Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژن و پیاوێک ماڵەکەیان دەکەنە مۆزەخانەی کەلەپووری.. بەوێنە

2018-02-07 09:14:46



ڕۆژنیوز - هاوکار مستەفا

 

ژن و پیاوێک لە خۆشەویستیان بۆ کەرەستە مێژوویەکان و پاراستنیان لە لەناوچوون ماڵەکەیان کردووەتە مۆزەخانەی کەلەپووری.

 

غەفور و خێڵان، دوو هاوسەرن کە لە شارۆچکەی سەیدسادق-ی سەر بەپارێزگای سلێمانی دەژین، ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەرەستە و کاڵا و شمەکی مێژووی و کلتوری و کەلەپوری و شوێنەوارییەکانن، بەهاوکاری یەکتریش توانیویانە مۆزەخانەیەک دروست بکەن کە بووەتە جێگەی سەرنجی هاوڵاتیانی شارۆچکەکە.

 

غەفور ڕەحمان، لە بارەی بیرۆکە و هۆکاری دروستکردنی ئەو مۆزەخانەیە لە ماڵەکەیدا بۆ ڕۆژنیوز وتی: بیرۆکەی دروستکردنی ئەم مۆزەخانەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان کە خەڵکی کەمدەرامەت بوون بۆ دەستکەوتنی سەرچاوەی داراییان ڕوویان لەو ناوچانە دەکرد کە گومانی بوونی ئاسەواری کۆنی لێ دەکرا، بۆیە منیش بیرم لەوەکردەوە کە بۆ پاراستنی ئەو کەرەستە مێژوویی و ئاسەوارە کۆنانە لە مەترسی لەناوچوون دەستبکەم بە کۆکردنەوەیان.

 

 

وتیشی: دوای کۆکردنەوەی بەشێکی زۆری کەرەستە و شمەکی کلتوری و شوێنەواری بیرم لە دروستکردنی مۆزەخانەیەک کردەوە بۆ نمایشکردنیان، بۆ ئەو مەبەستەش ماڵەکەی خۆم بە باشزانی، ئێستا لە ژورێکی ماڵەکەم دا نمایشم کردووە، بەڵام شوێنەکەی بچووکە، شوێنی ئەو هەموو کەرەستانەی تیادا نابێتەوە کە ماوەی زیاد لە ٢٥ ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەیانم".

 

هەموو ئەو کەرەستە و شمەکانەی لە مۆزەخانەکەمدا نمایشمکردوون مێژوویەکی کۆنیان هەیە، بە نمونە مارێکی بە بەردبووم پاراستووە کە بەگوێرەی وتەی مێژوونووسان و شوێنەوارناسان مێژووەکەی بۆ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی دراوی سەردەمی ڕۆمەکان و ساسانییەکان و چەند دراوێکی کۆنی تری لای خۆی پاراستووە.

 

خێڵان عومەر، کە هاوسەری غەفورە دەڵێت: ئەوەی زیاتر بووەتە جێگەی خۆشحاڵی من و هاوژینکەم ئەوەیە کە لە ئێستادا بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی سەیدسادق ئەوە دەزانن کە ئێمە لەماڵەوە مۆزەخانەیەکی کۆنمان دروستکردووە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆریان سەردانمان دەکەن و وێنە و ڤیدۆی مۆزەخانەکە تۆمار دەکەن، ئەمەش نەبووەتە هۆی ئەوەی ئێمە بێزار بین، بەڵکو دەرگامان کراوەیە، چونکە ئەم مۆزەخانە بە موڵکی سەیدسادقی دەزانین.

 

 

بەهۆی ئەوەی لە سنورەکەدا مۆزەخانەیەکی لەم شێوەیە بوونی نییە، ئەمە بووەتە جێگەی سەرنج و دەستخۆشی بەرپرسانی شارۆچکەکە، خێڵان دەشڵێت: هەر ئەوەش وایکردووە کە هەر کەسێک کەرەستە یان کاڵایەکی کۆنی دەست بکەوێت دەیهێنێت بۆمان، چونکە دەزانێت ئێمە لە مەترسی لەناوچوون دەیپارێزین و لە مۆزەخانەکەماندا نمایشی دەکەین.

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin