Smiley face
Smiley face
Smiley face

Independent: تورکیا له‌ هێرشى سه‌ر عه‌فرین چه‌کدارانى داعش به‌کاردێنێت

2018-02-08 13:56:41



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ند هه‌واڵه‌کان


ماڵپه‌رى Independentى به‌ریتانى بڵاوى کردوه‌ته‌وه‌، که‌ ده‌وڵه‌تى تورکیا له‌ هێرشه‌کانى دژبه‌ عه‌فرین چه‌کدارانى داعشى کۆکردوه‌ته‌وه‌ و به‌کاریان دێنێت.


ئه‌مڕۆ ماڵپه‌رى Independentى به‌ریتانى له‌ ڕاپۆرتێکدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ کردوه‌، که‌ ده‌وڵه‌تى تورکیا چه‌کدارانى داعشى ڕێکخستوه‌ته‌وه‌ و په‌روه‌رده‌یان ده‌کات بۆ هێرشى سه‌ر عه‌فرین.


ماڵپه‌ره‌که‌ نوسیویه‌تى: "تورکیا چه‌کدارانى داعش ڕێکده‌خاته‌وه‌ و ڕاهێنانیان پێده‌کات بۆ شه‌ڕى داگیرکردنى عه‌فرین، که‌ ناوچه‌یه‌کى کوردییه‌ له‌ باکورى سوریا".


چه‌کدارێکى پێشووى داعش به‌ ناوى فه‌ره‌ج قسه‌ى بۆ ماڵپه‌ره‌که‌ کردوه‌ و ئه‌وه‌ى وتووه‌: "زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌ عه‌فرین ئێستا شه‌ڕ ده‌که‌ن له‌ دژى جه‌نگاوه‌رانى یه‌په‌گه‌، چه‌کدارى داعشن، به‌ڵام تورکیا ڕاهێنانى پێکردوون که‌ هێرشه‌ تاکتیکییه‌کانیان بگۆڕن".


فه‌ره‌ج که‌ هێشتا په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ گروپه‌ توندڕه‌وه‌کان ماوه‌ و له‌ باکورى ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا نیشته‌جێیه‌، باسى له‌وه‌ کردوه‌" تورکیا له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌ بۆ سه‌ر عه‌فرین هه‌وڵیدا خه‌ڵک بخه‌ڵه‌تێنێ به‌وه‌ى که‌ شه‌ڕ دژى داعش ده‌کات، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا تورکیا ڕاهێنان به‌ ئه‌ندامانى داعش ده‌کات و ده‌یاننێرێت بۆ عه‌فرین".


ماڵپه‌ره‌که‌ باسى له‌وه‌ کردوه‌، له‌ ٢٠ى مانگى ڕابردووه‌وه‌ نزیکه‌ى شه‌ش هه‌زار سه‌ربازى تورکیا و ١٠ هه‌زار سه‌ربازى سوپاى سوریاى ئازاد نێردراون به‌ره‌و عه‌فرین بۆ ده‌رکردنى جه‌نگاوه‌رانى یه‌په‌گه‌ له‌و ناوچه‌یه‌.


ئه‌وه‌شى وتووه‌، داعش توشى شکانێکى گه‌وره‌ بوو، دواى ئه‌وه‌ى له‌ عێراق موسڵى له‌ده‌ستدا و له‌ سوریاش ڕه‌قه‌ى لێسه‌ندرایه‌وه‌.


فه‌ره‌جى ته‌مه‌ن ٣٢ ساڵ باسى له‌وه‌ کردوه‌، که‌ ئه‌و که‌یفى به‌ یه‌په‌گه‌ نایات، به‌ڵام گومانێکى زۆرى هه‌یه‌ که‌ تورکیا داعش به‌کاردێنێت بۆ مه‌به‌سته‌کانى خۆى، "تورکیا وه‌کو کلێنسى ته‌والێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ داعش ده‌کات، دواى به‌کارهێنان فڕێى ده‌دات".


فه‌ره‌ج ئه‌وه‌شى وتووه‌، فه‌رمانده‌کانى سوپاى تورکیا هانى چه‌کدارانى داعشیان داوه‌ شێوازى خۆیان بگۆڕن، که‌ هێرشى خۆکوژیى و ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراوه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ بده‌ن چه‌کدارانى داعش ئه‌و شێوازه‌ هێرشانه‌ به‌کاربێنن، ئه‌وا زۆر زه‌قده‌بێته‌وه‌ که‌ ئه‌وانه‌ داعشن.


ماڵپه‌ره‌که‌ وه‌ک باکگراوندێک ئه‌وه‌ى نوسیوه‌، که‌ تورکیا له‌ دواى ساڵى ٢٠١١وه‌ په‌یوه‌ندییه‌کى باشى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ توندڕه‌وه‌کانى سوریا و ڕێگه‌ى بۆ خۆشکردوون به‌ ئاسانى سنوره‌کان تێپه‌ڕێنن.


ماڵپه‌رى Independentى به‌ریتانى باسى له‌وه‌ کردوه‌، بۆ ئه‌م ڕاپۆرته‌ هه‌وڵیانداوه‌ بۆچوونى باڵیۆزى تورکیا له‌ به‌ریتانیا وه‌رگرن، به‌ڵام وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه‌.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin