وتی:"ئیدانەی ئەو هێرشانە تورکیا بۆ سەر گەل و ژنانی عەفرین دەکەین، خۆڕاگریی ژنانی عەفرین وزە دەدات بە ئێمەی ژنانی باشور و پێیان سەربەرزین کە لە سەنگەرەکاندا شەڕ دەکەن لە دژی دووژمن".

 

 

سازان، وتیشی:"داواکارم لە هەموو لایەنەکان، کە لە بەرەی خیانەت بێنەدەرەوە و بێدەنگی بشکێنن، یەک میللەتین و زامەکانمان یەکە".

 

دواتر، سەیوان ڕۆستەم، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان ڕایگەیاند:"ژنانی کورد لە عەفرین دووپاتیان کردەوە، کە کەس چۆکیان پێنادا و هەزاران چڵە زەیتون دەکەنەوە بە چاوی دووژمناندا، ئەوان بەوپەڕی سەربەرزییەوە لەپێناو گەل و خاکدا دەجەنگن و دەبێت ئێمە خاوەنداریی لەو تێکۆشانە بکەین".

 

 

 هەروەها، بێریڤان محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان وتی:"تێکۆشانی عەفیرن تێکۆشانی سەدەیە و سەرکەوتنی ژنە لە هەموو جیهاندا، سیستمی دەسەڵاتداریی تێک چووە و لە بەرامبەر ئەوسیستمەدا، ژنانی ڕۆژئاوا تێکۆشان ئازادیی بەڕێوەدەبەن".

 

 

بێریڤان، وتیشی:"هەر لایەنێک پشتیوانیی لە دەوڵەت بکات ، دەبێت باش بزانێت، کە ژنانی تێکۆشەر سەردەکەون و به دروشمی "ژن ژیان ئازادیی" جارێکی تر ژیان دەخوڵقێتەوە، ئیرادەی ژنانیش لە ژنانی گەنجی تێکۆشەر بیندرا، کە چۆن لە بەرامبەر لولەی تفەنگەکانی پارتی وەستانەوە".

  

پاشان، جیهان خەلیل، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە بارەی بەرخۆدانی عەفرینەوە وتی:"بەرخۆدانی ژنانی عەفرین شکاندنی دیواری زهنیەت و پیاوسالارییە، ئەوان لە دژی هەموو زهنییەتە دەستکردەکاندا تێکۆشانی خۆیان بە گیان و خوێن دەپارێزن".

 

 

جیهان خەلیل، وتیشی:"ئێمەی ژنان دەبێت بە شێوازی جیاجیا و بە یەکێتی بەهێز هەنگاوی سەرکەوتن هەڵبێنین و هەردەم پشتگیریی لە خەباتی ڕۆژئاوا بکەین".

 

لە کۆتایشدا شنۆعەبدوڵا، نوێنەری تۆڕی ڕێکخراوەکانی باشوری کوردستان ڕایگەیاند:"ئێمە وەک ڕێکخراوەی ژنانی باشووری کوردستان، ئێدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەکرێتە سەر گەلی عەفرین و بە دەیان کەس بوونەتە قوربانی و هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ ژنانی عەفرین دووپات دەکەینەوە".

 

 

چالاکییەکە، کە بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادیی" کۆتایی هات.

 

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin