Smiley face
Smiley face
Smiley face

هیڤا عه‌ره‌بۆ: عه‌فرین مێژوویه‌کی نوێ بۆ گه‌لان تۆمار ده‌کات

2018-02-14 17:12:40



ڕۆژنیوز - بۆتان گه‌رمیانی


ده‌زگای ڕۆشنبیری ئاران له‌ ڕزگارى ده‌رباره‌ی هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک و به‌رخۆدانی گه‌لی عه‌فرین، سیمینارێکیان بۆ هیڤا عه‌ره‌بۆ ڕێکخست له‌ سیمیناره‌که‌دا عه‌ره‌بۆ وتى، عه‌فرین مێژوویه‌کى نوێ بۆ گه‌لان تۆمار ده‌کات.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ هۆڵی سیمیناری بینای ده‌زگای ڕۆشنبیری له‌ شاره‌دێی ڕزگاری سه‌ربه‌ شارۆچکه‌ی که‌لار-ی ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، ده‌زگای ڕۆشنبیری ئاران سیمینارێکیان بۆ هیڤا عه‌ره‌بۆ هاوسه‌رۆکی کانتۆنی جزیره‌ له‌ ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخست.


سیمیناره‌که‌ ده‌رباره‌ی هۆکاری هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک بۆ سه‌ر کانتۆنی عه‌فرین بوو، هه‌روه‌ها بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان و به‌رخۆدانی گه‌لی عه‌فرین و ئه‌و پرۆژه‌ و سیستمه‌ی که‌ له‌ ڕۆژئاوای کوردستاندا هه‌یه‌.

 

هێڤار عه‌ره‌بۆ له‌ سیمیناره‌که‌دا وتی:" کاتێک ئێمه‌ پرۆژه‌ی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیمان پێشخست له‌ ڕۆژئاوا و باکوری سوریا، گه‌لانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کان به‌ده‌نگ ئه‌م سیسته‌مه‌وه‌ هاتن و به‌ گیانی خۆیان پێشوازیان لێکرد بۆ چه‌سپاندنی، چونکه‌ ڕه‌نگی خۆیان و ژیانی ئازادیان تێدا ده‌بینی، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین شۆڕشی ڕۆژئاوا ته‌نیا شۆڕشی ڕزگارکردنی خاک نه‌بوو، به‌ڵکو شۆڕشی زهنی و فکری و کۆمه‌ڵایه‌تی بوو به‌ پێشه‌نگایه‌تی گه‌لی کورد".

 


ئه‌وه‌شى وت: هه‌ربۆیه‌ ده‌وڵه‌تی تورک هه‌موو ڕێگایه‌کی گرته‌به‌ر بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و سیسته‌مه‌م و شۆڕش و ده‌ستکه‌وتانه‌، چونکه‌ له‌وه‌ ترسا که‌ دوای ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی دیموکراتی له‌ ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا سه‌رکه‌وێت، گه‌لی تورکیاش داوای ئه‌و سیسته‌م و پرۆژه‌یه‌ بکات له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌گه‌زپه‌رست و نه‌ته‌وه‌په‌رست و ئیخوانیستی ئه‌ردۆغان ڕاپه‌ڕن، ئه‌وه‌بوو سه‌ره‌تا به‌ گروپی تیرۆرستی وه‌کو داعش و هاوتاکانی، هێرش و ده‌ستدرێژی سه‌ر ڕۆژئاوایان کرد، به‌ڵام دوای تێکشکاندنی ئه‌فسانه‌ی داعش له‌ کۆبانێ، تورکیا هیچ کارتێکی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ما ناچار به‌ ڕاسته‌وخۆیی خۆی هێرشی سه‌ر کانتۆنی عه‌فرینی ده‌ستپێکرد". 


وتیشى: "ئێمه‌ هه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژی به‌رخۆدانی عه‌فرینه‌وه‌ خۆمان به‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌زانین، چونکه‌ ده‌بینین که‌ تورکیا به‌ ته‌واوی هێز و چه‌ک و فڕۆکه‌ و تانکییه‌وه‌ هێرشی سه‌ر عه‌فرین ده‌که‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ ئیراده‌ی گه‌لی عه‌فرین بشکێنن، چونکه‌ گه‌لی عه‌فرین گه‌لێکی به‌ ڕه‌نجن و ده‌ستبه‌رداری ڕه‌نجی خۆیان نابن و مێژوویه‌کی نوێ بۆ گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تۆمار ده‌که‌ن". 


دواتریش به‌ پرسیارکردن و گفتوگۆى کراوه‌ سیمیناره‌که‌ کۆتایی پێهات.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin