Smiley face
Smiley face
Smiley face

نوێنەرانی ئاوارەکانی خورماتوو بە چەند داواکارییەکەوە چوونەوە بەغدا

2018-02-12 20:22:11



ڕۆژنیوز - هاوڕێ کرێکار

 

شاندێکی نوێنەرایەتیی هاوڵاتیانی شارۆچکەی خورماتوو سەردانی بەغدایان کردووە و داوای مانەوەی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و سەردانی لیژنەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانی خورماتوو کردووە، سەرۆکی شاندەکەش دەڵێت: بەڵینی مانەوەی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا-مان وەرگرتووە.

 

ئەمڕۆ، شاندێکی نوێنەرایەتیی هاوڵاتیانی خورماتوو-ی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، سەردانی شاری بەغدا-یان کرد و لەگەڵ سەلیم جبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حاکم زاملی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی دارایی و هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

 

مەلا هاوار شافیعی، سەرۆکی شاندەکە، بە ڕۆژنیوزی وت: لە سەردانی ئەمجارەماندا کۆمەڵێک داواکاریی جاواز لە داواکارییەکانی جاری یەکەممان ئاراستەی بەرپرسانی عێراق کرد.

 

 

ڕوونیشیکردەوە: داوای مانەوەی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا-مانکرد لە خورماتوو، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لایەنە تورکمانییەکانی خورماتوو دەستیان بە تۆمارکردنی سکاڵا کردووە، بۆ دەرکردنی ئەو هێزە لە شارۆچکەکە، هەروەها داوای ئەوەمان کرد، ئەو لیژنەیەی کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەسەر داوە سەردانی خورماتوو بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بە زووترین کات قەرەبووی هاولاتیان بکرێتەوە.

 

وتیشی: بە سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق-مان وت، کە ئەگەر هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە خورماتوو بمێننتەوە، ئەوە زۆربەی کوردانی خورماتوو دەگەڕێنەوە، لەبەرامبەردا حاکم زاملی پێی ڕاگەیاندین، کە ئەو هێزە لە شارۆچکەکە دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی خەڵک پێویستی پێبێت.

 

سەرۆکی شاندی نوێنەرایەتیی هاوڵاتیانی خورماتوو، ئەوەشی خستەڕوو: لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووینەوە بەڵێنیان پێداین، کە بەزووترین کات لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆببنەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin