Smiley face
Smiley face
Smiley face

سنوور که‌ریم: ژنانى ڕۆژئاوا بوونه‌ته‌ جێگه‌ى سه‌رسامیی له‌ جیهاندا

2018-02-09 09:49:34



ڕۆژنیوز ـ سه‌میرا شه‌هابی


سنور که‌ریم چالاکوانى بوارى مافه‌کانى ژنان ده‌ڵێت، ژنانى ڕۆژئاواى کوردستان نه‌ک ته‌نها بۆ ژنانى کورد، به‌ڵکو بۆ جیهان بوونه‌ته‌ جێگه‌ى سه‌رسامیی.


له‌ به‌رخۆدانى عه‌فریندا ژنانى شه‌ڕڤان بوونه‌ته‌ به‌شێکى گرنگى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هێرشه‌کانى سوپاى تورک و چه‌ته‌کانى سه‌ربه‌ تورکیا، له‌و باره‌یه‌وه‌ سنور که‌ریم چالاکوانى بوارى مافه‌کانى ژنان بۆ ڕۆژنیوز ده‌دوێت.

 


سنوور که‌ریم ده‌ڵێت: ژنانی ڕۆژئاوا نه‌ک ته‌نیا بۆ ئێمه‌ی میلله‌تی کورد، جێگه‌ی سه‌رسامین، به‌ڵکو بوونه‌ته‌ پێشه‌نگ بۆ هه‌موو سیستمه‌کانی به‌ڕێوه‌بردن له‌ هه‌موو جیهاندا، ئه‌وان بوونه‌ته‌ نموونه‌یه‌کی زیندوو بۆ پراکتیزه‌بوونی فکر و ئیراده‌ی ڕاستینه‌ی ژن.


ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژئاوا هه‌یه‌ به‌رهه‌می فکری سه‌رۆک ئاپۆیه‌ که‌ به‌رهه‌مى ماوه‌ی ٤٠ ساڵى تێکۆشانی ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی کورده‌.


سنور که‌ریم زیاتر له‌ باره‌ى ژنانه‌وه‌ قسه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت: ژنان دووجار قوربانین، جارێک قوربانی کۆمه‌ڵگا، جارێکى دیکه‌ خۆیانن، که‌ خۆیان ده‌که‌نه‌ قوربانی و نه‌یانتوانیوه‌ پێگه‌ی خۆیان وه‌ک که‌سایه‌تی بناسن، واته‌ تا ژن که‌سایه‌تی و مێژووی خۆی نه‌ناسێت ناتوانێ پێش بکه‌وێت و ببێته‌ پاڵپشی ژنانی دیکه‌ش وه‌ک هێزی به‌رگریکردن.


به‌ بۆچوونى سنور "گرنگه‌ ژنان فکری سه‌رۆک ئاپۆ ته‌نیا له‌ پارچه‌یه‌کی دیاریکراودا قه‌تیس نه‌که‌ن، چونکه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌که‌ی وه‌لانێی و له‌ ڕووی ئازادیی ژنه‌وه‌ وه‌ریبگرین ئه‌وا خزمه‌تکردنه‌ به‌ ژن، ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رۆک ئاپۆ توانیویه‌تی بۆ ژنی بکات، به‌ هه‌موو فه‌یله‌سووف و زاناکانی دونیا نه‌یانتوانیوه‌ به‌و ئاسته‌ خزمه‌ت به‌ ژن بکه‌ن".


سنور زیاتر به‌رده‌وام بوو "له‌ کاتێکدا مێژووی پێنج هه‌زار ساڵه‌ ته‌نها سه‌رکووتکردن و لاوازبینینى ژن بووه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا و به‌و خه‌باته‌ی ژنانى ڕۆژئاوا له‌سه‌ر بنه‌مای فکری سه‌رۆک ئاپۆ، ئه‌و مێژووه‌ پڕ له‌ زوڵمه‌ی ده‌رحه‌ق به‌ ژن هه‌بووه‌، پووچه‌ڵ کراوه‌ته‌وه‌".


ده‌رباره‌ی خاوه‌ندارییه‌تیکردن له‌ عه‌بدولڵا ئۆجالان، سنور وتی: "به‌ هه‌زاران ژن له‌ دونیادا خاوه‌ندارێتی له‌ فکری ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌که‌ن و ئێمه‌ش ده‌بێ خاوه‌ن هه‌ڵوێست بین، چونکه‌ به‌ خاوه‌ندارێتیکردن له‌و فکره‌ ده‌توانین که‌سایه‌تی خۆمان به‌ره‌وپێش ببه‌ین".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin