Smiley face
Smiley face
Smiley face

حزبی شیوعی: له‌دوای ڕیفراندۆم حکومه‌ت ڕاوێژی پێ نه‌کردووین

2018-02-07 09:33:42



ڕۆژنیوز - قه‌ره‌چوغ ئه‌نوه‌ر

 

سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، که‌ بڕیاریانداوه‌ به‌لیستی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق بکه‌ن، ده‌شڵێت: له‌دواى ڕیفراندۆمه‌وه‌ حکومه‌تى هه‌رێم هیچ ڕاوێژێکى پێنه‌کردووین.

 

د.کاوه‌ مه‌حمود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ڕۆژنیوزدا وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیار له‌باره‌ى بارودۆخى هه‌رێمى کوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان و هێرشى تورکیا بۆسه‌ر کانتۆنی عه‌فرین، دەداتەوە.

 

ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

 

-بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێمی کوردستان شیوعی هه‌ڵوێستی چییه‌ و تا چه‌ند به‌ڕێوه‌چوونی له‌کاتی خۆیدا به‌ گرنگ ده‌زانن؟

 

"له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردن و درێژکردنه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان نه‌بووین"

 

کاوه‌ مه‌حمود: ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ باسی ئه‌وه‌مان کردووه‌، که‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌کاتی خۆیدا بکرێت و له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌کان و درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان نه‌بووین، به‌ڵام که‌ کرا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ دانین چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بکرێت ئه‌م درێژکردنه‌وه‌یه‌ ته‌واوبێت، به‌ڵکو ده‌مانه‌وێت به‌خێراترین کات هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وه‌ش له‌ ڕوانگه‌یه‌کی به‌رژه‌وه‌ندی حزبایه‌تیه‌وه‌ نییه‌، چونکه‌ خۆمان ده‌زانین قه‌واره‌ی حزبی ئێمه‌ چه‌نده‌، به‌ڵام له‌ ڕه‌وانگه‌یه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م گیروگرفتانه‌ی هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌م هه‌رێمی  کوردستان باشترین ڕێگه‌چاره‌ بۆى هه‌ڵبژاردنه‌، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنێکی پاکو بێگه‌رد.

 

-له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقدا، حزبى شیوعى هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکدا ده‌کات؟

 

"بڕیارماندا به‌سه‌ربه‌خۆیی به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق بکه‌ین"

 

کاوه‌ مه‌حمود: سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق پێش هه‌موو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ئێمه‌ وتوومانه‌ لیستێکی یه‌کگرتوویی هه‌رێمی کوردستان گرنگه‌، وه‌ک حزبی شیوعی ئه‌گه‌ر کورسیمان هێنا یان نه‌مانهێنا ئه‌وه‌ نه‌مانویستووه‌ ده‌نگه‌کانمان به‌فیڕۆ بڕوات، چونکه‌ بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ی ته‌سکی حزبایه‌تیدا نییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و لیسته‌ یه‌کگرتووه‌ کوردییه‌ی باسمانکرد دروست نه‌بوو واته‌ دابه‌شبوون دروستبوو، بۆیه‌ بڕیارماندا به‌سه‌ربه‌خۆیى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق بکه‌ین ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه‌ توانامان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئێجگار سنوورداره،‌ چونکه‌ یاساکه‌ خراپه‌ و عێراق وه‌ک یه‌ک بازنه‌ دیاری نه‌کراوه‌.

 

-به‌باوه‌ڕی ئێوه‌، دوای هەڵبژاردن که‌رکوک چی به‌سه‌ر دێت؟

 

" دابه‌شبوونى لایه‌نه‌ کوردییه‌کان کاریگه‌ریى له‌سه‌ر ده‌نگى کورد ده‌بێت"

 

کاوه‌ مه‌حمود: ڕووداوه‌کانی ١٦ ئۆکتۆبه‌ر کارتێکردنێکی زۆر هه‌بوو له‌سه‌ر ناوچه‌ کوردستانیه‌کان، ئه‌وانه‌ی که‌کراوه‌ به‌قسه‌ی به‌شێک له‌ به‌رپرسانی حزبی ده‌عوه‌ و ته‌نانه‌ت نوری مالکی-ش، ده‌ڵێن، که‌ گه‌یشتووەته‌ حاڵه‌تێک ده‌چێته‌ خانه‌ی جینۆساید، ڕاسته‌ ئێمه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین ده‌چینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌ڵام ئایا هه‌ڵبژاردنێکی بێگه‌رد له‌م ناوچانه‌ هه‌یه‌؟ تا دوایین ڕۆژی پرۆسەکه‌ وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌بڕوای ئێمه‌ ئه‌م که‌شه‌ هه‌ستی پێناکرێت و هیوادارین دۆخێکی دیموکراسی هه‌بێت.

 

- ئایا کورد له‌ هێزی یه‌که‌می شاره‌که‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ پێی ده‌نگدان؟

 

"دابه‌شبوونی لایه‌نه‌ کوردییه‌کان کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌نگی کورد ده‌کات"

 

کاوە مەحمود: دابه‌شبوونی لایه‌نه‌ کوردییه‌کان به‌لیستی جیاواز کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگی کورد ده‌کات، ڕاسته‌ له‌دوای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، که‌ کورد چۆن و له‌گه‌ڵ کێ به‌شداریی حکومه‌ت ده‌کات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ شتێک نییه‌ له‌ده‌ستوری عێراق باس له‌ هاوبەشیی بکات، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی کوردسیه‌کانی کورد ر ٦٠ بۆ ٦٥ کورسى بێت ئه‌وه‌ زۆر کاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌غدا دروست ناکات، ته‌نها ده‌توانێت فشار له‌سه‌ر هه‌ندێک حاڵه‌تێکی دیاریکراو دروست بکات چونکه‌ ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت عێراق له‌ژێر ده‌ستی خۆی بێت.

 

- له‌ خورماتوو ئاڵۆزییه‌کان به‌رده‌وامه‌، شیوعی هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌کی کردووه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کاندا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان؟

 

"به‌م عه‌قڵیه‌ته‌ی ئێستاوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کان بکه‌ن هیچیان پێناکرێت"

 

کاوە مەحمود: یه‌که‌م باره‌گا له‌ خورماتوو باره‌گاى ئێمه‌ بوو سوتێندرا و ته‌خت کرا، بابه‌ته‌که‌ باره‌گا سوتاندن نییه‌ به‌ڵکو ڕەوشی خه‌ڵکه‌که‌یه،‌ پێمان وایه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ کوردییه‌کان به‌م عه‌قڵیه‌ته‌ی ئێستاوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کان بکه‌ن هیچیان پێناکرێت، به‌داخه‌وه‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییش بێ ده‌نگه‌، پێیوایه‌ شتێکی ئاساییه‌ خه‌ڵکه‌که‌ له‌م ناوچانه‌ به‌رده‌وام ژیان له‌ژێر چادر به‌ڕێ بکه‌ن، له‌لایه‌کی تر رێکخراوه‌کانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان پێیانوایه‌ کاریان ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵک ئاواره‌ بێت و به‌تانییه‌ک و چادرێک به‌سه‌ریاندا دابه‌ش بکه‌ن ئه‌مه‌ ڕاستی تابلۆکه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی تر بیربکه‌نه‌وه‌، ناکرێت هه‌موو ڕۆژ بڵێن ئێمه‌ ئاماده‌ین گفتوگۆ بکه‌ین به‌س به‌غدا ئاماده‌نییه‌، ئه‌م بالوره‌یه‌ سواوه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی کوردیی به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ تاکو به‌رگریی له‌ ئیراده‌ی خۆی بکات ئه‌گینا ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێستا گه‌لی کورد ده‌سته‌مۆ ده‌کات و توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌رگری نامێنێت.

 

-له‌ ڕیفراندۆمدا شیوعی پشتیوانیی به‌ڵێ بوو، ڕاوێژی پێدەکرا، ئێستا دانووستان لەگەڵ بەغدا ده‌ستیپێکردووه‌ته‌وه‌، ئێوه‌ تا چه‌ند ئاگاداری دانوستانه‌کانن؟

 

" له‌دوای ڕیفراندۆم حکومه‌ت ڕاوێژی پێ نه‌کردووین"

 

کاوه‌ مه‌حمود: ئێمه‌ له‌به‌ر خاتری حکومه‌تی هه‌رێم به‌شداریی ریفراندۆممان نه‌کردووه‌، چونکه‌ ڕیفراندۆم به‌شێکه‌ له‌ ئامرازی دیموکراسیی و ئاشتیانه‌‌، گوزارشت له‌ مافی چاره‌نووس ده‌کات، بۆیه‌ ده‌بێت دوو شت جیابکه‌ینه‌وه‌ له‌یه‌ک ئه‌ویش بابه‌تی ده‌وڵه‌ت و ڕیفراندۆم، بینیمان ئامرازی ڕیفراندۆم ئه‌نجامه‌که‌ی خۆی گه‌یاند، که‌ ئیراده‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانه‌، ده‌مێنێته‌وه‌ چۆن ئه‌م ئیراده‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت واته‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت ئه‌ویش به‌بۆچوونی ئێمه‌ بەڕۆژێک و دوو رۆژ ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی تێکۆشانه‌ که‌ به‌به‌رزایی و نشێودا ده‌ڕوات و‌ ئێستا له‌ نشێوییه‌، بۆ بابه‌تی ڕاوێژکردن، نه‌خێر حکومه‌تی هه‌رێم ڕاوێژی به‌ئێمه‌ نه‌کردووه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک لیژنه‌یان دروست کردبێت له‌ هه‌ندێک ئاستدا بۆ دیراسه‌کردنی ئه‌م مه‌له‌فانه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش حزبی شیوعی نه‌خشه‌ ڕێگایه‌کی بڵاوکرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌ت چیبکات.

 

-بەبۆچی ئێوە ئەنجامی دانووستانەکانی هەولێر و بەغدا بە کوێ دەگات؟

 

"ئه‌گه‌ر ڕێککه‌وتنیش هه‌بێت وه‌ک ئه‌وانی پێشوو ده‌بێت"

 

- ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت پەیوەندییەکان ڕێکبخه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوری فیدڕاڵی عێراق ڕێکبخرێته‌وه‌ ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ش نین، بەڵام ئایا ده‌ستور جێبه‌جێ ده‌کرێت؟، به‌بۆچوونی خۆم نه‌خێر، چونکه‌ فیدراڵییه‌ت په‌یوه‌ندی به‌دیموکراسییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌م سیستمه‌ى عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای تائیفه‌گه‌ریی و به‌شبه‌شێنه‌ و دوور له‌ چه‌مکی هاوڵاتیبونە، ئا‌سته‌مه‌ بتوانێت فیدڕاڵیی جێبه‌جێ بکات، چونکه‌ خودی فیدڕاڵیه‌ت واتا‌ یه‌کێتی ئاره‌زوومه‌ندانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ هێزی زۆره‌ ملێ و فشاری وڵاتانی دراوسێ و هێزی ده‌ره‌کییه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕێککه‌وتنیش هه‌بێت وه‌ک ئه‌وانی پێشوو ده‌بێت، چونکه‌ قه‌یرانی عێراق قه‌یرانی ده‌وڵه‌ته‌، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌ته‌واوه‌تی گه‌لی کورد و عه‌ره‌ب به‌ئاشتیی پێکه‌وه‌ بژین ده‌بێت گه‌لی کورد بگاته‌ مافی چاره‌نووسی خۆی و ده‌وڵه‌تی هه‌بێت.

 

-سوپای تورک به‌رده‌وام و ئێرانیش ناوبه‌ناو، سنووره‌کانی هه‌رێم ده‌به‌زێنن، ئێوه‌ پێتان وایه‌ بۆ حکومه‌تی هه‌رێم بێ ده‌نگه‌؟ ئایا ئه‌رکى ئاسمانى هه‌رێم له‌ ئه‌ستۆى هه‌رێمه‌ یان ناوه‌ند؟

 

"له‌ پراکتیکدا عێراق ده‌وڵه‌تێک نییه‌ سه‌ره‌وه‌ى هه‌بێت"

 

کاوه‌ مه‌حمود: به‌پێى یاساى نێوده‌وڵه‌تى عێراق وه‌ک ده‌وڵه‌ت سه‌روه‌ریى خۆى هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت عیراق ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ بپارێزێت، بەڵام له‌ پراکتیکدا عێراق ده‌وڵه‌تێک نییه‌ سه‌روه‌ریی، هه‌بێت بۆیه‌ هه‌مووان به‌ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستوه‌ردان ده‌که‌ن، سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمى کوردستان، هه‌رێم پێویستی به‌سیاسه‌تێکی ده‌ره‌کی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌ له‌بازنه‌ی پێوه‌ره‌ نیشتمانییه‌ کوردستانییه‌کان، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ده‌توانێت ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هێرش و ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌کیانه‌ ببێته‌وه‌، به‌س جۆرێک ڕاستگۆیی دروستده‌کات له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆی.

 

- ده‌وڵه‌تی تورک هه‌وڵی داگیرکردنی عه‌فرین ده‌دات، هۆکاره‌که‌ی بۆچی ده‌گێڕنه‌وه‌؟

 

"ده‌یانه‌وێت نه‌وه‌ی داهاتوو بیر له‌ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌کاتەوە‌"

 

کاوە مەحمود: ئه‌وه‌ی له‌ عه‌فرین ڕووده‌دات دابڕاونییه‌ له‌وه‌ی، که‌ له‌ که‌رکوک روویداوه‌ هه‌مان عه‌قلیه‌ته،‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌رکوک بیانووی ڕیفراندۆم بێت، ئه‌وا له‌ عه‌فرین که‌س باسی ده‌وڵه‌تی نه‌کردووه‌ ته‌نها باسی فیدڕاڵیه‌ت ده‌که‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ دوو خاڵه‌ یه‌که‌م تێکڕای وڵاته‌ هه‌رێمایه‌تیه‌کان به‌عێراق و ئێران و تورکیاوه‌ له‌ژێر چاوپۆشی وڵاته‌ زلهێزه‌کاندا ده‌یانه‌وێت ڕێککه‌وتنى سایکس بیکۆ بمێنێت، چونکه‌ ده‌یانه‌وێت نه‌وه‌ی تازه‌ی کورد بیر له‌سه‌ربه‌خۆیی نه‌کاته‌وه‌، بۆیه‌ کاری ئێمه‌یه‌ په‌یامی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی بپارێزین و بیگه‌یه‌نینە نه‌وه‌ نوێکان ئه‌ویش به‌ پاراستنی یه‌کێتی و یه‌ک ڕیزی گه‌له‌که‌مان، له‌وه‌ زیاتر هیچیترمان نییه‌.

 

-ئه‌رکی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی باشوری کوردستان چییه‌، که‌ بۆ عه‌فرین ئه‌نجامی بده‌ن؟

 

"ده‌بێت نه‌خشه‌ى سیاسییان هه‌بێت"

 

کاوه‌ مه‌حمود: حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت شتێک بۆ عه‌فرین بکه‌ن سه‌ره‌تا ده‌بێت بۆ که‌رکوکی بکه‌ن، ده‌بێت نه‌خشه‌ی سیاسییان هه‌بێت، مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌ نییه‌ له‌دوو هه‌فته‌دا چیبکه‌ن بۆ عه‌فرین یان پێشمه‌رگه‌ بچێت بۆ ئه‌وێ تا شه‌ڕ بکه‌ن یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ شه‌ڕڤانان له‌وێوه‌ بێنه‌ که‌رکوک، مه‌سه‌له‌که‌ سیاسیته‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی باشور ده‌یانه‌وێت دڵسۆزبن بۆ عه‌فرین ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاوه‌ دڵسۆزبن بۆ که‌رکوک و دوز و ده‌شتی موسڵ .

 

-دۆخی هه‌ر چوارپارچه‌ى کوردستان ئاڵۆزه‌، که‌نه‌که‌ هه‌وڵی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دات، حزبی شیوعی تاچه‌ند پشتیوانی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ ده‌کات؟ تا چه‌ند به‌ گرنگی ده‌زانن؟

 

"له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌چوارچێوه‌ی دروشمدا ده‌مێنێته‌وه‌"

 

کاوه‌ مه‌حمود: کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی دڵسۆز و کوردپه‌روه‌ر له‌ گۆنگره‌ی ڕاوێژکاریی به‌شدارن، به‌س ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌کی واقع بینانه‌ سه‌یر بکه‌ین له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا و ناکۆکیه‌کان کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌چوارچێوه‌ی دروشم ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ نییه‌ شتێکی  ڕه‌وانییه‌، به‌ڵام دروشم شتێکه‌ و ئه‌نجامدانی شتێکی تره‌، پێویسته‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان سه‌یری بارودۆخی خۆیان بکه‌ن و چاره‌سه‌ری ئه‌و بارودۆخه‌ی خۆیان بکه‌ن، هێزه‌کانی باشوری کوردستان پێویسته‌ بارودۆخێکی ئاسایی دروست بکه‌ن ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێکی گرنگه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنی کۆنگره‌ی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin