Smiley face
Smiley face
Smiley face

گەرمیان، جوتیاران پەنا بۆ بارانی دەستکرد دەبەن

2018-02-10 12:18:40



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ و بۆتان 


بەشێک لە جوتیارانى سنوری گەرمیان بەهۆی بێ بارانییەوە و بۆ پاراستنی دەغڵودانەکانیان لە وشکبوون، ئامێری ئاوپرژێن بەکاردێنن، جوتیارێکیش دەڵێت: بەکارهێنانى ئەو ئامێرە لەو ناوچەیە تازەیە.


ئەمساڵ تا ئێستا بە ڕێژیەکی زۆر کەم باران لە هەرێمی کوردستان باریوە و ئەوەش مەترسی لای جوتیاران و خاوەن ئاژەڵەکان دروستکردوە، کە ئەمساڵ وشکەشاڵیی بێت.


نەبارینى باران و دەرکەوتنى نیشانەکانى وشکەساڵیی، واى لە بەشێک لە جوتیاران و خاوەن ئاژەڵەکانی گەرمیان کردووە، پەنا بۆ شێوازی دیکە بەرن، ئەوان ئێستا ئاوپرژێن بەکاردێنن بۆ ئاودانی زەوییە چێندراوەکانیان، بەتایبەت لەو زەوییانەى پێی دەڵێن (دەیم) واتە دوور لە ئاو، ئاوپرژێن بە زمانى عەرەبی پێی دەڵێن (مرشە)ە و بە زمانى ئینگلیزیش پێ دەڵێن (watering can).


محەمەد عەلی، جوتیار، سەبارەت بە بەکارهێنانى ئاوپرژێن، بە ڕۆژنیوزى وت: بەهۆی نەبارینى باران و دەرکەوتنى وشکەساڵیی، وەک جوتیاران بۆ ڕزگاربوون لە فەوتان و بەرهەمهێنانى ئەو تۆوەى چاندومانە، هانا دەبەینە بەر بەکارهێنانى ئاوپرژێن (مرشە)، بۆ ئەوەى هیچ نەبێ ئەو تۆوە لە فەوتان ڕزگار بکات، بە هەر شێوەیەک بێت بە چەند جارێک ئاودان، تۆوەکە دێتە بەرهەم. 

 


وتیشی: چەند دانەیەک لە ئامێر ئاوپرژێن دادەنرێت و لە ڕێگای بۆڕی پلاستیکەوە ئاوەکە بەسەر زەویەکەدا دەبارێت، ئاوەکەش جاری وا هەیە لە جۆگەیەکى نزیک زەوییەکەوە بە مولیدەى کارەبا دەگەیەنرێتە ئاوپرژێنەکان، ئەگەر زەوییەکەش ئاوى نزیک نەبێت، ئەوە لە بیرە ئیرتیوازییەکەناوە ئاوى بۆ دەگوازرێتەوە، بەم شێویە دەتوانرێت زەوییە چێندراوەکان لە وشکبوون بپارێزرێن. 


هەروەها ئیدریس حسێن، جوتیارێکى دیکەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز وتى:   ئەم ئامێرە زیاتر خاوەن ئاژەڵەکان پەنای بۆ دەبەن، لەوە دەترسن لە وەرزی بەهاردا هیچ خواردنێک نەبێت بۆ ئاژەڵەکانیان، بۆیە ئەو پارچە زەوییە، کە تۆویان کردووە بەم ئاوپرژێنە بێتە بەرهەم، ئەگەر  بە زوویى ئاوی زەویەکە لە ڕێگاى ئەم ئامێرە بە بەردەوامى بدرێت، ئەوە ئەو تۆوە لە فەوتان ڕزگاری دەبێت. 

 


ئیدریس حوسێن ئەوەشی وت: هەر ١٠ ڕۆژ جارێک ئاوى دەدەین ئەگەر باران نەبوو، ئەم شێوازە تێچویەکى زۆریشی تێ ناچێت، چونکە یەک جار دەیکڕیت بۆ چەند ساڵ بەکاریدێنیت، ئەم ئامێرە شتێکى تازەیە لای ئێمە بەکاردەهێنرێت لە لایەن جوتیارانەوە.


بەکارهێنانى ئامێری مرشە (ئاوپرژێن) لە سنوری ئیدارەى گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ سێ تا چوار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام لە ناوچەکانى خوار و ناوەڕاستى عێراق لە ساڵى ٢٠٠٠ بەدواوە، پەیدا بووە و جوتیاران بەکاری دەهێنن و سودیان لێ بینیوە.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin