Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئامنستی ئینتەرناشناڵ داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی ڕامین حسێن پەناهیی کرد

2018-02-06 09:22:16



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

ڕێکخراوی ئامنستی ئینتەرناشناڵ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای کرد، سزای سێدارەی ڕامین حسێن پەناهی هەڵوەشێتەوە، چونکە سزایەکی ناعادلانەیە.

 

شەوی ڕابردوو ئامنستی ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە سزای سێدارەی ڕامین حسێن پەناهی ڕاگەیەندراوێکی ئاڕاستەی ڕایگشتی کرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەرپرسانی ئاسایش و دادی ئێران بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە ئەو سزایەیان بە سەر ڕامین حسێن پەناهیدا سەپاندووە، سزاکە لە ئەنجامی پرۆسەیەکی ناعادلانە و چوار مانگ بێ ئاگایی لە ڕامین دەرکراوە، بۆیە سزاکە لە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەبێت هەڵوەشێتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوی ئامنستی ئینتەرناشناڵ دا ئەوەش هاتووە: هەفتەیەک پێش ئێستا بەرپرسێکی وەزارەتی ئیتلاعات لە زینداندا سەردانی ڕامین حسێن پەناهی کردووە و پێی وتووە لە ئەگەری ئەوەی قبوڵی بکات دانپێدانانی تەلەفیزیۆنی تۆمار بکات سزاکەی لە سێدارەوە بۆ زیندان دادەبەزێت، داواشی لێکردووە، کە گروپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان بە تیرۆریست ناوزەد بکات لە دانپێدانانە تەلەفیزیۆنییەکەیدا، بەڵام حسێن پەناهی ئەو داواکارییەی ڕەتکردووەتەوە و بەرپرسەکەی ئیتلاعاتیش پێی وتووە، ئەو پێداگرییە ژیانت لێدەستێنێت.

 

ڕۆژی ٢٥ی مانگی ڕابردوو لقی شاری سنەی دادگای شۆڕشی ئێران ڕامین حسێن پەناهیی تاوانبارکرد، بە دژایەتیی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامبوون لە کۆمەڵەدا سزای سێدارەی بە سەردا سەپاند، لە ڕۆژی دواترەوە ڕامین حسێن پەناهی و ئەفشین حسێن پەناهی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەدا مانیان لە خواردن گرت بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو سزایە.

 

جێگای ئاماژەیە، کە ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، دەستەیەکی چوار کەسی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان-ئێران، لەناو شاری سنە کەوتنە بۆسەی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و پێشمەرگەیەکیش بەناوی ڕامین حسێن پەناهی بە برینداری کەوتە دەست هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، پاشان بەهۆی براکەیەوە ئەفشین-یش دەستگیرکراو رەوانەی زیندانی ناوەندی سنە کرا.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin