Smiley face
Smiley face
Smiley face

عادل موراد: گه‌له‌کۆمه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى له‌سه‌ر کورد به‌رده‌وامه‌

2018-02-13 14:44:24



ڕۆژنیوز – دانا عومه‌ر

 

عادل موراد، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌کێتى ڕایگه‌یاند، که‌ گه‌له‌کۆمه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر کورد به‌رده‌وامه‌ و کوردیش به‌رگریى ده‌کات، ده‌شڵێت: پێویسته‌ ڕێگرییه‌کانى ده‌روازه‌ى سێمێلکا نه‌مێنێت.

 

ئه‌مڕۆ، شاندێکى کانتۆنى جزیره‌ی باکوری سوریا، کە پێکهاتبوو لە هیڤا عه‌ره‌بۆ هاوسه‌رۆکى کانتۆنى جزیره‌، ئەفرام ئیسحاق جێگری هاوسەرۆکایەتی کانتۆنی جزیرە، هۆشەنگ دەروێش، ئەندامی نوینەرایەتی ڕۆژئاوا – باکوری سوریا، سه‌ردانى عادل موراد، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان-یان کرد له‌شارى سلێمانى و گفتوگۆیان کرد له‌ باره‌ى دۆخى ڕۆژئاواى کوردستان و باشورى کوردستان و هێرشى سوپاى تورکیا بۆ شارى عه‌فرین.

 

 

عادل موراد، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند:"خۆشحاڵ بووم به‌ پێشوازى کردن له‌م شانده‌ى ڕۆژئاواى کوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ى که‌ نوێنه‌رى ئه‌و شه‌ڕڤانانه‌ن، که‌ له‌ ڕۆژئاواى کوردستان به‌رگریى له‌ عه‌فرین ده‌که‌ن، دووهه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ى که‌ نوێنه‌رى پێکهاته‌کانى ڕۆژئاواى کوردستان له‌ شانده‌که‌دا هه‌یه‌".

 

 

وتیشى:"شه‌ڕڤانان له‌ ناوچه‌یه‌کى بچوکه‌وه‌ به‌ره‌نگاریى توررکیایه‌کى زلهێز ده‌بنه‌وه‌، ئه‌و به‌رخۆدانه‌ و ئه‌و شێوازه‌ حوکمڕانیه‌ى که‌ ئێستا له‌ ڕۆژئاوا ده‌بیندرێت ئه‌زمونێکى نوێى حوکمڕانییه‌ که‌ هه‌موو پێکهاته‌کانى کۆکردووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌و ئه‌زمونه‌ له‌هه‌موو سوریادا په‌یڕه‌و بکرێت".

 

عادل موردا، ئاماژه‌ى به‌ خه‌ونى ئه‌ردۆغان کرد بۆ زیندووکردنه‌وه‌ى خه‌لافه‌تى عوسمانیى و وتى:"ده‌سه‌ڵاتدارانى تورکیا ده‌یانه‌وێت خه‌لافه‌تى عوسمانیى له‌ سوریا و عێراق زیندوو بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و خه‌ونه‌ ده‌چێته‌ گۆڕه‌وه‌، جوڵانه‌وه‌ى گه‌لانى عه‌ره‌ب و کورد و نه‌ته‌وه‌کانى تر ئه‌وه‌ له‌ تورکیا قبوڵ ناکه‌ن".

 

ناوبراو، داواى له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد، کە ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان به‌ڕووى ڕۆژئاوادا بکاته‌وه‌ و وتى:"پێویسته‌ ڕێگریه‌کانى ده‌روازه‌ى فیشخابور -سێمێلکا نه‌مێنێت، دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێگریانه‌ نه‌مێنێت خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان هه‌ر به‌پێ ده‌ڕۆن بۆ هاوکاریى عه‌فرین و ڕۆژئاواى کوردستان".

 

سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌کێتى ئاماژه‌ى به‌ به‌رده‌وامى گه‌له‌کۆمه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سه‌ر گه‌لى کورد کردو وتى:"ئیسرائیل و ئه‌مریکا و هه‌ندێک وڵاتى تر ئۆجالانیان ده‌ستگیر کرد، ده‌نا تورکیا ئه‌و توانایه‌ى نه‌بوو ئۆجالان ده‌ستگیر بکات، ئه‌و گه‌له‌کۆمه‌یه‌ى بۆ گرتنى ئۆجالان کرا له‌سه‌ر کورد هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و کوردیش هه‌ر به‌رگرى ده‌کات".

 

عادل موراد، باسی لە تێکچوونی ئامانجی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانیشی کرد و وتی:"به‌گرتنى ئۆجالان په‌که‌که‌ و گه‌لى کورد به‌هێزتر بوو، چونکه‌ فه‌لسه‌فه‌کانى ئۆجالان فه‌لسه‌فه‌ى خه‌ڵکه‌ و له‌ناو خه‌ڵکه‌وه‌ هاتووه‌، وه‌ک فه‌یله‌سوفێک نییه‌ که‌ له‌یۆنانه‌وه‌ قسه‌ى کردبێت".

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin